سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە بارەی دەستگیرکردنی گرووپێکی تیرۆریستی سەر بە داعش لە هەولێر لە پەیامێکدا لە تویتەر ڕایگەیاند:
له دوای ئۆپەراسیۆنێکی چەند مانگی، هێزە ئەمنییەكانمان سەرکەوتووانە پیلانێکی تیرۆرستانی داعشیان لە هەولێر پوچهڵكردهوه، كه له سوریاوه پیلانەکە ڕێکخراوه و ئاراستەکراوه . ئەندامانی ئهم گرووپه تیرۆریستییه كه سهر به ڕێكخراوی داعشن، ئێستا دهستگیركراون و لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.
بە پێی زانیاریی دهزگا هەواڵگرییەکانمان، داعش لە کامپی (الهول)ەوە ئهم پیلانەیان داڕشتووە، ئەمەش جێی نیگەرانییە و دەریدەخات، داعش هێشتا توانای ئەوەیان هەیە بە نایاسایی له سنوورەکان بپەڕنەوە.
داوا لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەکەم ، کە مەترسییەکانی ئەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە بە ھەند وەربگرن.
دەمەوێ دڵنیایی بدەمە خەڵکی کوردستان و ئەوانی سەردانی ھەرێم دەکەن کە پارێزراو دەبن و دهزگا ئەمنیەکانمان به بهردهوامی کار دەکەن بۆ پاراستنی هەموو چین و توێژ و پێكهاتهكانی كوردستان لە تیرۆر و توندوتیژی.
ستایشی كار و چالاکی خێرا و دەستبەجێی هێزەکانمان دەکەم، پابەندبوون و خۆبهخشیی ئهوان ، بووهته هۆی ئهوهی ببین به یەکێک لە ئارامترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
شایهنی باسه ئهمرۆ دووشهممه ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دانپێدانانی گرووپێکی تیرۆریستی سەر بە (داعش) بڵاوكردهوه کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لەناو شاری ھەولێر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.