ئه‌م كتێبه، كه لةبڵاوكراوه‌كانی رۆژنامه‌ی خه‌باته و (دڵشاد مسته‌فا وه‌سانی) نووسیویه‌تی، له‌م رۆژانه له چاپ ده‌رچووه و كه‌وته به‌ردیدی خوێنه‌ران، كتێبه‌كه 176 لاپه‌ڕه‌یه، نه‌خشه‌سازی ناوه‌رۆك و به‌رگی له لایه‌ن شكار عه‌فان نه‌قشبه‌ندی بۆ كراوه.
كتێبه‌كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی كتێبه به نرخه‌كه‌ی (بۆ مێژوو)ی سه‌رۆك بارزانی یه. نووسه‌ر پێی وایه كتێبی (بۆ مێژوو)ی سه‌رۆك بارزانی كتێبێكه پڕ له زانیاری و دۆكیۆمێنت و له هه‌مان كاتیش‌دا شیكارییه.
له‌باره‌ی ئه‌م كتێبه‌وه نووسه‌ر( دڵشاد مسته‌فا ) به ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی راگه‌یاند " له‌وانه‌یه زۆر كه‌س هه‌بن پێیان وابێ كتێبه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بیره‌وه‌رییه، به‌ڵام (بۆمێژوو) نووسینێكه پڕ له زانیاری و شیكاریی بۆ بابه‌ته‌كان كراوه و رووبه‌رێكی به‌رفراوانی بۆ به‌ڵگه‌نامه ته‌رخان كراوه".
هه‌روه‌ها دڵشاد مسته‌فای نووسه‌ر ده‌ڵێ" ئه‌وه‌ی كه كتێبه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه، ئه‌وه‌یه كه سه‌رۆك بارزانی له ناو رووداوه‌كاندا بووه، بۆیه زانیاری نوێی تێدایه و له هه‌مان كاتیش‌دا شیكاریی بۆ رووداوه‌كان و بابه‌ته‌كان كردووه".
ئا- كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.