سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ حکومەتی عێراق لە پەیوەندییەکی بەردەوامداین بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانەی سەر هەرێمی کوردستان دابنرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/4/21 مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە بە مەبەستی کارئاسانی و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و نەمانی ڕووتین لە دامودەزگاکانی حکومەت ، بڕیارماندا کە دەسەڵاتە ئیدارییەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانگەکانیان لە پارێزگاکان شۆڕبکرێتەوە ، بۆ ئەوەی ئیشوکاری هاووڵاتییان خێراتر ڕابپەڕێنرێت و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی باشتر و خێراتر بگەنە هاووڵاتیان، هەروەک چۆن لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم جەختی لەسەر کراوەتەوە.
پاشان سەرۆک وەزیران، تیشکی خستە سەر دوا پێشهاتەکانی بواری ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامی لێکۆڵێنەوەکانی هێرشی ئەم دواییەی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی .
سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ حکومەتی عێراق لە پەیوەندییەکی بەردەوامداین بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانەی سەر هەرێمی کوردستان دابنرێت، دووپاتیشی کردەوە کە هەرێم، خوازیاری پەیوەندییەکی باش و دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و سوپاسی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپای کرد، بۆ هاوپشتی و پشتیوانیی دەربڕین لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
ئینجا ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ، سەبارەت بەو هێرش و دەستدرێژیانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنیی لە گەڵ حکومەتی فیدرالی و جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی هەردوولا و بەتایبەتی کاراکردنی خاڵە ئەمنییە هاوبەشەکان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ، هێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی یەکەمی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستانیان بۆ ساڵی 2021 بە ژمارە و داتای پێویست لە بوارەکانی ( داهات، خەرجی ، قەرز و پابەندییە داراییەکان و کورتهێنان ) خستەڕوو، بەڕەچاوکردنی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 کە ڕۆژی 12ی نیسان لە ڕۆژنامەی ڕەسمی بڵاوکرایەوە، وا بڕیارە، پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم، لە نزیکترین دەرفەتدا ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت،
ئینجا ڕەشنووسی هەر دوو پڕۆژە یاسای ( هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت ژمارە ( 22) ی ساڵی 2011 بە ئاڕاستەی باشترکردنی ژیان وگوزەرانی ئەم توێژەی کۆمەڵ وهەروەها ( پڕۆژە یاسای بەرکارکردنی ڕەسمی پولی عێراقی ژمارە ( 71)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی کوردستان خرانەڕوو و هەردوو پڕۆژەکە، بە کۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کران.
لە بڕگەی كۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، هەر لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی ڕێکخستنی پاسەوانی لە هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ پەسەند کرد، بە ئاراستەی چاکسازیی لەم بوارەدا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە جێبەجێکردنی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.