Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 12:56

پزیشکێکی کورد لەخێرا بڵاوبوونه‌وه‌ی کۆرۆنای نوێ هۆشداری ده‌دات

کوردستان TV
100%

پسپۆری ڕاوێژكاری نه‌خۆشیه‌كانی هه‌ناو له‌به‌ریتانیا هۆشداری له‌ خێرا بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و ده‌ڵێت: تکام لە کوردستانیانی خۆشەویست ھەیە کە مەترسی ئەو ڤایرۆسە بەھەند وەرگرن.

دكتۆر عارف گۆران پسپۆری ڕاوێژكاری نه‌خۆشیه‌كانی هه‌ناو لەندەن له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نوسیویه‌تی: (دۆخی ئێستای کوردستان و کۆرۆنا).

من وەک دکتۆرێکی کورد لە دەرەوەی کوردستان ئەوەی لەتوانامدابوو لە شەپۆڵی یەکەمی کۆرۆنا ھاوکاری تووشبوانی کوردستانم کرد و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری نەخۆش بۆ ماوەی چوار مانگ لەسەر ھێڵ بووم ، بەھیچ شێوەیەک بڕوام بە تۆقاندنی خەڵک نییە، بەڵام باسکردنی ڕاستیەکان و ھۆشیارکردنەوەی خەڵک لە ڕاستیەکان وەک پزیشکێک بە ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی دەزانم.

جێگای خۆشحاڵیمه‌ لە ماوەی دوو مانگی رابردوو بەدەگمەن پەیوەندیم بۆ دەھات لە کوردستان، بەڵام تەنھا لە ماوەی شەش ڕۆژی رابردوو 85 نەخۆش لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان پەیوەندیان پێوەکردووم، کە نیشانەی کۆڕۆنایان ھەبووەو ھەندێکیان پشكنینی پی سی ئاریان پۆزەتیڤ بووە . جا ئەگەر ئەو ژمارە پەیوەندیە وەک پێوەرێک بەکاربھێنین ئەوە دەگەیەنێت، کە ژمارەی تووشبوان بە رێژەیەکی بەرچاو لە زیادبوونەو یٔەگەری شەپۆلێکی تر لە ئارادایە . حەزم کرد چەند خاڵێک باس بکەم کە بەشێکیان لە رابردوو لە پۆستەکانم باسم کردووە، بەڵام وەک بە بیرھێنانەوەیەک پێم باشە جارێكی تر باسیان بکەمه‌وه‌:

یه‌كه‌م: کۆرۆنای گۆڕاو جۆری بەریتانی گەیشتۆتە ئێران و عێراق و کوردستان ، بەگوێرەی شارەزایانی ڤایرۆس ئەو جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسەکە لە بەشی ھەری زۆری وڵاتان زیاد دەکات و ئەگەری ئەوە ھەیە ببێتە جۆری سەرەکی ڤایرۆسەکە لە سەرانسەری جیھان.

دووه‌م: ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو ھەمان نیشانەکانی جۆری کۆنی ڤایرۆسەکەی ھەیەو ھیچ گۆرانکاری بەسەردا نەھاتووە. ئەو دەرمان و رێکارانەی چارەسەری پێشتر بەکارھێنراوە ھەمان کاریگەری ھەیە لەسەر کۆرۆنای گۆڕاو .

سێیه‌م: ئەوەی لە جۆری گۆراوی ڤایرۆسەکە تێبینی کراوە کە خێراتر بڵاودەبێتەوەو بە رێژەیەکی زیاتر تووشی منداڵ و گەنجەکان دەبێت.

چواره‌م: جۆری گۆراوی ڤایرۆسەکە کوشندەتر نییە بە بەراورد لەگەڵ کۆرۆنای کۆن ، بەڵام ئێوەی تێبینی کراوە بە شێوەیەکی گشتی ئەو کەسانەی پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشانە ھەیە دە ساڵ گەنجترن بە بەراوردکردن لەگەڵ جۆری یەکەمی کۆرۆنا.

پێنجه‌م: ھەندێک لە ھاوکارەکانم لە کوردستان لەو باوەرەدان کە ڤایرۆسەکە بێھێزتر بووە، چونکە لە کاتی ئێستادا ژمارەیەکی کەم لە تووشبووان پێویستیان بە چارەسەری وەرگرتنە لە نەخۆشخانە ، دیارە ئەوەش بۆچونێکی ھەڵەیە، چونکە ئێمە دەزانین کە ئەو کەسانەی تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن دوای دوو ھەفتە لە تووشبون نارەحەت دەبن و پێویستیان بە ئۆکسجین و چارەسەری لە نەخۆشخانە دەبێت .

شه‌شه‌م: ئه‌وەی جێگای داخە عێراق و کوردستان لەبەر زۆر ھۆکار تاکوو ئێستا نەیانتونیووە وەک پێویست رێژەیەکی باش ڤاکسین دابین بکەن، بۆیە واپێدەچێت چەند مانگێکی پێویستە بۆ ئەوەی رێژەیەکی بەرچاو لە خەڵک بکوترێن بۆ ئەوەی رێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کەم بێتەوە.

حه‌وته‌م: من ھاوڕام کە ژیان دەبێت بەردەوام بێت، بەڵام گرنگە کە خەڵکی پەیرەوی رێکارەکانی خۆپاراستن بن و حکومەت و وەزارەتی تەندرووستی لە کاتی گونجاو بریاری گونجاو بدات.

هه‌شته‌م: ھاتنی نەورۆز و بەھار ، یٔەگەری بەرکەوتن زیاتر دەکات بە ھۆی قەڵەبالغی، بۆیە دەبێت خەڵکی تاکوو دەکرێت خۆیان بەدوور بگرن لە تێکەڵبوونی بە کۆمەڵ.

تکام لە کوردستانیانی خۆشەویست ھەیە کە مەترسی ئەو ڤایرۆسە بەھەند وەرگرن و تاکو دەکرێت خۆیان بپارێزن، وەک ھەمیشە کە باسمان کردووە ، لە کاتی دەرچوون لە ماڵەوە دەمامک بەکاربھێنن، ئەگەر کاری پێویستت نییە سەردانی شوێنی قەڵەبالغ مەکەن. ھەوڵ بده‌ن دووری دوو مەتر رابگرە لە نێوان خۆت و خەڵکانی تر . با بەیەکەوە ئەو چەند مانگەیە بەرێبکەین تاکوو بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ڤاکسین وەردەگرن و مرۆڤایەتی لەو ڤایرۆسە نەگریسە دەربازی دەبێت.

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.