کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، به پێنج زمانی (سۆرانى/ܣܘܼܪܝܵܝܵܐ/ بادینى/عربی/English ) بەبۆنەی هاتنی پاپا فرانسیس بۆ هەولێر، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەبارەی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ هەولێر پهیامێكی بڵاوکردوەتەوە، هاتووه: زۆر خۆشحاڵین بە بینینی گەیشتنی مێژوویی پاپا بە هەرێمی کوردستان. ئەم سەردانە مێژووییەی پاپا هەنگاوێکی ترە بە ئاڕاستەی برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان خاوەن بیروباوەڕە جیاوازەکان.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەسەر پشتیوانیکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لەخۆگرتنی سەرجەم ئایینەکان و قبوڵکردنی هەموو بیروباوەڕە جیاوازەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی جیهان.
شایهنی باسه سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، قهداسهتی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. له رێورهسمێكی گهرم و گۆڕ و شایستهدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازییان لە قهداسهتی پاپا فرانسیس کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.