Erbil 38°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 09:08

مەکتەبی سیاسی پارتی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز په‌یامێکی پیرۆزبایی بڵاوکرده‌وه‌

کوردستان TV
#7
100%

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی هاتنەوەی(21ی ئادار)جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی كوردیی په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند: هیوادارین گەلەكەمان و سەرجەم كوردستانیانی خۆشەویست لە ژێر چەتری ئاسوودەیی و ئارامی دا لە خۆشگوزەرانی دابن.

بە بۆنەی هاتنەوەی(21ی ئادار)جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی كوردییەوە، پیرۆزباییەكی گەرم لە گەلەكەمان لە هەرێمی كوردستان و لە سەرانسەر جیهان دەكەین، بەشێوەیەکی زۆر تایبەت پیرۆزبایی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەكان دەكەین و، چەپكە گوڵی نێرگزی ئومێد و سەركەوتن پێشكەش بە هێزە نەبەردەكانی پێشمەرگە دەكەین.

نەورۆز نەریتێكی نەمر و جەژنێكی دێرین و نەتەوەیی گەلی كوردە، رەمز و سیمبولی بەرخودان و خۆراگری و  سروشبەخشی گەشانەوە و بووژانەوەیە، هەروەها بەدرێژایی مێژووی نەتەوە و گەلەكەمان هەوێنی سەرهەڵدان و شۆڕش و رووبەڕووبوونەوەی ستەم و زۆرداریی بووە.

بەو بۆنە پیرۆزە و جەژنە نەتەوەییەمان جارێكی دیكە پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ دەستەبەركردنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی گەلەكەمان دووپات دەكەینەوە و كاردەكەین بۆ پتەوتركردنی هەماهەنگی و یەكهەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەكان، هەروەها هیواخوازین جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ دەرفەتێك بێت بۆ برەودانی زیاتر بە رەوتی تێكۆشانی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان بۆ بەدیهاتنی تەواوی مافەكانمان.

جەژنی نەورۆزمان هاوكاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی سەرهەڵدان و راپەڕینی شاری كەركووكی دڵی كوردستان لە (٢١ـی ئاداری ١٩٩١)، هەر بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرمی تێكۆشان لە هاووڵاتیان و  خەڵكی ئەو شارە خۆشەویستە دەكەین و هیوای بەختەوەری و ئاسوودەییان بۆ دەخوازین، هەروەها وەك هەمیشە پێدادەگرین و سوور دەبین لەسەر گرنگی و كاریگەری رۆڵی شەرعی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و گیروگرفتانەی پەیوەستن بە دواڕۆژی مافەكانی گەلەكەمان لە شاری كەركووك و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەپێی دەستوور و، سەندنەوەی مافە پێشێلكراوەكانی گەلەكەمان.

دووبارە سەری ساڵی نوێ و جەژنی نەورۆز و راپەڕینی شاری كەركووكی دڵی كوردستان لە رۆڵەكانی گەلەكەمان پیرۆز بێت، هیوادارین گەلەكەمان و سەرجەم كوردستانیانی خۆشەویست لە ژێر چەتری ئاسوودەیی و ئارامی دا لە خۆشگوزەرانی دابن و هەر ساغ و تەندروست بن و وڵاتەكەشمان ئاوەدانتر و پێشكەوتووتر بێت..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان

20ـی ئاداری 2021

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.