لەسەر درەنگ گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، موقتەدا سەدر هەڕەشە دەکات و حكومەتی عێراق بە كەمتەرخەم دەزانێت، داواش دەكات، پێدانی ڤاكسین لە گەڕەك و ناوچە ھەژارەكانەوە دەستپێبكات.
لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر نوسیوویەتی " کەمتەرخەمی ئاشکرا، لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆنا، لەلایەن حکومەتەوە هەیە، ئەگەر لە کاتی خۆیدا نەگات، بۆیە هەڵمەتێکی پەرلەمانی بەهێز بۆ لێپرسینەوە و بەدواداچون لەسەر ئەو بابەتە دەستپێدەکەن".
سەدر ئاماژەی بەوەشكردووە کاتێک ڤاکسین بەبێ بەرامبەر دەدرێتە هاووڵاتییان، مانای ئەوە نییە دەستی گەندەڵکارانی تێدا نییە و پارەی گەل نادزن، یان لە بازاڕ نایفرۆشن، یاخود بەشێوەیەکی نایاسایی نایدەن بە خەڵک".
رێبەری رەوتی سەدر داواشیکردووە "پێشتر ناو بۆ ڤاکسین کردن تۆمار بکرێت و لەگەڕەک و ناوچە هەژارەکانەوە دەست بە هەڵمەتی کوتان بکرێت هەروەها هەڵمەتی هۆشیاری بەردەوام بێت چونکە وەرگرتنی ڤاکسین بەواتای کۆتاییهاتنی پەتاکە نایەت و بەستنی دەمامک و خۆپارێزی وەک رێکارێکی خۆپارێزی پێویستە بەردەوام بن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.