Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 11:58

په‌رله‌مانی کوردستان دانیشتنێکی تایبه‌تی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشەو گرفتەکانی گه‌رمیان و چه‌مچه‌ماڵ ئه‌نجامدا

له‌یادی 33 ساڵه‌ی مه‌رگه‌ساتی ئه‌نفالدا
کوردستان TV
#7
100%

پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئەمرۆیدا گفتوگۆی لەسەر راپۆرتیکی لێژنەی شەهیدان و ئەنفالکراون کرد کە بۆ ناوچەی گەرمیان و چەمچەماڵ ئەنجامیان دابوو بۆ گوێگرتن لە داواکاری کەس کاری ئەنفالکراوان.

كاتژمێر 11ى پێشنێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2021/4/14، به‌سه‌رۆكایه‌تی د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (7)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌دانیشتنه‌كه‌ كه عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود ‌وه‌زیری كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یبوو، سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستان و ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان به‌بێده‌نگی بۆ رێزلێنان له‌گیانی پاكی قوربانیانی مه‌رگه‌ساتی ئه‌نفال‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها پیرۆزبایى له‌خوشك و برایانی ئێزدى كرد بەبۆنەی جەژنی چوارشەممەی مانگی نیسان و سەری ساڵی ئێزدی.

پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ى خوێنده‌وه‌ كه‌ بریتی بوو له‌گفتوگۆكردنی راپۆرتی لیژنه‌ی پێكهاتوو به‌پێی حوكمى بڕگه‌ی (پێنجه‌م)ى مادده‌ى (16) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ سه‌ردانیكردنی ده‌ڤه‌رى گه‌رمیان و چه‌مچه‌ماڵ بۆ ئاگاداربوون له‌دۆخی كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و خزمه‌تگوزاری له‌ناوچه‌كاندا، به‌ئاماده‌بوونی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌پێی حوكمى بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ى مادده‌ى (16) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌روه‌ها پوخته‌ى دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مانی خوێنده‌وه‌.

دواتر به‌پێی تاكه‌ خاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی راسپێردراو بۆ سه‌ردانیكردنی ده‌ڤه‌رى گه‌رمیان و قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ، راپۆرتی لیژنه‌ی راسپێردراوی په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌یادی 33 ساڵه‌ی مه‌رگه‌ساتی ئه‌نفال خوێندرایه‌وه‌و تیایدا باس له‌قۆناغه‌كانی ئه‌نجامدانی برۆسه‌ی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و ئه‌و قوربانی و زه‌ره‌رو زیانانه‌ی كه‌ لێیكه‌وته‌وه‌ كراو جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی سزادانی ئه‌نجامده‌ران و سه‌رجه‌م تاوانبارانى ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌و هه‌وڵدان بۆ به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌و مه‌رگه‌‌ساته‌ له‌دادگای نێوده‌وڵه‌تی و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى مادى و مه‌عنه‌ویی كه‌سوكارى ئه‌و قوربانیانه‌و ئه‌و زه‌ره‌رو زیانانه‌ی به‌ر ئه‌و ناو‌چانه‌ كه‌وتوون و هه‌وڵدان بۆ هێنانه‌وه‌ى رووفاتی قوربانیانى جینۆساید كرایه‌‌وه‌.

هه‌ر له‌راپۆرته‌كه‌یاندا سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌موكوڕى و كێشه‌و داواكارییانه‌ى كه‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ هه‌یانبوو له‌ڕووی خزمه‌تكردن به‌كه‌سوكارى قوربانیان و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریى پێویست له‌بواره‌كانی ئاوو كاره‌باو رێگاوبان و خوێندن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌و دروستكردنی مۆنۆمێنتی شه‌هیدان و قوربانیان له‌ناوچه‌كانیانداو ره‌خساندنی هه‌لى كار بۆ گه‌نجانیان و دامه‌زراندنی ده‌رچووانیان ‌و چه‌ندین خزمه‌تگوزاریى ترى پێویست بۆ بووژاندنه‌وه‌ى ژێرخانی ئابووریى ناوچه‌كانیان خستبووه‌ڕوو.

پاشان ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، وێڕای ستایشكردنی لیژنه‌ی راسپێردراو بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرته‌كه‌یان و پشتیوانیكردن له‌ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، سه‌رنج و تێبینییه‌كانی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشى ده‌ڤه‌رى گه‌رمیان و قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ و ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ خسته‌ڕوو و ئاما‌ژه‌‌یان به‌وه‌دا كه‌ له‌ئاست قوربانیدانی ئه‌و ناوچانه‌دا نین و جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌پێویسته‌ حكومه‌ت گرنگیی زیاتر به‌و ناوچانه‌ بدات كه‌ به‌ر شاڵاوه‌كانی ئه‌نغال و كیمیاباران كه‌وتوون، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌شیان خسته‌ڕوو كه‌ له‌و ناوچانه‌دا هه‌ن ‌و جه‌ختیشیان له‌سه‌ر پێویستیی خزمه‌تكردنی زیاتر به‌‌كه‌سوكارو پاشماوه‌ى قوربانیانی ئه‌و مه‌رگه‌‌ساته‌و قه‌ره‌بوه‌وكردنه‌وه‌یان له‌ڕووی مادى و مه‌عنه‌وى كرده‌وه‌و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كرد، داواشیان كرد كه‌ راپۆرتی لیژنه‌ی راسپێردراو بكرێته‌ راسپارده‌یه‌ك و له‌ڕێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكرێت.

پاشان عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، وێرای ده‌ربڕینی پشتیوانیی خۆی بۆ راپۆرتی لیژنه‌ی راسپێردراو، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌وەزارەتی كاروبارى شەهیدان و ئه‌نفالكراوان بەردەوامە لەبەدواداچوونی هێنانەوەی رووفاتی قوربانیانی جینۆساید كە لەلایەن ڕژێمی رووخاوی بەعس دەرهەق بەگەلی كورد ئەنجام دراوە، گووتیشی: حكومەتی هەرێم و وەزارەتی شەهیدان بەردەوامە لەجێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی كه‌ لەسەر شانیەتی بەرامبەر به‌قوربانیانی كارەساتەكانی گەلی كوردستان له‌كەسوكاری ئەنفال و شەهیدان و تاقانەكانی ئەنفال و ئەو كەیسانەی تر كه‌هەن.

له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، باسی له‌ناوه‌ڕۆكی راپۆتی لیژنه‌ی راسپێردراو كردو رایگه‌یاند: "ئه‌و راپۆرته‌ دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر چه‌ند بوارێكدا، به‌شێكی دروستكردنی، ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان كه‌پێویستیی به‌پڕۆژه‌بڕیاره‌و ده‌بێ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان واژۆى بكه‌ن و بیده‌ن به‌سه‌رۆكایه‌تی، به‌شێكی په‌یوه‌ندیى به‌ئیلزامكردنی یان بڵیین داواكردنه‌ له‌حكومه‌تى عێراقی بۆئه‌وه‌ى قه‌ره‌بووی كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و كه‌سوكارى شه‌هیدان و كه‌سوكارى جینۆسایدكراوان بكاته‌وه‌ به‌پێی ئه‌و ئه‌ركه‌ ده‌ستوورییه‌ی كه‌ده‌ستوور خستوویه‌تییه‌ سه‌رى كه‌هه‌ر له‌ناو ئه‌و راپۆرته‌یه‌، به‌شێكی تری په‌یوه‌ندیى به‌دابینكردن و ره‌خساندنی خزمه‌تگوزاریى جۆراوجۆر هه‌یه‌ بۆ چه‌مچه‌ماڵ و بۆ شۆڕش و بۆ ته‌كیه‌و بۆ كفرى و بۆ كه‌لارو بۆ رزگارى، واته‌ ئه‌و راپۆرته‌ ئێمه‌ ناتوانین ئێستا یه‌كسه‌ر وه‌كو خۆى كه‌ هه‌یه‌ بیخه‌ینه‌ ده‌نگدان و بڵێین وه‌ڵا ئه‌وه‌ خستمانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و كردمان به‌بڕیار، چونكه‌ ئه‌و په‌رله‌مانه‌، یه‌كه‌م، ناكرێ خۆی ئیلتیزام له‌سه‌ر خۆى دروست بكات له‌كاتێكدا خۆى سه‌ڵاحیه‌تی ده‌ركردنی پڕۆژه‌بڕیارى هه‌یه‌، دوو، ناكرێ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، ئیلتیزام له‌سه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی دروست بكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌ ده‌توانێ ئیلتیزام له‌سه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی دروست بكات، سێ، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى به‌خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌شێكی راسته‌ له‌ناو راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى به‌مۆنۆمیًنت و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى مۆنۆمێنت و هه‌ندێ له‌و بابه‌تانه‌وه‌ هه‌یه‌، تازه‌ فه‌رمانی بۆ ده‌رچووه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌شێكی بۆی ده‌رنه‌چووه‌ كه‌ له‌هه‌مووى گرنگتره‌، وه‌كو له‌و دانیشتنه‌ بینیمان، قسه‌شمان له‌گه‌ڵ ئیداره‌كه‌ كردووه‌، بابه‌تی ئاوی چه‌مچه‌ماڵ و پڕۆژه‌ی ئاوی گۆپته‌په‌یه‌ كه‌ ئه‌ركی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ له‌كاتی هاتنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ى هه‌رێمی كوردستان قسه‌ی خۆی له‌باره‌وه‌ بكات، ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌وله‌وییه‌ت دیاری بكه‌ین، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى به‌پڕۆژه‌بڕیاره‌وه‌ هه‌یه‌ ئاماده‌ی بكه‌ن و له‌ناو خۆتاندا له‌سه‌رى رێكبكه‌ون و ئێمه‌ هیچ لارییه‌كمان نییه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیی به‌عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بوو به‌راسپارده‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی راوێژكارانی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان راده‌سپێرین و موخاته‌به‌ى ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقى و حكومه‌تی عێراقیش ده‌كه‌ین سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌و پشتیوانیی هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت ده‌كه‌ین له‌داواكردنی قه‌ره‌بوو به‌گوێره‌ى ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه‌ ده‌ستوور خستوویه‌تییه‌ سه‌ر حكومه‌تى عێراقى و ده‌وڵه‌تی عێراقی وه‌ك ئیستیمراریه‌تێكی حوكمى رابردوو.

گووتیشی: ئێمه‌ لیژنه‌ی راده‌سپێرینه‌وه‌ به‌كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی كه‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كردوویانه‌، گه‌ڵاڵه‌یه‌كمان بۆ ئاماده‌ بكه‌ن به‌وه‌ى كامه‌ ئه‌ركی په‌رله‌مانی كوردستانه‌، كامه‌ ئه‌ركی حكومه‌تى ناوه‌ندى و ئه‌نجوومه‌نی نویًنه‌رانی عێراقییه‌، كامه‌ ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌ریًمی كوردستانه‌، ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ ئه‌و راسپاردانه‌ هه‌ر یه‌كه‌و ئه‌نیًرین بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارى خۆی" به‌م جۆره‌ كۆتایى به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.