دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له پرسهنامهیهكدا بۆ كۆچی دوایی شاعیری ناسراوی گەلەكەمان (ئەحمەد دڵزار) ڕایگهیاند:بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی ئەدیب و شاعیر و تێکۆشەری ناسراوی گەلەكەمان (ئەحمەد دڵزار)مان بیست.
بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی بەڕێزیان و كەس وكار و ھاوڕێ و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو دەكەین. (دڵزار)ی شاعیری جوانی و سروشت لە ساڵی(١٩٢٠)لە كۆیە لە خانەوادەیەكی رۆشنبیرو ئەدەبدۆست لە دایك بووە، هەر لە سەرەتای ژیانیەوە خولیای خوێندنەوە و نووسینی هەبووە، لە تەمەنی لاویشدا رووی لە خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەیی كردووە و تا دوا ماڵئاواییكردنیشی وەك كەسایەتییەكی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز و خۆڕاگر ناسرا بوو، لەو رێگایەشدا تووشی دەردەسەریەكی زۆر و دەربەدەری و زیندان بۆتەوە.
خوالێخۆشبوو(دڵزار)كەسایەتیەكی تێكۆشەر و ئەدیبێكی ناسراوی گەلەكەمان بوو، هەروەها شاعیر و زمانزانێكی شارەزا و دیاریش بوو، خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبی و رۆشنبیریی بەپێزە لە بواری شیعر و زمان و ئەدەب، هەروەها خاوەن چەندین سروودی نیشتیمانی و سیاسییە، بۆیە جێدەستی لە بواری ئەدەبیی و رۆشنبیریی دا روون و بەرچاو بوو، ئومێدەوارین هاوسۆزیی و هاوخەمیی نووسەران و رۆشنبیران دڵنەوایی و سەبووری بەخشی ئازیزانی بێ. جارێكی دیكە پرسە و سەرەخۆشی خۆمات دووپات دەكەینەوە و لەخودای گەورە داواكارین سەبووری بەهەموو لایەك ببەخشێت و گیانی كۆچكردوویش بەبەهەشتی بەرین شاد بكات..
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ١١ـی نیسانی ٢٠٢١
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.