Erbil 38°C شەممە 04 کانوونی دووەم 04:24

ئافره‌ت له‌شانۆی‌ کوردیدا ..

کوردستان TV
100%

ره‌نگه‌ ‌لای‌ زۆربه‌‌مان  شاراوه‌ نه‌بێت، مێژووی‌ شانۆی‌ كوردی‌ مێژوویه‌كی‌ دوورودرێژ نییه‌، سه‌ره‌تاكانی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌م هونه‌ره‌ له‌ كۆمه‌ڵگای‌ كورده‌واریدا تازه‌ وا سه‌ده‌یه‌ك تێده‌په‌ڕێنێت ، وه‌لێ‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ره‌هه‌ندگه‌لێكی‌ جۆراوجۆری‌ بۆ باس و تاوتۆكردن خستۆته‌ ئاراوه‌، یه‌كێك له‌و ره‌هه‌ندانه‌ پرسی‌ (ژن)ه‌، له‌راستیدا پرسی‌ ژن له‌شانۆی‌ ئێمه‌دا له‌ دوو لایه‌ندا خۆی‌ به‌رجه‌سته‌ كردووه‌، یه‌كه‌میان: به‌شداریكردنی‌ ژنانی‌ هونه‌رمه‌نده‌ له‌ ره‌وتی‌ بزاڤه‌ شانۆیه‌كه‌دا، له‌سایه‌ی‌ هه‌لومه‌رجێكی‌ ژیاریی نه‌ریتخوازی دواكه‌وتوودا .

دوومیشیان: نمایشكردنی‌ ره‌وشی‌ ژیانی‌ ئافره‌تانه‌ له‌ سه‌رئاستی‌ هه‌موو ركێفه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ ته‌واو پیاوسالاردا.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ردوو بواره‌كه‌ش ژنی‌ كورد بوون و كارایی خۆی‌ سه‌لماندووه‌.

11

 راسته‌ له‌سه‌ره‌تادا پیاوان رۆڵی‌ ژنانیان له‌ سه‌ر شانۆ نواندووه‌، به‌ڵام زیاد له‌ نیو سه‌ده‌یه‌ ژنی‌ كورد له‌سه‌ر ته‌خته‌ی‌ شانۆ راوه‌ستاوه‌ و بوێرانه‌ و به‌گیانێكی‌ پڕ له‌هیواو داهێنانه‌وه‌   ده‌نگ و ره‌نگ و به‌هره‌ی خۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات ،له‌ شاری‌ سلێمانی‌ له‌ساڵی‌ 1930ه‌وه‌ كچانی‌ سلێمانی‌ (له‌ قوتابخانه‌ی‌ زه‌هرا) سه‌ر ئامه‌دبوون ودوو شانۆگه‌ریان به‌ناوی‌(دایك) و(ئینسان چی‌ بچێنێت ئه‌وه‌ ئه‌دوورێته‌وه‌) پێشكه‌شكردووه‌ كه‌ ته‌واوی‌ كاره‌كته‌ره‌كانی‌ له‌لایه‌ن كچانه‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌، پاشان هه‌ر له‌م شاره‌دا توانستی‌ هونه‌ریی و ئه‌كادیمی‌ ژنانی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ شانۆكار جارێكی‌ تر سه‌لمێندراوه‌ و ناویان خراوه‌ته‌ سه‌ر تیپ و هۆڵی‌ شانۆیی وه‌ك (هۆڵی‌ به‌دیعه‌ دارتاش)و (تیپی‌ شانۆی‌ هاوڕێیانی‌ گه‌زیزه‌)و (تیپی هونه‌ری دایكی ئاریان)،ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ تواناكانی‌  هه‌موو ئه‌و خانمه‌ شانۆكارانه‌ی‌  شاره‌كانی‌  كوردستان له‌پارێزگاكانی هه‌ولێرو دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌و كه‌ركووك و ئیداره‌كانی  گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین و  له‌ده‌ڤه‌ره‌ و پارچه‌كانی تری نیشتیمان .

ژنی‌ كورد هیچ كات پرسه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ خۆی‌ فه‌رامۆش نه‌كردووه‌، ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌وبه‌شدارییه‌ جومگه‌یی و بنچینه‌ییه‌دا كه‌ له‌نێو په‌یامی‌ شانۆی كوردیدا له‌پێش راپه‌ڕین نواندوویه‌تی‌ ، له‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ سه‌ختی‌ شانۆی‌ كوردی‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی جینۆسایدی‌  گه‌لی‌ كورد وسڕینه‌وه‌ی‌ ناسنامه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یدا..

22

 به‌ده‌یان رۆڵ وبه‌رهه‌می‌ ناوازه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌كانی‌ ژنان له‌دوای‌ راپه‌ڕین ئاماده‌و پێشكه‌شكردووه‌، بێگومان ئه‌م پرۆسێسه‌ش نه‌ك به‌ته‌نها سه‌روه‌رییه‌ بۆ ژنی‌ كورد به‌ڵكو به‌سه‌ركه‌وتنێكی‌ بابه‌تیانه‌ش داده‌نرێت له‌ ره‌وشی‌ شانۆی‌ كوردیدا . كارێكی‌ ئاسان نییه‌ له‌ هه‌لومه‌رجێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ سه‌ختی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌مه‌ڕئێمه‌دا و له‌ساته‌وه‌ختێكی‌ مێژوویی پڕ له‌ ئاریشه‌و دژواریدا ئه‌م ئاماده‌ییه‌ بێته‌ ئاراوه‌ ، ئه‌گه‌ر بوێرییه‌كی‌ گه‌وره‌ وئیراده‌یه‌كی‌ مه‌زنتری‌ له‌ دوواوه‌ نه‌بێت. هه‌ر ئه‌م بوێریه‌شه‌ زه‌مینه‌ی‌ بۆ ئافره‌تی‌ كورد ره‌خساندووه‌ كه‌له‌ژیانی‌ رووناكبیریی كۆمه‌ڵگاكه‌یدا گۆشه‌گیرو بێنه‌وا نه‌بێت وده‌نگ وره‌نگی‌ خۆی‌ له‌نێو بینراوه‌ شانۆییه‌كه‌ی‌ كوردستاندا به‌دیاربخات. كه‌م ده‌رفه‌ته‌شدا پێویسته‌ به‌به‌رزی و سوپاسه‌وه‌ رۆڵ و كارایی ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ شانۆكارانه‌ بنرخێنین كه‌ له‌تاراوگه‌وه‌و له‌ ناو ته‌متوومانی غوربه‌ته‌وه‌ ده‌ستیان له‌ عیشق و په‌یامه‌كه‌یان به‌رنه‌داوه‌و هه‌رده‌م به‌به‌خششی جوانیان به‌شداربوون له‌ بینراوه‌ شانۆییه‌كه‌ی كوردستاندا.

 دروود بۆ خانمه‌ شانۆكاره‌ پڕ هه‌ڵوێست و سه‌ربه‌رزه‌كانی بزاڤه‌ شانۆییه‌كه‌مان كه‌ به‌ ئیراده‌ی به‌هێزو به‌هره‌ی به‌رزیان نه‌خشی خۆیان له‌ هونه‌ری كوردیدا دره‌وشاندووه‌ته‌وه‌

 ن- ئه‌رسه‌لان ده‌روێش

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.