Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 20:47

وه‌زیری ناوخۆ: هه‌میشه‌ سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چاکسازی بکه‌ین

کوردستان TV
#7
100%

ئه‌مرۆ وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ به‌دواداچوون له‌باره‌ی یاسای چاكسازی كۆبووه‌وه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوومه‌وه‌، به‌دواداچوونمان بۆ یاسای چاكسازی کرد و ئامانجمان بوو په‌رله‌مان له‌ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌دا، پشتگیری زیاتری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆوە هه‌بوو، بۆ لیژنه‌كه‌مان شیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ چ قۆناغێكداین.

وه‌زیری ناوخۆ دووپاتی كرده‌وه‌‌، ئێمه‌ به‌گشتی وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌كو وه‌زاره‌تی ناوخۆ هەمیشە سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چاكسازی بكه‌ین و داوای هاوكاریش له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین.

وه‌زیری ناوخۆ گوتیشی، ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی پێویستبوو بۆ دروستكردنی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی، یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسه‌وانی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌ واژۆی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌رچووه‌، له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌دا بڕیاری لێدراوه‌، دوای ئه‌مه‌ش وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ست به‌دروستی كردنی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ده‌كات.

وه‌زیری ناوخۆ رایگه‌یاند: ئەم پڕۆژەیەمان بۆ لیژنەی دارایی شیكردەوە كە پڕۆسەیەكی پشوودرێژە، بۆیە هەم پێویستی بە پشتگیری زیاتری پەرلەمان هەیە، هەمیش پشتگیری و هاوكاریی لایەنە سیاسییەكان، بایەتی پاسەوانی بابەتێكی گشتگیرە، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەم، لەو بڕگەیەی پەیوەستە بە حزبەكان هاوكارییەكی باشمان بكەن، تا بتوانین لە ئایندەیەكی نزیكدا خشتە و رێنمایی رێكخستنی پاسەوانیی بارەگای لایەنە سیاسییەكان دەربكەین.

وه‌زیری ناوخۆ ئاشكراشی كرد، بێجگه‌ له‌مه‌، وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێداچوونه‌وه‌ی‌ به‌ راژه‌ی هەموو ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ شارستانییانه‌دا كردۆتەوە، كه‌ له‌ رووی مووچه‌ و پله‌وه‌ لادانێك هه‌بووه‌ له‌ رێنمایی و یاساكان، ئه‌وه‌شمان خستووه‌ته‌ به‌رده‌م لیژنه‌ی دارایی.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، پڕۆسه‌ی چاكسازی ته‌نیا له‌ یاسای چاكسازی كورت ناكرێته‌وه‌، ئێمه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ئه‌و كابینه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای چاكسازیی ده‌ستمان به‌كاركردووه‌.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.