ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: پێشوازی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمسیۆنی ئەمریکی دەکەین بۆ ئازادییە ئایینیەکان.
ئەمڕۆ، ڕێککەوتی 22/4/2021، کۆمسیۆنی ئەمریکی بۆ ئازادییە ئایینیەکان ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ئازادی ئایینی بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە زۆربەی زۆری وڵاتەکان لەم بارەیوەوە هەڵدەسەنگێنێ، و عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی ڕاپۆرتەکەن.
لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: ڕاپۆرتەکە بەشێوەیەکی بابەتییانە باس لە دەرفەت و ئاستەنگی بەردەم لابردنی پێشێلکارییەکانی سەر ئازادییە ئایینیەکان دەکات. هاوکات، ستایشی ڕۆڵی هەرێم دەکات لە پاراستنی پێگەی چەند ساڵەی خۆی لە فەراهەمکردنی ئازادی ئایینی و پێکەوەژیان، و حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەرەکان."
هەروەها، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: حکومەتی هەرێم پێشوازی لە دوایین راپۆرتی ساڵانەی کۆمیسیونی ئەمریکی بۆ ئازادییە ئایینییەکان (USCIRF) دەکات، چونکە دوای هێرشی تیرۆریستەکان داعش ئەو ناوچە کوردستانیانەی کە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک کریستیان، ئێزیدی، کاکەیی و شەبەک تێیدا نیشتەجێن کرایە ئامانجی سەرەکی، بەسەدان هەزار هاووڵاتی دانیشتووی ئەم ناوچانە ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبێ جیاوازی بەرگری لەو ئاوارانە کرد و رۆڵی هەرە سەرەکیی هەبوو لە ئازادکردنەوەی ئەم ناوچانە و لەم پێناوەدا گیانی سەدان پێشمەرگە بوونە قوربانی. ئەمەش نیشانەی بەهێزی و پتەویی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمە بەبێ جیاوازی، هەروەها سەدان ساڵە پێکهاتەکان لە هەرێم کوردستان دەژین و لە مافەکانیان پارێزراوە و وەک گشت دانیشتوانی هەرێم ئەرک و مافەکانیان دیاریکراوە، تەنانەت لە زۆر رووەوە ئایین و نەتەوە و مەزهەبیشیان لەبەرچاو گیراوە."
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بەشداریی پێکهاتەکان لە کایەکانی حوکمڕانی لە هەرێم و وتی، " لە رووی سیاسییەوە لە ساڵی (2005) ژمارەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان بە (٥) کورسییەوە زیادکرا بۆ (١١) کورسی بەم شێوەیە: (٥) کورسی بۆ تورکمان و (٥) کورسی بۆ کلدان، ئاشوری و سریان و (١) کورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن، ئەمەش نیشانەی پاراستن و گرنگیدانی هەرێمی کوردستانە بە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، لەم رووەوە بەردەوام لە کابینەکانی حکومەتی هەرێم پێکهاتەکان بوونیان هەبووە، تەنانەت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی دوو کەس لە کریستیان و تورکمان پۆستی وەزیریان پێ سپێردراوە، هەروەها لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێم ئافرەتێک لە پێکهاتە. هەرێم سکرتێری پەرلەمان لە پێکهاتەی تورکمانە، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانی حکومەتی هەرێم و بەشداری پێکردنیانە لە ژیانی سیاسی."
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی پاراستنی مافی پێكهاتە ئایینییەكان وتی، لە هەرێم چەند یاسا کاریان پێدەکرێت کە بۆ خزمەتکردنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەرچوون و نیشانەی پەرۆشیی حکومەتی هەرێمن بە پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان وەک یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2015 کە بە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێم ناسراوە و یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2014 کە بە یاسای زمانە رەسمییەکانی هەرێم ناسراوە و تێیدا هاتووە لە هەر شوێنێک کە ژمارەی دانیشتوانی لە پێکهاتەیەک بن، ئەوا زمانی ئەو پێکهاتەیە فەرمی دەبێت لە پاڵ زمانی کوردی لە خوێندن و کاروباری ئیداری. لە ساڵی 2017 حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی گۆڕی بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، كە هەموو پێکهاتە ئایینیەکانی دیکە نوێنەرایەتییان هەیە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی وەك: (ئێزدی، كریستیان، جوو، كاكەیی، زەردەشتی، بەهائی، سابیئە مەندائی، هەر لە هەمان ساڵ بەڕێوەبەرایەتی (پێکەوەژیانی نێوان ئایینەکان) لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دامەزراوە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکسانی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات."
سەبارەت بە پرسی ڕێککەوتننامەی شنگال، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختیکردەوە کە، هەروەک لە ڕاپۆرتی ناوبراو ئاماژەی پێدراوە، ڕێککەوتننامەکە پرسە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر دەکات و ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکە بەرقەرار دەکات. "حکومەتی هەرێم پشتیوانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە دەکات بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندی خوشک و برایانی ئێزیدی و دانیشتووانە ڕەسەنەکانی تری ناوچەکە بێت."
هەروەها، زێباری ئاماژەی بەوەدا کە ئێزیدییەکان ئێستا قوربانی نەبوونی سەقامگیری ئەمنی، دادپەروەری، و خزمەتگواری سەرەکیەکانن. هەرچۆنێک بێ، حکومەتی هەرێم، لە ڕێی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزیدی، توانیویەتی ٣٥٣٧ ڕفێندراو ڕزگاربکات، کە ١٢٠١یان ژنن و ٣٣٩یان پیاو و ئەوانی تر منداڵن. تا هەنووکە، ٢٨٨٠ کەس ماون لە چنگی داعش کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ڕزگارکردنییان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، "حکومەتی هەرێم پێشوازی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمسیۆنی ئەمریکی دەکات بۆ ئازادییە ئایینیەکان، و دووپاتیدەکاتەوە کە بەردەوام پەناگەیەکی ئارام دەبێ بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان.
-=-=
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.