Erbil 38°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 10:54

نێچیرڤان بارزانى سه‌رکۆنه‌ى هێرشى سه‌ر بنکه‌ى عه‌ینولئه‌سه‌د ده‌کات

کوردستان TV
#7
100%

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ركۆنه‌ى هێرشى سه‌ر بنكه‌ى عه‌ینولئه‌سه‌د كردو رایگه‌یاند: داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌ و گه‌لانى‌ عێراق ده‌كه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرش و په‌لامارانه‌ بێنه‌ ده‌نگ و ڕێگه‌ نه‌درێت له‌سه‌ر حیسابى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و داهاتووى ئه‌وان، عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانى پێكدادان.

زۆر به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كییه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى به‌ سه‌ركردایه‌تیى ئه‌مه‌ریكا له‌ بنكه‌ى عه‌ینولئه‌سه‌دى ئاسمانى له‌ پارێزگاى ئه‌نبار له‌ عێراق كرده‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا به‌ڵێنده‌رێك گیانى له‌ ده‌ست دا. سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى قوربانییه‌كه‌ ده‌كه‌م، له‌م كاته‌ سه‌خته‌دا هاوسۆز و هاوخه‌میانم.

دووباره‌بوونه‌ى به‌رده‌وامى په‌لاماردان و هێرش له‌سه‌ر هێزى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش كه‌ له‌سه‌ر داواى حكوومه‌تى عێراقى فیدرأڵ بۆ پشتگیرى و هاوكاریكردنى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر له‌ عێراقن، به‌ ته‌واوى دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى عێراقه‌ و ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات و ئێستا و داهاتووى ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌وه‌.

بێگومان عێراق له‌ دۆخى ئێستایدا هێشتا پێویستى به‌ به‌رده‌وامیى هاوكارى و یارمه‌تیدانى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تییه بۆ ڕێگرى له‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ى داعش و له‌ناوبردنى یه‌كجاره‌كیى ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌ى ڕۆژ به‌ ڕۆژ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كه‌ى زیاتر ده‌بێت و كرده‌ سه‌ربازییه‌كان و جموجووڵه‌ تیرۆرستییه‌كانى فراونتر ده‌بن.

داوا له‌ حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌ و گه‌لانى‌ عێراق ده‌كه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرش و په‌لامارانه‌ بێنه‌ ده‌نگ و ڕێگه‌ نه‌درێت له‌سه‌ر حیسابى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و داهاتووى ئه‌وان، عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانى پێكدادان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ململانێكان.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/3/3

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.