Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 14:47

سه‌رۆک بارزانی: کوردستان بووه‌ به‌ په‌ناگه‌یه‌ک بۆ هه‌موو لێقه‌وماوان و تێکۆشه‌رانی عێراق

کوردستان TV
#7
100%

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ به‌شداریی سه‌رۆك بارزانی ئیڤێنتێك به‌ رێگه‌ی ئۆنلاین له‌باره‌ی دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ ساڵی هه‌زار و نۆسه‌د و نه‌وه‌د و یه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رێوه‌چوو .

ئیڤێنته‌كه‌ له‌ لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ واشنتۆن ساز كرابوو و تیایدا به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان وتاری ده‌ستپێكی پێشكه‌ش كرد و دوای نیشاندانی فیلمێكی دیۆكیومێنتاری له‌سه‌ر كۆڕه‌وی میلیۆنی خه‌ڵكی كوردستان و بڕیاردران له‌ دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام، سه‌رۆك بارزانی وتاری خۆی پێشكه‌ش كرد،  تیایدا  رایگه‌یاند زۆر خۆشحاڵم كه‌ به‌شدار ده‌بم له‌ یادكردنه‌وه‌ی سیهه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام كه‌ ئه‌مه‌ یادكردنه‌وه‌ی رووداوێكی زۆر زۆر گرنگ و گه‌وره‌یه‌ له‌ مێژوودا .

سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: ئه‌و كاته‌ خه‌ڵكی كوردستان ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه‌ جاڕێكی تر ئه‌نفال بكرێنه‌وه‌ و كیمیاباران بكرێن ، هه‌موویان كۆچیان كرد و روویان كرده‌ سنوره‌كانی ئیران و توركیا ، پێشمه‌رگه‌ش نه‌ هێز‌ێكی وا گه‌وره‌ی هه‌بوو ئه‌و وه‌خته،‌ نه‌ چه‌كێكی وای هه‌بوو به‌ڵام قاره‌مانانه‌ به‌رگرییان كرد و له‌ زۆر شوێن توانییان پێشڕه‌ویی سوپای عێراقی بوه‌ستێنن .

راشیگه‌یاند بڕیاری شه‌شسه‌د و هه‌شتا و هه‌شت و بڕیاری دابینكردنی ناوچه‌ی ئارام ده‌رفه‌تێكی زێڕێنی ره‌خساند بۆ گه‌لی كوردستان. سه‌رۆك بارزانی  سوپاسی سه‌رۆك بوش و سه‌رۆك ‌میتران و مادام میتران و سه‌رۆك ئۆزاڵ و سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا جۆن مێجه‌ری كرد بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان و ئه‌و بڕیاره‌ بوێره‌یان كه‌ دوای ئه‌وه‌ گه‌لی كوردستان توانی ئیداره‌ی خۆی بكات ، داموده‌زگای شه‌رعی دابمه‌زرێنێت ، هه‌ڵبژاردنی كرد، په‌رله‌مانی دامه‌زراند ، حكوومه‌تی هه‌رێمی دامه‌زراند .

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی راشیگه‌یاند ئێستاش گه‌لی كوردستان نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ هه‌موو ئامانجه‌كانی و به‌ قۆناغی كۆتایی ، هێشتا مه‌ترسیی زۆر گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ، داواكارم ئه‌و پشتیوانییه‌ و ئه‌و پشتگیرییه‌ به‌رده‌وام بێت و، داواكارم پاراستنی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی ئێوه‌ دابێت ، جارێكی تر زۆر زۆر سوپاس ، سوپاسی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمیش ده‌كه‌م بۆ ره‌خساندنی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ، سوپاس . دواتر هه‌ریه‌ك له‌ هوشیار زێباری ، جێمس به‌یكه‌ر ، جه‌نه‌رال جۆن ئه‌بی زه‌ید و برێت مه‌كگۆرك وتاریان پێشكه‌ش كرد .

ئیڤێنتێكه‌ له‌ رێگه‌ی ئۆنلاین ئێواره‌ی ئه‌مرۆ چوارشەممە 28ی نیسان  5ی ئێواره‌ بە کاتی هەولێر بەڕێوەچوو.

ده‌قی وته‌كانی سه‌رۆك بارزانی

‎سڵاو و رێزم بۆ به‌شداربووان و بینه‌رانی به‌ڕێز.. خۆشحاڵم كه‌ به‌شدار ده‌بم له‌ یادكردنه‌وه‌ی سییه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام. ئه‌مه‌ یادكردنه‌وه‌ی رووداوێكی زۆر زۆر گرنگ و گه‌وره‌یه‌ له‌ مێژوودا.

‎ئه‌وسا گه‌لی كوردستان تووشی كاره‌ساتی گه‌وره‌ هاتبوو، كۆچڕه‌وی ملیۆنی بوو، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان رووی له‌ سنووره‌كان كردبوو. چونكه‌ رژێمی عێراق دوای تێكشكانی له‌ كوه‌یت، سوودی له‌ چه‌ند كه‌لێنێك وه‌رگرت له‌ رێككه‌وتنی سه‌فوان و پاشماوه‌ی سوپاكه‌ی به‌كارهێنا بۆ سه‌ركوتكردنی راپه‌ڕینی خه‌ڵكی باشوور و سێ فیرقه‌ی حه‌ره‌س جمهووری هێنا بۆ كوردستان.

‎ئه‌و كاته‌ خه‌ڵكی كوردستان ترسیان له‌وه‌ بوو جارێكی دیكه‌ ئه‌نفال و كیمیاییباران بكرێن. روویانكرده‌ سنووره‌كانی ئێران و توركیا. پێشمه‌رگه‌ش ئه‌و كاته‌ نه‌ هێزێكی وا گه‌وره‌ی هه‌بوو و نه‌ چه‌كێكی وای هه‌بوو، به‌ڵام قاره‌مانانه‌ له‌ زۆر شوێن به‌رگریان كرد و توانیان پێشڕه‌وی سوپای عێراق بوه‌ستێنن.

‎به‌ درێژایی مێژوو سته‌مێكی زۆر له‌ گه‌لی كوردستان كراوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵانی سه‌رده‌می رژێمی به‌عس، كاره‌ساتی گه‌وره‌ به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هات، وه‌ك ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژی و كیمیاییباران. ئه‌وه‌ بوو بڕیاری 688 بۆ دابینكردنی ناوچه‌ی ئارام، ده‌رفه‌تێكی زێڕینی ره‌خساند بۆ گه‌لی كوردستان و ئه‌و مه‌ترسیانه‌ تا ئاستێكی زۆر نه‌مان و خه‌ڵك گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان.

‎ده‌مه‌وێت به‌ بیر جه‌نابی جێمس بیكه‌ر، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كاتی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و كات له‌ هاوینی 1992 ئێمه‌ وه‌ك شاندی موعاره‌زه‌ی عێراق چووینه‌ واشنتن و له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ پێشوازی لێكردین و باسی هه‌ستی خۆی كرد، كه‌ هاتبوو بۆ سه‌ردانی ئاواره‌كان له‌ سنووری توركیا و گوتی: ئه‌و دیمه‌نانه‌ی بینیم هه‌تا ماوم له‌ بیرم ناچن، زۆر دڵته‌زێن بوون و چاوه‌ڕوانیم نه‌كرد بگه‌مه‌ شوێنی خۆم و هه‌ر له‌ ناو فڕۆكه‌ په‌یوه‌ندیم به‌ جۆرج بوشه‌وه‌ كرد و داوام لێكرد كارێك بكرێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ شوێنی خۆی و پارێزراو بن.

‎لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم، سووپاسی سه‌رۆك بووش، سه‌رۆك میتران، مه‌دام میتران، سه‌رۆك ئۆزال، و سه‌رۆك وه‌زیران جۆن مێجه‌ر بكه‌م بۆ ئه‌و هه‌ڵوێست و بڕیاره‌ بوێرانه‌یان. دوای ئه‌وه‌ گه‌لی كوردستان توانی ئیداره‌ی خۆی بكات و داموده‌زگای شه‌رعی دابمه‌زرێنێت و هه‌ڵبژاردنی كرد و په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی دامه‌زراند. كوردستان بووه‌ په‌ناگه‌ی هه‌موو لێقه‌وماو و تێكۆشه‌رانی عێراق. هه‌روه‌ها به‌ پێویستی ئه‌زانم سووپاسی جه‌نه‌راڵ گارنه‌ر و ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی ئه‌و كاته‌ له‌گه‌ڵی بوون، جه‌نه‌راڵ، جیم جۆنس، جه‌نه‌راڵ، جۆن ئه‌بی زێد، و هه‌موو ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی وڵاتانی دیكه‌، كه‌ هاوپه‌یمان بوون و هاتن ناوچه‌ی ئارامیان دامه‌زراند.

‎ئێستاش گه‌لی كوردستان، نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ هه‌موو ئامانجه‌كانی و به‌ قۆناغی كۆتایی، هێشتا مه‌ترسی زۆر گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، داواكارم ئه‌و پشتیوانیی و پشتگیرییه‌ به‌رده‌وام بێت. داواكارم پاراستنی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی ئێوه‌دا بێت و جارێكی دیكه‌ زۆر زۆر سووپاس.

سووپاسی نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌كه‌م بۆ ره‌خساندنی ئه‌م ده‌رفه‌ته

سوپاس .

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.