Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 12:25

فیلمی "نانی پیرۆز"خه‌ڵاتێکی جیهانی به‌ده‌ستهێنا           

کوردستان TV
100%

فیلمی دیكۆمێنتی "نانی پیرۆز" له‌ ده‌رهێنانی خوالێخۆشبوو "ره‌حیم زه‌بیحی" و له‌ به‌رهه‌مهێنانی "تووره‌ج ئه‌سڵانی"، خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی به‌شی "پێشبڕكێی سه‌ره‌كی" دوازده‌مین فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی كوردی "له‌نده‌ن" به‌ ناونیشانی "مێهمێت ئاكسوێ"ی سینه‌ماكاری كوردی به‌ده‌ستهێنا و به‌رپرسانی ئه‌م ڕووداوه‌ سینه‌ماییه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌یان پێشكه‌ش به‌ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی "ره‌حیم زه‌بیحی" كرد.

به‌ڵگه‌فیلمی "نانی پیرۆز" (نان مقدس) Holy Bread دوایین به‌رهه‌می سینه‌ماكاری كۆچكردووی كورد "ره‌حیم زه‌بیحی"، له‌ به‌رهه‌مهێنانی سینه‌ماكاری ناوداری كورد "تووره‌ج ئه‌سڵانی" و به‌رهه‌می كۆمپانیای سینه‌مایی "ماد موڤی" MAAD Movie؛ له‌ نوێترین و شه‌شه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ سینه‌مای ئێران، له‌ به‌شی "پێشبڕكێی سه‌ره‌كی" دوازده‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی كوردی "له‌نده‌ن" له‌ وڵاتی به‌ریتانیا به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆڕۆنا به‌ شێوه‌ی ئۆنلاین نمایشكرا و توانی خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی ئه‌م ڕووداوه‌ سینه‌ماییه‌ به‌ ناونیشانی سینه‌ماكاری كورد "مێهمێت ئاكسوێ" Mehmet Aksoy به‌ده‌ستبێنێت كه‌ له‌ وڵاتی به‌ریتانیا ده‌ژیا و یه‌كێك بوو له‌ دامه‌زرێنه‌رانی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی "له‌نده‌ن" كه‌ به‌ ده‌ستی داعش شه‌هید كرا و به‌رپرسانی ئه‌م ڕووداوه‌ هونه‌رییه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌یان پێشكه‌ش به‌ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی "ره‌حیم زه‌بیحی" كرد.

خاتوو "حه‌لیمه‌ ئه‌حمه‌دزاده‌" هاوسه‌ری ڕه‌وانشاد "ره‌حیم زه‌بیحی" له‌ پامێكی دیمه‌نیدا كه‌ له‌ شه‌وی چوارشه‌مه‌ 28ی ئه‌پرێلی 2021 له‌ ڕێوڕه‌سمی كۆتایی دوازده‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی كوردی "له‌نده‌ن" له‌ وڵاتی به‌ریتانیا به‌ شێوه‌ی ئۆنلاین بڵاوكرایه‌وه‌، گوتی: سڵاو و ڕێز بۆ هه‌موو لایه‌ك، ماندوونه‌بن، هیوادارم كه‌ ته‌ندروستیان باش بێت، زۆر به‌خته‌وه‌رم كه‌ فیلمی "نانی پیرۆز" له‌م فێستیڤاڵه‌دا به‌شداربوو. خۆزگه‌ ڕه‌حیم له‌ ژیاندا بوایه‌ و بۆخۆی له‌وێی ئاماده‌ ده‌بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ قه‌ده‌ر مۆڵه‌تی پێنه‌دا. هیوادارم كه‌ هیچ مرۆڤێك بۆ وه‌ده‌ست خستنی بژێوی ژیان نه‌مرێت، نه‌كوژرێت و له‌ سه‌رمادا ڕه‌ق نه‌بێته‌وه‌ و چیدیكه‌ كۆڵبه‌ری نه‌بینین. هیوادارم كه‌ به‌رهه‌مه‌كانی داهاتوومان، هه‌مووی سه‌باره‌ت به‌ ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیان بێت. زۆر سپاس بۆ هه‌موو لایه‌ك.

بڵاوكردنه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ دیكۆمێنتارییه‌، له‌ ئه‌ستۆی كۆمپانیای"تسویر گستر الهه‌ پارسی" (ئێلی ئیمه‌یج) Eli Image به‌ به‌رپرسیارییه‌تی خاتوو "ئیلاهه‌ نه‌وبه‌خت"ـه‌. "مێهمێت ئاكسوێ" سینه‌ماكاری لاوی كوردی دانیشتووی وڵاتی به‌ریتانیا كه‌ له‌ زانكۆی "گۆڵدسمیت" Goldsmiths له‌ شاری له‌نده‌ن، مه‌سته‌ری لقی ده‌رهێنانی سینه‌مای ده‌خوێند، سه‌رقاڵی سازكردنی فیلمێكی دیكۆمێنتاری سه‌باره‌ت به‌ خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان بوو كه‌ سه‌ردانی شاری ڕه‌قه‌ی كردبوو و ڕۆژی 26ی سێپته‌مبه‌ری 2017 هێزه‌كانی داعش ده‌ستڕێژیان بۆ سه‌ر ئه‌و و "ئێریك كۆستاندۆ" په‌یامنێری ئافه‌ره‌تی هاوڕێیان كرد و به‌داخه‌وه‌ له‌م ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌دا هه‌ر دووكیان گیانی خۆیان به‌ختكرد.

ئاكسوێ له‌ شاری مرێش له‌ باكووری كوردستان له‌ دایك بوو و چه‌ند ساڵ دواتر، به‌ هۆی گوشار و زوڵم و زۆری حكومه‌تی توركیا به‌ هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ره‌و وڵاتی به‌ریتانیا كۆچیان كرد و له‌وێی درێژه‌ی به‌ خوێندندا و یه‌كێك بوو له‌ دامه‌زرێنه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی "له‌نده‌ن".

دوازده‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی "له‌نده‌ن" و هه‌شته‌مین خولی پێشبڕكێی كورته‌ فیلمی ڕێزلێنانی سینه‌ماكاری هه‌رمانی كورد "یه‌ڵماز گۆنای" Yılmaz Güney به‌ نمایشی 118 به‌رهه‌م له‌ سێ به‌شی فیلمه‌ بڵینده‌ سینه‌ماییه‌كان، به‌ڵگه‌فیلمه‌كان، كورته‌ فیلمی چیرۆكی و ئه‌نیمه‌یشنی له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی، له‌وانه‌؛ به‌شی "پێشبڕكێی سه‌ره‌كی"، به‌شی "پێشبڕكێی كورته‌ فیلم"، به‌شی "پێشبڕكێی كورته‌ فیلمی دیكۆمێنتاری"، به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی، له‌وانه‌؛ به‌شی "هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌ باشترین به‌رهه‌مه‌كانی یه‌ڵماز گۆنای"، به‌شی "چاوخشاندنێك به‌ به‌رهه‌مه‌كانی سینه‌ماكاری كورد كازم ئۆز" Kazım Öz، به‌شی "چاوخشاندنێك به‌ به‌رهه‌مه‌كانی سینه‌ماكاری كورد وه‌یسی ئاڵتای" Veysi Altay، به‌شی "كورته‌ فیلمه‌ ئه‌نیمه‌یشنییه‌كان"، به‌شی "ڕۆژێك ڕۆژگارێك له‌ كوردستان"، به‌شی "منداڵان له‌ فیلمدا"، به‌شی "ژنان له‌ فیلمدا"، به‌شی "جه‌ژنی كه‌لتووری"، به‌شی "سینه‌مای كلاسیكی كوردی"، به‌شی "خه‌بات درێژه‌ی هه‌یه‌"، به‌شی "ئه‌وپه‌ڕیی سنووره‌كان"، به‌شی "شه‌ڕ له‌سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما"، به‌شی "چیرۆكه‌كان له‌ تاراوگه‌" و هه‌روه‌ها به‌شی "مه‌ستێر كلاسی سینه‌ماكاری كورد ئیبڕاهیم سه‌عیدی" و به‌شی "مه‌ستێر كلاسی سینه‌ماكاری كورد حوسێن كارابای" له‌ ڕۆژانی 16 تا 27ی ئه‌پرێلی 2021 به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆڕۆنا به‌ شێوه‌ی ئۆنلاین له‌ شاری له‌نده‌ن پێته‌ختی وڵاتی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌چوو.

فیستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن كه‌ ساڵی 2001 ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كردووه‌، گه‌وره‌ترین فیستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیا سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵكی كورد یا ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ كورده‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ دێته‌ئه‌ژمار، كه‌ هه‌موو ساڵێك به‌ به‌شداریی به‌رهه‌می سینه‌ماكارانی كورد و بیانی؛ له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی، ڤۆركشۆپی فێركاریی، كۆبوونه‌وه‌ی پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی، كۆڕی ‌ڕه‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی فیلمه‌كان و ... له‌ شاری له‌نده‌ن له‌ وڵاتی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ستافی ئاماده‌كردنی فیلمی دیكۆمێنتی "نانی پیرۆز" بریتین له‌: نووسین و ده‌رهێنه‌ر: ڕه‌وانشاد ڕه‌حیم زه‌بیحی، به‌رهه‌مهێنه‌ر: تووره‌ج ئه‌سڵانی، مونتاژ: ئه‌میر ئه‌دیب په‌روه‌ر، دیزاینی ده‌نگ: مه‌حموود خورسه‌ند، موزیك: سادق ئازمه‌ند، گۆرانیبێژی تیتراژ: خاتوو ژیوار شێخوالئیسلامی، وێنه‌گره‌كان: محه‌مه‌د نووری، محه‌مه‌د فه‌كووری، مێهدی ئازادی، سه‌لاح كه‌ریمی، ده‌نگهه‌ڵگر: زانیار كاكه‌خانی، دانانی سه‌رمایه‌: حه‌لیمه‌ ئه‌حمه‌دزاده‌، فریشته‌ جوغه‌تایی، دیمه‌نه‌ تایبه‌ته‌كان و چاككردنی ڕووناكی و ڕ‌‌ه‌نگ: عه‌لیڕه‌زا قادری ئه‌قده‌م، به‌رنامه‌داڕێژ و یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر: عوسمان محه‌مه‌دی، فۆتۆگرافه‌ر: فه‌رید نیكخواه‌، به‌ڕێوه‌به‌ریی ڕاگه‌یاندنی گشتیی: مه‌نسوور جیهانی و مه‌نووچێهر جیهانی، به‌رهه‌می هاوبه‌ش: ئیلاهه‌ نه‌وبه‌خت، بڵاوكردنه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی: كۆمپانیای "تسویر گستر الهه‌ پارسی" (ئێلی ئیمه‌یج)، به‌رهه‌می كۆمپانیای سینه‌مایی "ماد موڤی" MAAD Movie، ساڵی به‌رهه‌مهێنان: 2020.

مه‌نسوور جیهانی

 

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.