د. جوتیار عادل رایگهیاند: حكومەتی هەرێم تا ئێستا چی لە توانادا بووبێت دریغی نەکردووە بۆ بنەماڵەی قوربانیانی ئەنفال و بەردەوامیش دەبێت، لە ساڵیادی ئەنفالی گەلی کوردستان، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پهیامێكی بڵاوكردهوه.
ئەمڕۆ سی وسێ ساڵ بەسەر پاکتاو و جینۆسایدی گەلی کوردستان لە لایەن ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە تێدەپەڕێت کە بە چەند قۆناغێک و لە ژێر ناوی ئەنفال هەزاران کەسیان زیندەبەچاڵ کرد.
بۆیە لەم ڕۆژەدا سەری نەوازش بۆ شەهیدبوونی هەزاران کەس دادەنەوێنین کە ڕووبەڕووی نەگریسترین و دڕندانەترین کۆمەڵکوژی ناوچەکە و جیهان بوونەوە.
بە خۆشییەوە ئێستا گەلی کوردستان ماوەتەوە و دیکتاتۆر و بکەرانی ئەنفال لەنێو چوونە، ئەمەش نیشانەی زیندوویەتی نەتەوەکەمان و شکستی پیلانی دوژمنانە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا چی لە توانادا بووبێت دریغی نەکردووە بۆ بنەماڵەی قوربانیانی ئەنفال و بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتی زیاتریان و داواکردنی ماف و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان لە حكومەتی فیدراڵی عێراق.
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال
د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
14ی نیسانی 2021
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.