سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی پهیامێكی بڵاوكردهوه رایگهیاند: قۆناخی ئێستا، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی ڕاستەقینە و پیشەیی هەیە، بۆیە پێویستە ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ڕێگەی پابەندبوون بە یاسا و ئیتیكی پیشەیی میدیایی، ڕێز لە كاری رۆژنامەوانی خۆیان بگرن.
بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و تێپەڕبوونی 123 ساڵ بە سەر دەرچوونی یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی كوردستان، کە هاوکاتە لە گەڵ ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم ڕاگەیاندنکار و رۆژنامەوانانی كوردستان دەكەم.
ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان، بزاڤی رۆژنامەوانیی، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ڕەخساوە و پێی ناوەتە قۆناخێكی پێشکەوتوو، بە جۆرێک کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، سەدان دەزگای هەمەجۆری ڕاگەیاندن هەن و بەوپەڕی ئازادییەوە، کاری خۆیان دەکەن و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، بە شانازییەوە ، كاری بۆ چەسپاندنی زیاتری بنەماكانی ئازادی میدیایی و دیموكراسیی کردووە و هەمیشە پەرۆشی ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بووە بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی .
قۆناخی ئێستا، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی ڕاستەقینە و پیشەیی هەیە، بۆیە پێویستە ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ڕێگەی پابەندبوون بە یاسا و ئیتیكی پیشەیی میدیایی، ڕێز لە كاری رۆژنامەوانی خۆیان بگرن، بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە کاری خۆیان ئەنجام بدەن و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پیشەکەیان بکەن و پەیامەکەیان، لە خزمەتی ئامانجە نیشتمانییەکاندا بێت.
لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانینە خەبات و تێکۆشانی ڕۆژنامەوانە پێشەنگەکانی کوردستان، ئەوانەی خزمەتێکی زۆری كاروانی رۆژنامەوانیی كوردی و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستانیان كردووە.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.