مامۆستاییهكی ئاینی رایگهیاند: له روانگەی ئیسلامدا پێویستە بازار و کەسابەت و ئەهلی بازاڕ لە چوارچێوە و بەرنامەیەکدا كار بکەن کە نەمافی خۆیان بفەوتێ و نەمافی خەڵکی تریش بفەوتێنن.
مەلا فەرمان چۆمانی مامۆستای ئاینی و پێش نوێژوو ووتار خوێن لە مزگەوتی چۆمان، له لێدوانێكیدا کوردستان تی ڤی رایگهیاند: ئەوانەی خواردنی ماوە بەسەرچوو دەفرۆشنە خەڵکی و خواردن و پێویستیەکانی هاووڵاتی لە مانگی ڕەمەزان گران دەکەن لە ڕوانگەی ئیسلامەوە قبوڵ کراو نییە و دەچێتە خانەی فێڵ كردن.
ئەو مامۆستا ئاینیە گوتی: دادگەری و پاکی لە کڕین و فرۆشتندا لە روانگەی ئیسلام، گومانی تێدانییە کە مرۆڤ لە ژیانی دونیادا ناتوانێت بەبێ کارو کاسبی و بوونی بازاڕ و شوێنی کەسابەت بژی و ژیان بەرێوەببات، بەڵام کارو کاسبی هەر ئەوە نییە کە هەر خەریکی پارە کۆکردنەوەو سەروەت و سامان لەسەر یەکدانان بێ، جا بە حەڵاڵی بێ یان بە حەرامی.
ئاماژهی بهوهشكرد لە روانگەی ئیسلامدا پێویستە بازار و کەسابەت و ئەهلی بازاڕ لە چوارچێوە و بەرنامەیەکدا كار بکەن کە نەمافی خۆیان بفەوتێ و نەمافی خەڵکی تریش بفەوتێنن.
رایگهیاند: خوای گەورە وەک وەسیەت و ئامۆژگاریەک دەفەرموێ کێشانەو پێوانە بەڕێکوپێکی بەکار بهێنن، بەدادگەری ئەنجامی بدەن و فێڵی تێدا مەکەن.
پێغەمبەری خۆشەویستیشمان دەفەرموێ: هیچ کەس هەرگیز پارووە نانێکی نەخواردووە کە چاکتر و پاکتر بێ لەو پارووە نانەی کە بە ڕەنجی شانی خۆی و عەرەقەی ناوچاوانی خۆی بە دەستی هێناوە ئاماژهی بهوهشكرد، پێغەمبەر داود (سەلامی خوای لێبێت) هەر لە بەرهەمی کاسبی دەستی خۆی و ڕەنجی شانی خۆی دەخوارد.
وە پێویستە بازرگان راستگۆ و دەستپاک و ئەمین بێت لە کڕین و فرۆشتن پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت) دەفەرموێ :(التاجر الصدوق الأمین مع النبیین والصدیقین والشهداو) واتە : بازرگانی ڕاستگۆی دەستپاک لە رۆژی قیامەتدا لەگەڵ پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەهیداندا حەشر دەکرێت.
پێویستە دوکاندار و ئەهلی بازار ئاگاداربن لەکاتی کرین و فرۆشتندا، عەیب و کەموکوڕی شتەکانیان نەشارنەوە و فێڵ لە کڕیارەکان نەکەن، پێغەمبەر دەفەرموێ: (من باع عیبا لم یبینه لم یزل فی مقت الله ولم تزل الملائكه تلعنه) واتە کەسێک شتێک بفرۆشێ و ماڵە فرۆشراوەکە عەیب و کەموکوڕی تێدابێ و خاوەنەکەی عەیبەکەی بزانێ، بەڵام بە کریارەکەی نەڵێ، ئەوە بەردەوام ئەم فرۆشیارە کە عەیبی شتەکەی خۆی لە کڕیارەکەی شاردۆتەوە، لە ژێر توورەیی و غەزەبی خوادا شەوو رۆژ دەکاتەوە و بەردەوام فریشتەکان نەفرەتی لێدەکەن.
شاردنەوەی عەیب و کەموکوڕی کەلوپەلەکەی لە کڕیار ئازایەتی و لێهاتووی نییە، بەڵکو لاوازی باوەڕە و خۆی دەخاتە بەر غەزەبی خودا و نەفرەتی خەڵک و فریشتەکان.
گوتیشی: نابێت فێڵ و غەش بکات و لەکاتی کڕین و فرشتندا دەستی خەڵک ببڕێت و خراپیان بەچاک پێ بفرۆشێ (لیس منا من غش) واتە هەر کەسێک ساختەو گزی و غەش بکا لە ئێمە نییە.
ئهو مامۆستا ئایینیه گوتیشی: ماڵ هەرگیز بە حەرام خواردن و غەش کردن زیاد ناکات، ماڵی حەرام وەک ئاگر وایە، حەڵاڵەکەی خۆشی پێوە دەسووتێ.
هەبوونی ویژدانی زیندوو ژیان جوان دەکات و کاروبارەکان رێکدەخات و پاکی و راستی دەخاتە ناو بازار و کڕین و فرۆشتن.
مەلا فەرمان چۆمانی مامۆستای ئاینی رایگهیاند: کەسی باوەردار و ویژدان زیندوو کەل و پەلی ماوە بەسەرچوو و زیان بەخش بە خەڵک ساغناکاتەوە ، کە بەهۆیەوە خەڵک تووشی نەخۆشی و گرفتی جەستەیی زۆر دەبێت و ئەو فرۆشیارە جاری وایە دەبێتە هۆی نەخۆشکەوتن و لە ناوبردن و کوشتی خەڵکانی تر، بەهۆی فرۆشتنی ئەو شتانەی کە ماوەیان بەسەرچووە، ئەمەش تاوانێکی گەورەیە.
وە پێویستە لە کڕین و فرۆشتندا رەچاوی پاکو خاوێنی بکرێت بە تایبەتی لە کاتی دروستکردنی ئەو خۆراکانهی كه رۆژانەیە، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی کڕین و فرۆشتن پاکییە وە پاک و خاوێنیش بەشێکی گرینگی باوەڕە.
ئا/فەرمان عەلی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.