Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 22:52

سعوودییه‌: ئێران له‌ پشت هێرشه‌کانه‌وه‌یه‌ بۆ چه‌ند ده‌زگه‌یه‌کی په‌ترۆڵی

کوردستان TV
#21
100%

پاش ئه‌و زنجیره‌ هێرشانه‌ی حووسییه‌كان له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ كردیانه‌ سه‌ر سعوودییه‌، وه‌زاره‌تی به‌رگریی سعوودییه‌ ئێرانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ فڕۆكه‌ی درۆن و مووشه‌كی بالیستی به‌ گرووپی ئه‌نساروڵڵای حووسی داوه‌ له‌ یه‌مه‌ن.

له‌و باره‌وه‌ توركی مالكی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری سعوودییه‌و هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به‌ فه‌رمانده‌یی سعوودییه‌ له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان بۆ ڕای گشتی و بۆ كۆمه‌لی نێوده‌وڵه‌تییان ڕوون كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ مووشه‌كی بالیستی و فڕۆكه‌ی درۆن له‌ سیستمی شه‌ڕ له‌ سوپای یه‌مه‌ندا نییه‌ و ئه‌م چه‌كه‌ جۆره‌كییه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ به‌ قاچاخ ده‌گه‌یه‌نرێنه‌ میلیشیا حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن.

مالكی پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش كرد كه‌ ئه‌وه‌ وای كردووه‌ ته‌كنیككارو شاره‌زایانی پاسدارانی ئێران هه‌ڕه‌شه‌ بۆ‌ ئاسایشی یه‌مه‌ن و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری دروست بكه‌ن.

گوتیشی میلیشیا حووسییه‌كان به‌پێی بڕیاری سیاسی و سه‌ربازی پاسدارانی ئێران ده‌جووڵێنه‌وه‌و ده‌كۆشن ئه‌م هێرشه‌ تیرۆریستییانه‌ بده‌نه‌پاڵ خۆیان، به‌ڵام هیچ ده‌وڵه‌تێكی نه‌یار له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌و ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ ئه‌و ئازایه‌تیچه‌ی نییه‌ به‌ ئاشكرا ڕایبگه‌یه‌نێت كه‌ ده‌ستدرێژی كردووه‌ته‌ سه‌ر سعوودییه چونكه‌ سعوودییه‌ هێزو توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ هه‌ڕه‌شانه‌دا بكات.

هه‌ڵبه‌ت میلیشا حووسییه‌كان ڕایانگه‌یاندبوو كه‌ به‌ فڕۆكه‌ی درۆن و مووشه‌كی بالیستی هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند ده‌زگه‌یه‌كی په‌ترۆڵی له‌ به‌نده‌ری ڕه‌ئس ته‌نووره‌و كومپانیای ئارامكۆ له‌ شاری زه‌هران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی سعوودییه‌.

 

كوردستان TV

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.