Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 14:33

بەیاننامەی یٔەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان بە بۆنەی ڕزگارکردنی بادینان

کوردستان TV
100%

ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووك-گەرمیان بە بۆنەی ڕزگارکردنی بادینان لە ١٤-٣-١٩٩١به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ڕایگه‌یاند: پیرۆز بێت یادی ڕزگارکردنی دھۆك و زاخۆ و گشت بادینان سڵاو لە ڕۆحی پاکی باوکی نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانی کە لەڕۆژی ھاتنی بۆ دنیا بادینان ڕزگار کرا.

 

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

پێشەکی سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان و شەھیدانی ئەنفالکراو سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان سڵاو بۆ روحی پاکی ئەستێرەی بەرز و گەشی ئاسمانی کوردایەتی مستەفا بارزانی و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زندوو سەرەڕای سەختی و دژواریی بارودۆخی ئەو سەردەمەی کوردستان، بە چۆڵکردنی شریتی سنووری کوردستانی باشوور لەگەڵ سنوورەکانی تورکیا و ئێران و، پرۆسەی نەنگی ئەنفال و کیمیابارانی کوردستان و، کۆتاییھاتنی شەڕی عێراق و ئێران و، لەخۆباییبوونی ڕژێمی دیکتاتۆری بەغدا، پێش داگیرکردنی کوەیت، لە لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارمان دا بچینەوە ناو کوردستان و بە شێوەی پارتیزانی لەسەر خاکی کوردستانی داگیرکراو دەس بە نوێژەنکردنەوەی ڕێکخستنەکانی سیاسی و سەربازی بکەین و ھەڵمەت بەرینە سەر ھێزەکانی داگیرکەران لە سنووری لقی یەکی پارتیمان لە بادینان و، ناوچەکەیان لێ پاك بکەینەوە.

دوای ماوەیەک کارکردن بە باوەڕی تەواو بە خۆ و، بە ڕەوایەتیی پرسی کوردستان و، باوەڕ بە سەرکەوتن، توانیمان ڕێکخستنی زۆر باش و بەھێز لە پارێزگای دھۆك و قەزا و ناحیەکانی دابمەزرێنین و، پەیوەندی باشیش لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پێشووی ناوەوەی پارتیمان دروست بکەینەوە و، ھێڵی پەیوەندی دابنێین و، لەگەڵ کەسایەتی و سەرۆك عەشیرەتەکانی ناوچەکەش پەیوەندیەکی باش دابنێین و، ئەوانەشی کە لەو کاتەدا چەکداری ڕژیم بوون بۆ لای خۆمان ڕایان بکێشین و، وامان کرد دژ بە ڕژێم ڕۆڵیان ھەبێت.

پێشمەرگە ھەڵۆکانی لقی یەکی پارتیمانیش لە ھەموو شوێنێك زۆر ئازایانە و مەردانە دەستیان لە داگیرکەران دەوەشاند. دوای کۆتاھاتنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، عێراق بووبووە خاوەن سوپایەکی زۆر و پڕچەك کە ئەگەری هەبوو ببێت بە هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر حوکمڕانییەکەی بەعسی دیکتاتۆر، بۆیە دەبوو ڕژیم خۆی لێ ڕزگار بکات و ژمارەی کەم بکاتەوە و چەکی بکات، یا تووشی شەڕێکی دیکەی ھەرێمیی بکات.

ئەوە بوو لە ٢-٨-١٩٩٠ بە فەرمانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس کوەیت لە لایەن سوپای عێراقەوە داگیر کرا و، بەمەیش زەمینە بۆ ڕزگارکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان لە داگیرکەران گونجاوتر بوو. لەو کاتەشدا بەرەی کوردستانی لە گشت لایەنە سیاسییەکانی ناو کوردستان پێك ھاتبوو و، زوڵمی ڕژێمی بەعس و سەدامی دیکتاتۆر بووبووە ھۆی ئەوەی ھەموو دڵسۆزێکی ئەم نیشتمانە ئارەزووی نەمانی ئەو ڕژیمە دیکتاتۆرە و سەدامی دیکتاتۆر بکەن و، باوەڕی تەواویان بە پێشمەرگە و سەرکردایەتیی شۆڕش ھەبێت .

ئەو کاتە ڕێزدار مسعود بارزانی سەرۆکایەتیی بەرەی کوردستانی و سەرپەرەشتیی سەرھەڵدانی لە ناوەوەی کوردستان دەکرد و ڕێزدار خوالێخۆشبوو مام جەلالیش لە دەرەوەی وڵات کاری دیبلۆماسیی دەکرد.

ئێمەیش لە لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر بە فەرمانی ڕێزدار جەنابی سەرۆك بارزانی چووبووینەوە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان لە ناوچەی بادینان، پلانی ڕزگارکردنی دھۆك و گشت ناوچەی بادینانمان داڕشت و ڕۆژی ھاتنەدنیای سەرۆکی نەتەوەیی کورد نەمر مستەفا بارزانی- مان بۆ ئەو مەبەستە دیاری کرد، کە لە ١٤-٣-١٩٩١ لەو ڕۆژەدا بادینان بەتەواوەتی ڕزگار بکەین. بە ناردنی مەفرەزەکانی پێشمەرگەی پارتیزان و جێگیرکردنیان بە پشتیوانی و ھەماھەنگیی ڕێکخستنەکانی ناو شاری دھۆك و قەزا و ناحیەکان زەمینەمان ئامادە کرد و، پاش لادانی چەند سوپا و فەوجێکی سەربازیی ڕژێم لە سەر ڕێگای ھێزی لقی یەك، کە لە چەم جوو و ئەترافی ھەبوون، لە ١٣-٣-١٩٩١ لەلایەن پێشمەرگە سەربەرزەکانی لقی ١ - تێکۆشەر دەستگیر کران و، ناردنی مەفرەزەی زیاتری ھێزەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ ناو شارەکان و، دیاریکردنی کاتژمێر سفر بۆیان بۆ دەسپێکی ھەڵمەت، لە ١٤-٣-١٩٩١ لەگەڵ ھەڵمەتی پێشمەرگە سەربەرزەکانی پارتی بۆ سەر داگیرکەران، دەنگی گولە و ئارپیجی وەکو بڵێسەیەک بوو بۆ ھەڵمەتی ھێزی لەبننەھاتووی گەلی کوردستان لە ھەموو بادینان.

ھەموو کچ و کوڕ و پێشمەرگە و ھاووڵاتی بە شادی دامودەزگاکانی ڕژیمیان لە بن ھەڵتەکاند و دھۆك و گشت بادینان ئازاد کران. لێرەدا سوپاسی ڕادیۆی دەنگی کوردستان دەکەین کە ڕۆڵێکی یەکجار زۆریان ھەبوو لە گەیاندنی دەنگی ھەق و ھەواڵە دروستەکان بە جەماوەری سەربەرزی کوردستان.

پیرۆز بێت یادی ڕزگارکردنی دھۆك و زاخۆ و گشت بادینان سڵاو لە ڕۆحی پاکی باوکی نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانی کە لەڕۆژی ھاتنی بۆ دنیا بادینان ڕزگار کرا.

 دکتۆر کەمال کەرکووکی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووك -گەرمیان

 

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.