Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 07:31

به‌رپرسێکی ئێران، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019ی ئاشکراکرد

کوردستان TV
#11
100%

حوسێن زۆلفەقاری جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران، بۆ یەکەمجار ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی دووهه‌زار و نۆزده‌ی ئاشکراکرد و رایگەیاند: لە خۆپیشاندانەکانی پاییزی ساڵی دووهه‌زار و نۆزده‌ی ئێراندا دووسه‌د و سی خۆپیشاندەر کوژراون.

ئامارەکەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە زۆر کەمترە لەو ئامارەی رێکخراوەکان و ئاژانسەکان بڵاویان کردووەتەوە، بۆ نموونە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رۆژی بیستی ئایاری ساڵی رابردوو بڵاویکردەوە لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژانی پازده‌ تا نۆزده‌ی نۆڤەمبەری دووهه‌زار و نۆزده‌دا کە دژی گرانکردنی بەنزین بوو،  سێسه‌د و چوار خۆپیشاندەر کوژراون.

هەروەها ئاژانسی رۆیتەرز بیست و سێیی دیسەمبەری دووهه‌زار و نۆزده‌ بڵاویکردەوە، کە نزیکەی هەزار و پێنجسه‌د کەس لەو ناڕەزایەتییانەدا بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون، کە راستەوخۆ لەلایەن رێبەری ئێرانەوە فەرمانیان پێکرابوو.

جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ئاژانسی ئیرنا، زمانحاڵی حکوومەتی ئێران ئەو ژمارانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، هەندێ کەس لە تێکهەڵچوون لەگەڵ پۆلیس و هێزە سەربازییەکان لەبەر دەرگای بنکەی ئەو هێزانەدا کوژراون، کەسێک لە شوێنێک کوژراوە و لە شارێکی دیکە نێژراوە، بۆیە هەندێک لە ژمارەکان دووبارە بوون و چاککراون.

لەبارەی ژمارەی کوژراوانەوە زۆلفەقاری گوتی لە خۆپیشاندانەکانی پاییزی ساڵی دووهه‌زار و نۆزده‌ی ئێراندا دووسه‌د و سی خۆپیشاندەر کوژراون، کە ناڕەزایەتییەکان بە گرانبوونی بەنزین بوو.

زۆلفەقاری دەڵێ هەندێک کەس کەڵکی خراپیان لە ناڕەزایەتیی ئاسایی خەڵک وەرگرت، دەستیان دایە تووندوتیژی و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لەناوخۆی شارەکاندا تووشی تێکهەڵچوون بوون.

كوردستان TV

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.