Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 19:46

نێچیرڤان بارزانى و ئیمانوێل ماکرۆن دۆخى عێراق و ناوچه‌که‌یان تاوتوێ کرد

کوردستان TV
#7
100%

سه‌رۆك ئیمانوێل ماكرۆن خۆشحاڵیى خۆى به‌ دیدارى نێچیرڤان بارزانى ده‌ربڕى و سوپاسى كرد كه‌ وێڕاى ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ى كۆرۆنا دروستى كردووه‌ سه‌ردانى پاریسى كرد، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیى پێكه‌وه‌كاركردن و پشتگیریى فه‌ره‌نساى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/3/30 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆشكى ئێلیزێ له‌ پاریس، له‌لایه‌ن به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه‌ پێشوازى لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌یان به‌گشتى تاوتوێ كرد و له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و ناوچه‌كه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانى داعشدا، جه‌ختیان له‌ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوكارى و هاوبه‌شیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا كرده‌وه، هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى هه‌بوونى تێگه‌یشتنى هاوبه‌ش بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌.

سه‌رۆك ماكرۆن باسى له دوایین سه‌ردانى قه‌داسه‌تى پاپا فره‌نسیس بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ بیستوویه‌تى سه‌ردانه‌كه‌ مایه‌ى خۆشحاڵیى پاپا بووه‌ و به‌ ڕووداوێكى گرنگى له‌ قه‌ڵه‌مدا. لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كاریگه‌ریى ئه‌رێنى له‌سه‌ر هه‌موو پێكهاته‌كانى وڵات هه‌بووه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیریى سه‌رۆك ماكرۆن و فه‌ره‌نسا له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا بۆ گه‌لى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ئاماده‌ییى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كاركردن و هاریكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ربڕى له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق و دابینكردنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها هاوكاریى فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و پێكه‌وه‌كاركردن و هاوبه‌شیى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراقی له‌ پرۆسه‌ى سیاسیدا‌ بۆ چاره‌سه‌رى به‌ گرنگ و پێویست زانى.

مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا جه‌خت له‌ كرنگیى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق له‌ ناوچه‌كانى مادده‌ى 140ى ده‌ستوور كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بۆشاییى ئه‌منى دروست نه‌بێت و له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ نه‌قۆزرێته‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك ماكرۆن هاوڕا بوو كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كى جددییه و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت.

دوایین پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆڤید_19 له‌ فه‌ره‌نسا و عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ڕێكاره‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و پێویستییان به‌ هاوكارى و یارمه‌تییه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و چۆنیه‌تیى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنه‌كانیان، دۆخى ئێزدییان له‌ ناوچه‌ى شه‌نگال و كریستیانان له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا، ‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى مایه‌ى بایه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوون.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.