توێژینەوەکان دەڵێن لە 70% ی خەڵک تووشی ڕاچڵەکین و لەرزین دەبن لەکاتی خەودا، ڕاچڵەکین و لەرزین لەکاتی خەودا لەئەنجامی گرژبوونی ماسولکەکانەوە ڕووئەدەن بەشێوەیەکی لا ئیرادی کاتێک کەسەکە بێ ئاگایە .
ڕاچڵەکین زیاتر لەھەموو جەستەدا ڕووئەدات کاتی خەو ، بەڵام ھەندێک جاریش لەوانەیە تەنیا بەشێکی لەش بگرێتەوە وەکو : قۆڵەکان ، قاچ، ھەندێک جاریش کەسەکە لەوانەیە دەنگێکی لێوە بێت یان بقیژێنێت . وەھەندێک جار کەسەکە لەخەو ھەڵدەستێنێت و ھەستی کەوتنەخوارەوەت لا دروست دەکات .
زۆرێک لەتوێژینەوەکان دەڵێن ئەم جوڵە و لەرزینە لەئەنجامی خاڵیبونەوەی بارگەی کارەبایە لە دەمارەکاندا، کەبەشێوەی سیگناڵ بۆ مێشک دەڕوات و مێشکیش بە شێوەی جوڵەیەک دەریدەبڕێت .
ھەتا ئێستا ھۆکاری تەواوی ئەم کێشەیە نەزانراوە ، بەڵام ھەندێک تێۆری ھەیە کە دەڵێت لەوانەیە بەھۆی ئەم ھۆکارانە بێت :
1- دوو دڵی و سترێس :
ئەو شێوازی ژیانەی ئەمڕۆکە پیایدا تێپەڕدەبین و پڕە لە سترێس و دڵەڕاوکێی و دوودڵی و ماندووی زۆر ، کاریگەریەکی زۆری ھەیە لەسەر کاتی پشودان و خەوتنمان . لەبەرئەوەی سترێس و شڵەژانی باری دەروونی مێشکمان بە ئاگایی دەھێڵێتەوە، کەئەمەش وادەکات مێشک سیگناڵی کارەبایی بنێرێت بۆ دەمار و ماسولکەکان ، ئەمەش دەبێتە ھۆی ڕاچڵەکین و گرژبوون .
2- بەکارھێنانی زۆری وریاکەرەوەکان :
کافایین و نیکۆتین کاریگەرییان ھەیە لەسەر توانای لەش بۆ خەوتن بە شێوەیەکی سروشتی، یاخود توانای مانەوە لەخەودا بۆ کاتی پێویست. ئەم وریاکەرەوانە وادەکەن کە مێشکی مرۆڤ پشووی تەواو نەدات و نەچێتە قۆناغی خەوی قوڵەوە .
3- ئەنجامدانی وەرزش :
ڕوونە کە وەرزش کاریگەرییەکی باشی ھەیە لە چالاککردنی لەش و جەستە، بەڵام ئەنجامدانی لەکاتێکی دڕەنگی ئێواراندا و نزیک کاتی خەو، وادەکات جەستە نەتوانێت پشوو بدات لە کاتی خەودا، کەئەمەش دەبێتە ھۆی ڕاچڵەکین و لەرزین .
4- ھەندێک خووی خراپی خەوتن :
ھەندێک خووی خراپ پێش خەوتن یاخود لەکاتی خەوتندا ، بۆ نموونە ؛ خەوی ناڕێک و پچڕ پچڕ ، دڕەنگ خەوتن ، بەکارھێنانی ئامێری زیرەک پێش خەوتن ...ھتد . ئەمانە ھەمووی ھۆکارن بۆ ڕاچڵەکین لە کاتی خەودا .
چۆن خۆمان بپارێزین لە ڕاچڵەکینی کاتی خەو ؟
ڕاچڵەکین لەکاتی خەودا، مانای ئەوە نییە ئەو کەسە نەخۆشە، بە ھەندێک گۆران لە شێوازی ژیان و لایف ستایلدا، دەتوانرێت ڕاچڵەکین و گرژی کەمبکرێتەوە. ئەمەش ھەندێک ئامۆژگارییە بۆ کەمکردنەوەی لەرزین و ڕاچڵەکینی کاتی خەو:
1- دووربکەوە لە کافایین :
بەتایبەت لە کاتی پێش خەودا، کە تەحفیزی مێشک دەکات و وادەکات مرۆڤ بە ئاگا بێت، ھەر بۆیە دەبێت کەمبکرێتەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو. باشترە ئاو و چا ڕووەکیەکان بخورێت لەو کاتەدا.
2- دوور بکەوە لەئەنجامدانی وەرزش بەشەو :
وەرزشکردن کارێکی بەسوودە ، بەڵام ئەنجامدانی لە کاتی شەودا و نزیک کاتی خەو، ئەگەری گرژبوونی ماسولکەکان زیاد دەکات و ئەمەش ڕاچڵەکین زیاد دەکات لە کاتی خەودا . باشترە وەرزش لە بەیانیان زوودا ئەنجامبدرێت و لەژێر تیشکی خۆردا، کە ئەمە وادەکات خاوبوونەوەی ماسولکەکان زیاتر بێت لە کاتی پێش خەوداو خەویش قوڵتر بێت .
د ۰ ههڤین کهمال شاه محمد - پسپۆڕ له زانستی ئازار و بێھۆشکاری
ئهندامی پڕۆڤیشناڵی ئهکادیمیایی ئهمریکی بۆ ئازار شکاندن
ئا- كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.