Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 14:15

سەرۆک بارزانی: بە هیچ شێوەیەک نابێ ئامانج و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین بە لاڕێدا ببرێن

کوردستان TV
#7
100%

سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند: ئامانجی ڕاپەڕین گەڕاندنەوەی خاك و ماف بوو بۆ گەلی كوردستان كە ماوەیەكی زۆر بوو بە زەبری ئاگر و ئاسن و زۆرداری لە خەڵكی كوردستان زەوت كرابوو.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆك بارزانی:

بە ناو خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سییەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم چینوتوێژ و هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم.

ڕاپەڕین، ڕەتكردنەوەی ستەم و داگیركاری بوو و، لە هەمانكاتیشدا هەنگاوێكی مەزنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد بوو بۆ دەستپێكی قۆناغێكی گرنگ لە خەباتی گەلەكەمان.

ئامانجی ڕاپەڕین گەڕاندنەوەی خاك و ماف بوو بۆ گەلی كوردستان كە ماوەیەكی زۆر بوو بە زەبری ئاگر و ئاسن و زۆرداری لە خەڵكی كوردستان زەوت كرابوو.

ڕاپەڕین بۆ ئەوە بوو  گەلی كوردستان بتوانێ لەسەر خاكی خۆی و لە چوارچێوەی پڕۆسەیەكی دیموكراتی و دامەزراندنی دامودەزگەی شەرعی، ئازادانە مافەكانی خۆی پیادە بكات.

لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بۆ تاهەتایە بەرز و بەرقەرار بمێننەوە و، بە هیچ شێوەیەك نابێ ئامانج و دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین بە لاڕێدا ببرێن و لە بابەتی لاوەكی و سنوورداری تردا بچووك بكرێنەوە.

گەلی كوردستان خەباتی كرد و خوێنی دا و ڕاپەڕی بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بژیێت و، هەر كەس و لایەنێكیش بیەوێت لە بەها و ئامانجەكانی ڕاپەڕین كەم بكاتەوە لە ڕاستیدا ناپاكی لە خوێنی شەهیدان و دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دەكات.

لە بەرانبەریشدا بە سەدان هەزار ڕۆڵەی کوردستان  ئامادەن بەرگری لە ئامانج و بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین بکەن.

مسعود بارزانی
5ـی ئاداری 2021

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.