Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 09:22

پێشتر کۆڕۆنا، ئێستەش دۆسیەی سیخوڕی بە سیاسی دەکرێت و سیاسەتی پێوە دەکەن!

بە گوێرەی مادە ٨٨ لە دەستووری عێڕاق، دادگاکان سەربەخۆن و نابێت هیچ کەس و لایەنێک دەستێوەردان لە بڕیارەکانی دادگا بکات
کوردستان TV
100%

پێشتر کۆرۆنا، ئێستەش دۆسیەی  سیخوری بە سیاسی دەکرێت و سیاسەتی پێوە دەکەن!

دۆسیەی سیخوری و تێکدەری، کاتێک بە بەڵگەوە وە لەسەر بنەمای دادگەری و دانپێدانانی تاوانباران لە هەر وڵاتیک، بە وڵاتانی ئەوروپاشەوە بسەلمێنرێت، ئەوا بێی دوو دڵی وە بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و تاوانباران بە سێزای خۆیان دەگەینرێن و بێی ئەوەی کەس و لایەن و هاو سەرۆک مافی ئەوەیان  هەبێت بابەتەکە بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکار بێنن و بیکەن بە بابەتی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات یاخود وەک کەرەستەیەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە سوودی لێوەرگیرێت، کە چی لە هەرێمی کوردستان، چۆن حزبەکانی دەست ڕۆیشتوو و خەڵکانێک لە سلێمانی،  دوێنێ کۆرۆنای یان بۆ چەند مەرامێکی سیاسی-حزبی بە سیاسی کردو، بوونە هۆکاری گیان لەدەستدانی سەدان کەس، دواتر خۆیان لێی بێی بەری کرد؛ ئەمڕۆش بەهەمان عەقلیەت، هەر ئەم خەڵکانەن دەیانەوێت وەبەرهێنانی سیاسی لە دۆسیەیەکدا بکەن کە سەرتاپای دۆسیەکە بە بەڵگەو، لەسەر بنەمای دانپێدانانی، خودی دەسگیرکراوان سەرقاڵی کاری سیخوری و پشێوی بوون لە هەرێمی کوردستان.

ئێستە مۆدێلی بە سیاسیکردنی پرسەکان لە هێزو لایەن و هاوسەرۆکەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ گەمەی سیاسی چەند پەرلەمانتارێک کە بەحساب پێگەی جەماوەری خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە دامێنی ئەم کەیسە قایم دەکەن! بەڵام لەسەر حسابی لەبار چوونی ئاسایشی وڵات  و ڕێز نەگرتن لە پرەنسیپی دابەشکاری دەسەڵاتەکان.

 هەڵوێستی ئەو چەند پەرلەمانتارە لەمەڕ دۆسیەکە، جگە لە بانگەشەیکی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکان و خۆ دەرخستنی سیاسی لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی و سومعەی دادگاکان لە هەرێمی کوردستان و سومعەی ئازادییە گشتییەکان هیچی دیکەی لێ ناخوێندرێتەوە.

لەو سۆنگەیەوە، وە لە هەستکردن بە ئەرکی پەرلەمانیم و ڕێزگرتن لە یاساکان کە پەرلەمان دەری دەچوێنێت، ئەم ڕوونکردنەوانەی خوارەوە به پێویست دەزانم بخەمە ڕوو:
١. بە گوێرەی مادە ٨٨ لە دەستووری عێڕاق، دادگاکان سەربەخۆن و نابێت هیچ کەس و لایەنێک دەستێوەردان لە بڕیارەکانی دادگا بکات. بۆیە لێدوانی ئەم چەند پەرلەمانتارانە لەسەر دۆسیەکە، ڕێک دەستێوەردانە لە کاروباری دادگاکان.
٢. بە گوێرەی مادە ٢ی  یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٧ یاسای دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان، دادوەری لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی سەربەخۆیە، جگە لە یاسا، هیچ دەسەڵاتێکی بەسەردا نیە. ئەو هاش و هۆشە سیاسییەی ئەو پەرلەمانتارانە و چەند هێزێکی سیاسی لەسەر دۆسیەکە بریتییە لە فشارێکی سیاسیی بۆ سەر دادوەرەکان و،   هەوڵی تۆقاندنیانە.
٣. بە گوێرەی مادە ٤ی بڕگەی ١ ی یاسای پاشکۆی یاسای داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان، ئەرکی پاراستنی سیستەمی هەرێمی کوردستان و بنچینەکانی و ماڵ و سامانی گشتی، خراوەتە ئەستۆی داواکاری گشتی. لەو گۆشە نیگایەوە، بزاڤی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ بە ڵاڕێدابردنی ڕای گشتی لەسەر دۆسیەکە، وە ڕەوایەتیدان بە کارو چاڵاکییەکانی تاوانباران بە لە بار بردنی سیستەمی سیاسی و تێکدانی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان خۆی تاوانە، چونکە ئەوەی پشتیوانی لە تاوان بکات، وەک ئەوە وایە کە خۆی تاوانەکەی کردبێت.

بە گوێرەی دانپێدانانی دەسگیرکراوان،  پەیوەندییان لەگەڵ پ.ک.ک هەبووە، بەنیازبوون کاری پشێوی بە پیلانی پ.ک.ک لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، ئەمەش  خودی ڕاستییە تاڵەکەیە، کە بەداخەوە وێڕای ڕاستی بابەتەکە و مەترسی دۆسیەکە بەڵام دەلالی سیاسی بۆ کڕێنی دۆسیەکە هەن تا نان و پیازێکی سیاسی پێوە بخۆن.

رێبوار بابکەیی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

دیدی رۆژنامه

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.