Erbil 38°C چوارشەممە 20 تشرینی دووەم 11:34

 ئه‌مڕۆ 22ی نیسان رۆژی زه‌وییه‌ بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی هۆشیاری ژینگه‌یی

کوردستان TV
100%

 رۆژی 22ی نیسانی هه‌موو ساڵێك به‌ رۆژی جیهانی زه‌وی دیاریكراوه‌ و ئامانجیش له‌ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و رۆژه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری و گرنگیدانه‌ به‌ ژینگه‌ی سروشتی هه‌ساره‌ی زه‌وی له‌سه‌رتاسه‌ی جیهاندا.

بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژوودا له‌ ساڵی 1962 گایلۆرد نیڵسون سیناتۆری ئه‌مریكی له‌ ئه‌نجومه‌نی پیران بیرۆكه‌یه‌كی لا گه‌ڵاڵه‌بوو بۆ  پارێزگاریكردن له‌ ژینگه‌ به‌ ئامانجی زیاتركردنی هۆشیاری رۆشنبیری گه‌لی ئه‌مریكا، به‌ڵام له‌و كاته‌دا بیرۆكه‌كه‌ی گایلۆرد نیڵسون له‌ناو ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكی گرنگیی پێویستی پێ نه‌درا و پشتگوێخرا و پێیانوابوو گه‌لی ئه‌مریكی بایه‌خ به‌بابه‌تی ژینگه‌ نادات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی روویدا پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیران بوو كاتێك زیاتر له‌ 20 ملیۆن هاوڵاتی ئه‌مریكی له‌ساڵی 1970 رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی كاتێك لێچوونی بڕێكی زۆر نه‌وت له‌شاری سانتا باربرا له‌ویلایه‌تی كالیفۆڕنیا روویدا و به‌وه‌ش له‌و ساڵه‌دا جارێكیتر سیناتۆر نیڵسون گرنگی به‌بیرۆكه‌كه‌یدایه‌وه‌ و پرۆژه‌ی دیاریكردنی رۆژێكی وه‌ك رۆژی زه‌وی بۆ پاراستنی ژینگه‌ خسته‌وه‌ڕوو تا دواجار له‌ 22ی نیسانی 1970 بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی ئه‌مریكا كرا به‌ رۆژی زه‌وی و پاشانیش له‌ 22ی نیسانی ساڵی  1990 رۆژی زه‌وی كرا به‌ رۆژێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پارێزگاریكردن له‌ژینگه‌. ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی  دینیس هایس  كه‌ رێكخه‌رێكی ناوخۆیی ئه‌مریكی بوو رێكخراوێكی  به‌ناوی - زه‌ بولیت فاونده‌یشن - دامه‌زراند و له‌رێگه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌یه‌وه‌ له‌ ساڵی 1990 رۆژی زه‌وی كرده‌ رۆژێكی جیهانی له‌ 141 ده‌وڵه‌تی جیهان ..

له‌رۆژی جیهانی زه‌ویدا به‌شێوه‌یه‌كی باو چه‌ند چالاكییه‌ك ئه‌نجامده‌درێت بۆ ده‌ربڕینی گرنگیپێدان به‌و رۆژه‌ وه‌ك  خۆبه‌دوورگرتن له‌به‌كارهێنانی ئۆتۆمبیل له‌و رۆژه‌دا كه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئۆتۆمبیل به‌ یه‌كێك له‌زۆرترین سه‌رچاوه‌كانی پیسبوونی ژینگه‌ داده‌نرێت. له‌به‌شێكی وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان له‌ئه‌وروپا و ئه‌مریكا، له‌و رۆژه‌دا ئه‌و كه‌سانه‌ی گرنگی زیاتر به‌ رۆژی زه‌وی ده‌ده‌ن، یا به‌پێ یان به‌ پاسكیل یاخود به‌هه‌ر ئامرازێكی تری دۆست به‌ ژینگه‌ به‌ره‌و شوێنی كاره‌كانیان به‌ڕێده‌كه‌ون.

یه‌كێكیتر له‌و چالاكییانه‌ی له‌رۆژی زه‌ویدا ئه‌نجامده‌درێت  چه‌ندین كه‌س له‌وانه‌ی گرنگی به‌رۆژه‌ جیهانییه‌ ده‌ده‌ن به‌خۆبه‌خشانه‌ به‌شداری له‌ چالاكییه‌ بێ به‌رامبه‌ره‌كاندا ده‌كه‌ن كه‌ ده‌بنه‌مایه‌ی زیاتركردنی هۆشیاری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌رباره‌ی ژینگه‌ له‌بواره‌ جیاجیاكانی وه‌ك  چاندنی دره‌خت  و پاككردنه‌وه‌ی باخچه‌ و دارستانه‌كان یاخود كاركردنی به‌كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوه‌ خێرخوازییانه‌ی گرنگی به‌ ژینگه‌ ده‌ده‌ن.

له‌ئه‌مڕۆشدا زیاتر له‌ 175 وڵاتی جیهان ساڵانه‌ به‌بۆنه‌ی رۆژی زه‌وی  چالاكی جۆراوجۆر ئه‌نجامده‌ده‌ن.  ساڵانه‌له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و رۆژه‌ چه‌ند چالاكییه‌ك ئه‌نجامدراوه‌ و بۆ  به‌رزنرخاندنی رۆژه‌كه‌ و گرنگیدان به‌ ژینگه‌ و هۆشیاركردنه‌وه‌، به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌ك پێویست چالاكییه‌كان ئه‌نجام نادرێت.

له‌لایه‌كي تر ئه‌مڕۆ له‌رۆژی زه‌ویدا ، سه‌رۆك  جۆ بایدن له‌ رێی ئینته‌رنێته‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی جیهان كۆده‌كاته‌وه‌ له‌ لوتكه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ پرسه‌كانی كه‌شوهه‌وا.

 سه‌رۆك بایدن ده‌رباره‌ی پلانه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا ده‌ڵێت: "ستراتیجی گشتگیری ته‌واوی حكومه‌ته‌ كه‌ پرسه‌كانی تایبه‌ت به‌ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا له‌ چه‌قی سیاسه‌تی ناوخۆیی و ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ره‌وه‌ دابنێت. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی بره‌ودان به‌ هه‌وڵه‌كانی پارێزگاریكردن له‌ سه‌رچاوه‌كان و ده‌بێته‌ هۆی بوژاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و شاره‌كان و ئه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌ كشتوكاڵیه‌كان هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی تۆكمه‌كردنی دادوه‌ریی ژینگه‌یی. پلانه‌كانمان به‌رزه‌فڕن، به‌ڵام ئێمه‌ش ئه‌مریكاین. چاونه‌ترسین."

11

ئا- كامران

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.