چه‌ند ڕۆژێكه ده‌مه‌وێت ئه‌م نووسینه بڵاو بكه‌مه‌وه، به‌ڵام حه‌زم نه‌كرد تا خۆم به فیعلی وه‌ری ده‌گرم بڵاوی بكه‌مه‌وه، جا دوای ئه‌وه‌ی ڤاكسینه‌كه‌م له خۆم دا، وا به وه‌ڵامه‌كانه‌وه له خزمه‌تتاندام: - ئایا ڤاكسینێكی باشه؟ زۆریش. ئێستا ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌كان وا پێناسه‌ی باشترین ڤاكسینی كۆڕۆنا ده‌كه‌ن كه "ئه‌و ڤاكسینه‌یانه كه زووتر ده‌ستت ده‌كه‌وێت"، بۆیه كه ئێستا ئه‌مه‌یان به‌رده‌سته، باشترینه. - وایه ئه‌مریكییه‌كه باشتره؟ ئه‌مریكییه‌كه-Pfizer هه‌ندێك له‌مه كاریگه‌رتره، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی پێویستی به به‌فرگری تایبه‌ت هه‌یه كه له گه‌رمیی سالب ٨٠-٦٠ بێت، بۆ ئه‌م وڵاتانه‌ی ئێمه زه‌حمه‌ته گه‌ره‌نتیی ئه‌وه بكرێت، بۆیه بۆ ئێمه، ئه‌مه‌یان باشتره. - كێ دروستی كردووه؟ ئه‌سترازێنیكا كه یه‌كێكه له باشترین كۆمپانیاكانی ده‌رمان، كه كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی-سوێدییه، به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ زانكۆی ئۆكسفۆرد كه له ڕابردوو و ئێستاشدا یه‌كێكه له باشترین و به‌ناوبانگترین زانكۆكانی جیهان. - ئایا ڕاسته ئه‌وه‌ی بۆ ئێره هاتووه، ئێكسپایه‌ری نزیكه؟ نه‌خێر، خۆی له ٤-١-٢٠٢١ه‌وه به‌كار ده‌هێنرێت كه سێ مانگ ده‌كات. - له چی دروست كراوه؟ DNAی (ئه‌دینۆڤایرۆس) له‌گه‌ڵ RNAی پڕۆتینی دڕكه‌كانی سه‌ر ڕووی كۆڕۆنا ڤایرۆس. - ئایا ڕۆنی به‌رازی تێدا به‌كار هاتووه؟ كۆمپانیاكه وه‌ڵامی پرسیاری ده‌سته‌یه‌كی فه‌توای دایه‌وه "نه‌خێر هیچ شتێكی تێدا نییه به‌پێی ئیسلام ڕێگه‌پێدراو نه‌بێت"، بۆیه حه‌ڵاڵه. - ئه‌ی ئه‌مه بۆ كۆڕۆناكه‌ی پێشوو نه‌بوو؟ ئه‌ی چۆن كاریگه‌ریی بۆ جۆره گۆڕاوه‌كه هه‌یه؟ جۆره گۆڕاوه‌كه ئه‌وه‌نده گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، بۆیه ئه‌م ڤاكسینه ٩٠٪ی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێشوو هه‌یبوو، له‌سه‌ر ئه‌م جۆره گۆڕاوه‌ش هه‌یه‌تی. - ئایا منداڵ ده‌توانێت وه‌ری بگرێت؟ ئه‌وه له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه، تا ئێستا ته‌نها ڕێنمایی كه‌سانی سه‌روو ١٨ ساڵ ده‌كرێت وه‌ری بگرن. - ئه‌ی ژنانی دووگیان؟ نابێت وه‌ری بگرن، ته‌نها ئه‌و ژنانه‌ی كارمه‌ندی ته‌ندروستین. - ئه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی شیر ده‌ده‌نه منداڵ؟ ده‌توانن وه‌ری بگرن. - چۆن وه‌رده‌گیرێ؟ له ڕێی ماسوولكه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌ی سمت چه‌وری زۆره و بۆیه ناتوانرێت گه‌ره‌نتیی ئه‌وه بكرێت بگاته ناو ماسوولكه، له ماسوولكه‌ی شان ده‌درێت. - له كام شان؟ جیاوازیی نییه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئازار له‌و شانه دروست ده‌بێت، كام ده‌سته‌ت به‌كارده‌هێنیت، داوا بكه له لایه‌كه‌ی ترت بده‌ن. - جورعه‌ی دووه‌م كه‌ی وه‌رده‌گیرێت؟ ٨-١٢ هه‌فته دواتر. - ئه‌ی ئه‌گه‌ر هی دووه‌م وه‌رنه‌گیرێ؟ هیچ ڕوونادا، جگه له‌وه‌ی ئه‌و به‌رگرییه‌ی ده‌خوازرێت، به‌و ئاسته به‌ده‌ست ناهێنرێت. - ئایا خوێن مه‌یین دروست ده‌كات؟ ئه‌وه‌نده كه‌مه كه هی باس كردن نییه! خوێن مه‌یین هه‌بووه له خوێنهێنه‌ری مێشك به ڕێژه‌ی ٢ له ملیۆنی ئه‌وانه‌ی وه‌ریان گرتووه، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌ته له باری ئاسایی‌دا به ڕێژه‌ی ٥ له ملیۆن ڕووده‌دات! - ئه‌گه‌ری مردن پێی هه‌یه؟ له به‌ریتانیا ڕێژه‌ی مردن ١ له سێ ملیۆن كه‌سی ئه‌وانه بووه كه وه‌ریان گرتووه، دیاریش نییه ڤاكسینه‌كه هۆكار بووه یان نا، به‌ڵام بیرت نه‌چێ ڕێژه‌ی مردن به كۆڕۆنا ٣،٥ له سه‌دایه. واته تووشی كۆڕۆنا ببیت، ئه‌گه‌ری مردنت هه‌زاران قات زیاتره له‌وه‌ی به ڤاكسینه‌كه بمریت! - ئایا پێویست ده‌كات پێش ئه‌وه هیچ پشكنینێك بكرێت؟ نه‌خێر - ئایا پێویست ده‌كات پێش و پاش ڤاكسین وه‌رگرتنه‌كه حه‌بی ئه‌سپرین و ده‌رزیی كلیكسان وه‌ربگیرێ بۆ ڕێگری له خوێن مه‌یین؟ نه‌خێر، زیانیان ده‌بێت و سوودیان نابێت. - پێشتر تووشی كۆڕۆنا بووم و به‌رگریم بۆ دروست بووه، بۆیه وه‌ری ناگرم! هه‌ڵه‌یت، چونكه به‌رگریی دژه كۆڕۆنا درێژخایه‌ن نییه و ڕۆژبه‌ڕۆژ داده‌به‌زێت. - ئایا ده‌كرێت ئێستا وه‌ری نه‌گرم، كه‌ی تووش بووم ئینجا وه‌ری بگرم؟ نه‌خێر، چونكه ڤاكسین ڕۆڵی هه‌یه له ڕێگری نه‌ك چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی. ئه‌سڵه‌ن كه تووش بوویت، هه‌ر نابێ وه‌ری بگریت! - تا چه‌ند دوای تووش بوون به كۆڕۆنا نابێت وه‌ری بگریت؟ ٣ مانگ - نیشانه لاوه‌كییه‌كانی چین؟ وه‌ك تووش بوونی كۆڕۆنا وایه به سووكی: له‌رز و تا، ژانه‌سه‌ر، ئێڵنج دان، بێهێزی، ئازاری ماسوولكه، ئه‌مه جگه له ئازاری شوێنی ده‌رزی لێدانه‌كه. به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی ١-٢ ڕۆژ تێپه‌ڕ ناكات. - ئایا كه‌سێك ڤاكسین وه‌ربگرێت، ئیتر مانای وایه تووش نابێت؟ نه‌خێر، كاریگه‌ریی ئه‌م ڤاكسینه له ڕێگری كردن له كۆڕۆنا ٦٣٪یه. ئایا كه‌سێك خۆی بكوتێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه ده‌مێنێته‌وه ڤایرۆسه‌كه له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێك بگوازێته‌وه؟ به‌ڵێ، به‌ڵام زۆر كه‌م. - ئایا ڕۆژوو ده‌شكێنێت؟ زانایانی ئاینیی ئیسلام هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر چاره‌سه‌رێك خۆراك به جه‌سته نه‌دات، ڕۆژوو ناشكێنێت، به‌و پێیه‌ش ئه‌م ڤاكسینه ڕۆژوو ناشكێنێت. - ڤاكسینه‌كه له ماوه‌ی چه‌نددا به‌رگری دروست ده‌كات؟ ١-٤ هه‌فته، بۆیه نابێت تا مانگێك دوای، خه‌مساردی بكرێت له خۆپارێزی. - ئایا ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشیی درێژخایه‌نیان هه‌یه ده‌توانن وه‌ری بگرن؟ ئه‌ی چۆن؟! به‌تایبه‌ت ئه‌وان ده‌بێت وه‌ری بگرن. - ئایا پێویسته ڕاوێژ به پزیشك بكرێت؟ نه‌خێر، به‌ڵام وه‌ڵامه‌كه به‌ڵێیه بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌م حاڵه‌تانه‌یان هه‌بووه یان هه‌یه: تالاسیمیا و نه‌خۆشییه‌كانی دیكه‌ی خوێن، شێرپه‌نجه، قه‌ڵه‌ویی زۆر، خوێن مه‌یین له خوێنهێنه‌ره‌كانی قاچه‌كان. - با جارێك چاوه‌ڕێ بكه‌م بزانم چی ڕووده‌دات؟ چاوه‌ڕێ بكه‌یت ڕه‌نگه به‌رت نه‌كه‌وێته‌وه، چونكه ئه‌وه‌ی تا ئێستا دابین كراوه به‌شی ١٪ی دانیشتووانی هه‌رێم ناكات، جا با ١٠ ئه‌وه‌نده‌ی تر دابین بكرێت، خۆیشت ده‌زانیت، هه‌ر ئه‌وه‌نده خه‌ڵكی ئێمه ڕووی له شتێك كرد! - ئایا ئه‌م ڤاكسینه به‌رگریی هه‌تاهه‌تایه ده‌به‌خشێت؟ نه‌خێر، ئامانجی كۆمپانیاكه به‌رگرییه‌كی ٦ مانگه‌یه.
د. زانا ئه‌حمه‌د پزیشكی پسپۆڕی هه‌ناو
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.