Erbil 38°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 08:51

نێچیرڤان بارزانى: با هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کان له‌خۆبورده‌ بین، بۆ ئاینده‌یه‌کى باشترى کوردستان پێکه‌وه‌ کار بکه‌‌ین

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌، رایگه‌یاند: پیرۆزباییى تایبه‌ت، سوپاس و پێزانین بۆ ته‌واوى تیمه‌ پزیشكى و ته‌ندروستییه‌كان و هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ كه‌ بۆ ساڵى دووهه‌م له‌ به‌ره‌ى پێشه‌وه‌دان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤیدى نۆزده‌ و گیان و سه‌لامه‌تیى هاووڵاتییان ده‌پارێزن. ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

كوردستانییانى خۆشه‌ویست..

جه‌ژنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى تازه‌ى كوردى له خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، گه‌لى كورد و ته‌واوى كوردستانییان له‌ وڵات، له‌ هه‌نده‌ران، له‌ هه‌ر كوێ بن، له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ پیرۆز ده‌كه‌م، له‌ هه‌موو ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ش پیرۆز بێت كه‌ جه‌ژنى نه‌ورۆز ده‌گێڕن، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

پیرۆزباییى تایبه‌ت، سوپاس و پێزانین بۆ ته‌واوى تیمه‌ پزیشكى و ته‌ندروستییه‌كان و هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ كه‌ بۆ ساڵى دووهه‌م له‌ به‌ره‌ى پێشه‌وه‌دان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤیدى نۆزده‌ و گیان و سه‌لامه‌تیى هاووڵاتییان ده‌پارێزن. ئه‌وان خزمه‌تێكى گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، ده‌ستى ماندوونه‌بوونیان ده‌گوشم.

به‌ ڕێزه‌وه‌ یادى هاوكارانیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌م پێناوه‌دا گیانیان به‌خشى، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ به‌و په‌تایه‌ گیانیان له‌ ده‌ست دا. هاوخه‌مى خێزان و كه‌سوكاریانم. هیواى سه‌لامه‌تى و زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ هه‌موو تووشبووان ده‌خوازم. سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و زێره‌ڤانى و فریاكه‌وتن و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ جێبه‌جێكردنى ڕێكاره‌كانى خۆپارێزیدا، هاوكار و پشتیوانن.

ئازیزان..

نه‌ورۆز جه‌ژنى پیرۆزى نه‌ته‌وه‌یى و هێماى سه‌ركه‌وتن و ژیانه‌وه‌ و ئازادیى گه‌لى كورده‌. ساڵ و سه‌ره‌تایه‌كى نوێیه‌، وه‌ك هه‌میشه‌ ئومێد و هێز و وره‌مان پێده‌به‌خشێت. با هه‌موومان له‌ سه‌ره‌تاى‌ نوێدا‌ به‌ خۆماندا بچینه‌وه‌، سوود له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌رگرین و به‌خشنده‌ و لێبورده‌ بین. با هه‌موومان به‌ ئومێد و گه‌شبینییه‌وه‌ بۆ ئاینده‌یه‌كى گه‌شتر بڕوانین. هه‌موو هێز و توانامان یه‌كبخه‌ین، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین، شان بده‌ینه‌ به‌ر و سه‌ختییه‌كان تێپه‌ڕێنین.

سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوون، ژیان و گوزه‌رانێكى باشتر بۆ هاووڵاتییان، مسۆگه‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى گه‌لى كوردستان، یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پێكه‌وه‌ییمان لێ ده‌خوازێت. ده‌بێ كۆتایى به‌ ململانێ و ناكۆكییه‌كانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان بێت كه‌ هه‌رگیز له‌ زیان و لێكترازانى زیاتر، هیچى دیكه‌ى بۆ كوردستان لێ به‌دینه‌هاتووه‌.

با هه‌موومان، با هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان له‌خۆبورده‌ بین، بۆ ئاینده‌یه‌كى باشترى كوردستان پێكه‌وه‌ كار بكه‌‌ین و‌ دیموكراسى و ئازادى بپارێزین. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا دواى جه‌ژن هه‌موو لایه‌نه‌كان بانگهێشتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م.

كوردستانییانى ئازیز..

بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ و كێشه‌كانى عێراق به‌گشتى، دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هاوكار و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت، له‌پێناو سه‌قامگیرى و ئاشتى و داهاتوویه‌كى باشتردا بۆ وڵات، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات. ده‌بێ هه‌مووان ئه‌وه‌ باش بزانن كه‌ چاره‌سه‌ریى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ، كلیلى ئارامى و سه‌قامگیرى و پێشكه‌وتنى عێراقه‌.

ئێمه‌ بۆ هه‌موو چاره‌سه‌رێكى دوور له ‌خۆسه‌پێنى ئاماده‌ین كه‌ مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌ل و پێكهاته‌كانى عێراق، تایبه‌تمه‌ندى و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان مسۆگه‌ر بكات، سیسته‌مى فیدراڵى و پره‌نسیپ و بنه‌ماكانى هاوبه‌شى و سازان و هاوسه‌نگیى ڕاسته‌قینه‌ بپارێزێت. داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین، پشتیوان و هاوكار بن له‌ چاره‌سه‌ره‌كردنى كێشه‌كانى عێراق.

هه‌ر له‌م یاده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگیرى و لانه‌ى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى و یه‌كترقبووڵكردن له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ كاركردن و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌رده‌وام ده‌بێت. له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش، په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندى و هاریكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جیهان ده‌دات. به‌ هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جیهان ڕووبه‌ڕووى تیرۆر و توندڕه‌وى ده‌بینه‌وه‌.

هه‌ر له‌و بۆنه‌یه‌دا داوا له‌ هاووڵاتیانى ئازیز ده‌كه‌م له‌ گه‌شت و سه‌یراندا هه‌موو ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى و یاساكانى هاتوچۆ به‌ ته‌واوه‌تى ڕه‌چاو بكه‌ن و خۆیان و سروشتى جوانى كوردستان بپارێزن. خواى مه‌زن كوردستان و كوردستانییان بپارێزێت. جه‌ژنى نه‌ورۆز له‌ هه‌مووتان پیرۆز بێت، هیوادارم هه‌موومان جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوو له‌ كه‌ش و دۆخێكى باشتردا بكه‌ینه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/3/20

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.