Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 18:48

نێچیرڤان بارزانى: ده‌ستوور ده‌بێ دڵنیایى بداته‌ هه‌موو کوردستانییان

کوردستان TV
#7
100%

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند: دەستوورمان بۆ ئەوەیە سیستمی سیاسی لە هەرێمی كوردستان ڕێكبخەین، دەستوورمان بۆ ئەوەیە لەم وڵاتەدا یاسا سەروەر بێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 19/5/2021 لە كۆنفرانسی یەكڕیزی و دەستووردا كە لەلایەن زانكۆی كوردستانەوە لە هەولێر ڕێكخرابوو، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆتا پانێلی كۆنفرانسەكەدا كرد و تیایدا تیشكی خستە سەر چەندین پرسی پەیوەست بە دەستوور و دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق.

سەرەتا لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە دید و بۆچوونی بەڕێزیان دەربارەی ئەو گفتوگۆیانەی لە كۆنفرانسەكەدا پێشكەش كران، هەروەها جموجۆڵە سیاسییەكانی بەمەبەستی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان و پرسی دەستوور ، نێچیرڤان بارزانی گوتی “پێشەكی دەمەوێ سوپاسی هەموو ئامادەبووانی بەڕێز بكەم كە بە قسە و بۆچوونەكانی خۆیان ئەم كۆنفرانسەیان دەوڵەمەند كرد. سوپاسی بەڕێز سەرۆكی حكوومەت و سه‌رۆكى په‌رله‌مان دەكەم، هەروەها سوپاسێكی تایبەت بۆ نوێنەری تایبەتی سكرتێرى گشتیى نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كە بە بەشداریكردنی لەم كۆنفرانسەدا و مانەوەی ئەو ماوە دوورودرێژە لەگەڵ ئێمە هەر لە بەیانییەوە، نیشانەیەكی دیارە بۆ پشتگیری و جددیەتی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش، زۆر سووپاس”.

لە بەردەوامیی وەڵامەكانیدا بەرێزیان ڕایگەیاند: بێگومان زۆر قسە لەسەر پرسی یەكڕیزی و دەستوور كرا، هەندێك لەو قسانە ئەوەی كە بەتەمابووم پێشكەشی بكەم، هەر لە بەیانییەوە بەشێكی جەنابی سەرۆكی حكوومەت بەڕێز مەسروور بارزانی و بەشێكیشی خاتوو ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مان پێشكەشیان كرد. ئەوەی دەمەوێ لەسەر پرسی دەستوور باسی بكەم، دەستوور ئامرازە بۆ ئامانجێك، ئایا ئامانجمان لە پرسی نووسینەوەی دەستوور چییە؟ دەمانەوێ چ ئامانجێك بپێكین؟ دەمانەوێ لە نووسینەوەیدا چی بكەین؟. دەستوورمان بۆ ئەوەیە سیستمی سیاسی لە هەرێمی كوردستان ڕێكبخەین، دەستوورمان بۆ ئەوەیە لەم وڵاتەدا یاسا سەروەر بێت، دەستوورمان بۆ ئەوەیە هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان هەست بە ئارامی بكەن لەم وڵاتەدا، هەست بە ئایندەیەكی باشتر بۆ خۆیان و نەوەكانیان بكەن. ئامانجی نووسینەوەی دەستوور ئەوەیە پرسی هاووڵاتیبوون بپارێزێت كە گرنگترین ئامانجە لە نووسینەوەی دەستووردا. لە عێراق بە شێوەیەكی گشتی جیاوازی زۆرمان هەیە، لە هەرێمی كوردستانیش هەمانە، ئەو پێكهاتانەی لە هەرێمی كوردستانن، پێیان ناڵێین كەمینە، چونكە جوانیی كوردستان لەو مۆزایكەی پێكەوەژیانەدایە كە هەموومان پێكه‌وه‌ لەم وڵاتەدا دەژین، جوانیی هەرێمی كوردستان لەوەدایە. بیرتان دەهێنمەوە ساڵی 2014 كە داعش بەرەو هەرێمی كوردستان هات، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا قسەیەكی كرد و پشتگیریی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و گوتی (پێكەوەژیان هەیە)، ئەو شتەی كە پێویستە بەردەوام شانازی پێوە بكەین ئەوەیە كە پێكەوەژیان لەم وڵاتەدا هەیە، جوانیی كوردستان لەوەدایە كە هەموو ئەو نەتەوانەی لە هەرێمی كوردستان دەژین، هەموومان كوردستانین. بێگومان پێویستە ئەم دەستوورە دڵنیایی بداتە ئەم پێكهاتانە، ئەو قسانەی ئەمڕۆ لەم كۆنفرانسەدا كران بەتایبەتی ئەو پانێڵەی كە پێش ئێمە بەڕێوەچوو هی ئەو نەتەوانەی لە كوردستان دەژین، ئەوەی نیشان دا كە تا ئێستا دڵنیا نین. دەستووری هەرێمی كوردستان دەبێت دڵنیایی بداتە ئەم خەڵكە. دەستووری هەرێمی كوردستان هەروەك خاتوو ڕێواز فایه‌ق باسی كرد، بە سوپاسەوە لە پەرلەمانی كوردستان دەستیان پێكرد و دوای ئەوە لەگەڵ ئێمەش باسیان كرد. ئێستا ڕوونە كە پێویستیمان بەوەیە زیاتر لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی قسە بكەین، چونكە دەستوور هەروەك بەڕێز سەرۆكی حكوومەت ئەم بەیانییە ئاماژەی پێكرد و دەمەوێ دووپاتی بكەمەوە بۆ یەك حزب نییە، دەستوور بۆ یەك نەتەوەش نییە، دەستوور بۆ یەك پێكهاتەش نییە، دەستوور بۆ هەموو ئەو كوردستانیانەیە كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین، بۆیە دەبێت ڕەنگدانەوەی بیروبۆچوون و گرنگیپێدانی هەموو ئەو پێكهاتانە بێت كە لە هەرێمی كوردستان دەژین و ئەمەش گرنگە. لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەست بەوە دەكەین كە هەنگاوی كرداری بۆ نووسینەوەی دەستوور بهاوێژین. هەندێك لە لایەنەكانمان بینیوە، بەڵام گەشتەكەمان هێشتا تەواو نەبووە و سەردانی لایەنەكانی دیكەش دەكەین و لەسەر ئەم پرسە زۆر بە جددی دەوەستین، دەمانەوێت دەستوورێك بێت بۆ هەرێمی كوردستان كە جێگەی دڵنیایی و ئومێدی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بێت”.

دەربارەی پرسی یەكڕیزیش، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد “یەكڕیزی شتێكی زۆر زۆر گرنگە، لە مێژووی خۆماندا و لەو وێستگانەی كە پێكه‌وه‌ بووین، بێگومان وەك حزب جیاوازیمان زۆرە، بەڵام دەبێت لەسەر یەك شت ڕێكبكەوین، پێناسەیەك كە هەموومان كۆبكاتەوە، یەك شت كە هەموومان كۆبكاتەوە. بۆ نموونە كە شەڕی داعش بوو، پێشمەرگە ئەو شوناسنامەیە بوو كه‌ هەموو كوردستانییانی لە دەوری خۆی كۆكردەوە و شەرەفێكی گەورە بوو، لەو شەڕەدا كەس نەیگوت ئەمە یەكێتییە و ئەمە پارتییە و ئەمە گۆڕانە و ئەمە مەسیحییە و ئەمە ئێزدییە، هەموو لایەك پێكه‌وه‌ بەرگرییان لە كوردستان كرد، پێشمەرگە بوو بە سیمبول و ناسنامەی نیشتمانی، پێویستە زیاتر پەرەوە بەوە بدەین و هەوڵ بدەین پێناسەیەك لە هەرێمی كوردستان بۆ خۆمان دروست بكەین كە هەموو لایەكمان لەسەری كۆك بین، لەوانەیە دەستوور یەكێك لەو دەرگایانە و لەو شتانە بێت بزانین هەم ئەركه‌كانمان چییە و هەم مافەكانمان چییە، ئەگەر هەموو لایەك ئەمەیان زانی، دەتوانین چەمكی هاووڵاتیبوون لەم وڵاتەدا زیاتر پەرەی پێ بدەین. پرسی ئەو پرەنسیپانەی تا ئێستا هەرێمی كوردستانیان پاراستووە، با سەیری ئەو قۆناغانە بكەین، هەر لە ساڵی 1991ەوە كە بەرەی كوردستانی دانرا و هەموو هێزەكان بەشدار بوون، توانیمان دەستكەوتی گەورە بەدەست بهێنین، چونكە پێكه‌وه‌ بووین. لە قۆناغەكانی دیكەی دوای ئەوە، لە نووسینەوەی دەستووری عێراقدا پێكه‌وه‌ بووین، لە شەڕی داعشدا پێكه‌وه‌ بووین، تا ڕاده‌یه‌كى زۆر پێكه‌وه‌ بووین، بەم دواییەش هەندێك لەو شتانەی لە پەرلەمانی عێراقدا ئەنجام دران پێكه‌وه‌ بووین و توانیمان هەندێك دەستكەوت بەدەست بهێنین، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەركی یەكڕیزیی ئێمە تەواو بووە، یان دەبێت زیاتر پەرەی پێ بدەین؟ دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین ئەوەی لە دەستووری عێراقیشدا بۆ هەرێمی كوردستان چەسپاوە، بەڵگەیەكی زۆر گرنگی مێژوویییە، دوای ساڵی حەفتا تاقە بەڵگەیەكی مێژوویی بە دەستمانەوە بێت، دەستووری عێراقە كە دوای ساڵی 2003 نووسرا، بەڵام با هەموومان یەك پرسیار لە خۆمان بكەین، ئایا لە ساڵی 2003ەوە تا ئەمڕۆ بەغدا دەستووری عێراق و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانی جێبەجێ كردووە؟ لە هەموو ڕوویەكەوە قه‌ت نەیكردووە. ئێمە ساڵی 2003 ئەم دۆخەمان هەبوو، ئەوە نییە بڵێی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو شتێك زیاد بووە، بەڵام ئەگەر پرسیار لە هەموو كوردستانییان بكەین و بڵێین ئێوە لە ئایندەی خۆتان دڵنیان لەم وڵاتەدا؟ پێموایە هەموو پێكه‌وه‌ دەڵێین نەخێر! چونكە تا ئێستاش زۆر بەداخەوە زۆربەی ئەو ماددە دەستوورییانەی كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، جێبەجێ نەكراون. چۆن ئەم ماددانە جێبەجێ دەكرێن؟ چۆن ئەم دەستوورە جێبەجێ دەكرێت؟ یەكەم مەرجی جێبەجێكردن و مەرجی ئەوەی كە هەوڵی بۆ بدەین ئەوەیە دەبێت پێكه‌وه‌ بین، بەم پەرتەوازەییە نە دەتوانین یارمەتیی خۆمان بدەین و نە دەتوانین یارمەتیی عێراقیش بدەین. ئەمڕۆ تەحەددیاتی گەورە لە بەردەم هەرێمی كوردستاندا هەیە، لەسەر بودجە ڕێككەوتین، ئەوە جەنابی سەرۆكی حكوومەت لێرەیە و به‌ڕێز جێگری سەرۆكی حكوومەتیش لێرەیە، تا ئێستا هیچی جێبەجێ نەكراوە، تا ئێستا عێراق یەك لەو شتانەی كە بە یاسا كراوە بۆ هەرێمی كوردستانی جێبەجێ نەكردووە، كەواتە ئەو ئەركانەی لەسەر شانمانە ئەوەیە دەبێت پێكه‌وه‌ بین و یەكڕیز بین، زۆرمان لە پێش ماوە كە دەبێت بەو یەكڕیزییە لە بەغدا جێبەجێیان بكەین، باوەڕمان بە سیستمی فیدرالی هەیە، باوەڕمان بەوە هەیە كە كێشەكانمان لە چوارچێوەی عێراقدا و بەپێی دەستووری عێراق چاره‌سه‌ر بكرێن. دەمانەوێت ئەو ماددە دەستووریانەی كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، جێبەجێ بكرێن. دەستووری عێراق مافی بە هەرێمی كوردستان داوە خاوەنی دەستووری خۆی بێت، ئەو دەستوورەی هەرێمی كوردستان دەیبێت، دەبێت دەستوورێك بێت ئەو بەهایانەی هەرێمی كوردستان هەمیشە شانازی پێوە كردوون كە پرسی دیموكراسی و ئازادی ڕادەربڕین لەو پرەنسیپانەن و هەرێمی كوردستانی لە هەموو شوێنەكانی دیكەی عێراقی جیا كردۆتەوە، دەبێت بەردەوام ئەم پرەنسیپانە بپارێزین. لێرە پرسیار ئەوەیە ئایا وەك باس كرا هیچ دەستكەوتێك بەدی نەهاتووە؟ دەستكەوتی زۆر گەورەمان لە سایەی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و خەباتی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانمان و ماندوبوونیان بەدەست هێناوە و ئەوەی هەمانبووە كەم نییە، بەڵام ئایا هەموو شتێك لەم وڵاتەدا تەواوە و هیچ كێشەیەكمان نییە؟ نەخێر زۆر كێشە هەیە، بەڵام گرنگ ئەوە لەپاڵ ئەو كێشانەی لە هەرێمی كوردستان هەن، دەبینین لە هەندێك بواردا بەرەوپێشچوون هەیە، ئەمڕۆ پرسی ئابووری كێشەیەكی گەورەی ئەم وڵاتەیە، كێشەی دارایی كێشەیەكی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین هەرێمی كوردستان لە زۆر قۆناغدا پێشكەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو یەكڕیزی و پێكه‌وه‌بوونه‌ بەدەستى هێناوە. ئەمە شانازی نییە بۆ تەنیا یەك حزب، بەڵكو شانازییە بۆ هەموو گەلی كوردستان و ئەگەر پشتیوانی و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و تێگەیشتنی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەبوایە، ئەستەم بوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت تا ئێستا بەردەوام بێت. لەوە ناخۆشتر نییە بۆ هەر سەرۆك حكوومەت و جێگری سەرۆك حكوومەتێك لە جیهان كە نەتوانێت پرسی دابینكردنی مووچە بە تەواوەتی جێبەجێ بكات. دەبێت بزانین ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەركێكی قورسە، ڕاستە پێشتر كێشە هەبووە و ئێستاش كێشە هەیە، بەڵام بە ڕاستی پێشكەوتنی باشیشمان بەدەست هێناوە، لە پرسی شەفافیەت و نەوت و وردبینیی نەوت و بودجەدا پێشكەوتنی باش بەدەست هاتووە و با ئەم شتانە بە كەم نەبینین. پێویستە هەموو ئەو لایەنانەی لە حكوومەتدا بەشدارن، هەست بە ئەركی خۆیان بكەن، دەبێت هەست بەوە بكەن كە بەشێكن لە پرۆسەی سیاسی و بڕیاردان لەم حكوومەتەدا، بەو هۆیەوەش دەتوانن پێكه‌وه‌ كار بكەن و ناكرێت گەر دەستكەوتێك هەبوو هەر لایەنێك بڵێت ئەوە دەستكەوتی ئێمەیە و كاتێكیش دۆخەكە باش نییە بڵێن خەتای فڵان حزبە و خەتای فڵان كەس و فڵان لایه‌نه‌، گەلی كوردستان بە ڕاستی لەو دروشمانە تێگەیشتووە و دەزانێت. دەبێت هەموومان پێكه‌وه‌ ئەو قۆناغە سەختەی لەپێشمانە بەڕێی بكەین. ئەو دەستوورە دەنووسینەوە، بەڵام دەبێت دەستوورێك بێت كە هەموو لایەنەكان لەسەری كۆك بن و دەبێت ئەو یەكڕیزییە بپارێزین و لە هەوڵەكانمان بەردەوام بین تا ئەو دەستكەوتانەی هەمانە لە دەستووری عێراقدا جێبەجێیان بكەین. قۆناغێكی زۆر هەستیارمان لەپێشە، پرسی هەڵبژاردنی عێراقمان لەپێشە، قۆناغێكی گرنگە و هەموو لانەكان خەریكن خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕێكدەخەنەوە، ئێمەش لە هەرێمی كوردستان ئەگەر پەرتەوازە بین و هەریەكەمان بە لایەكدا بڕۆین، ناتوانین هیچ دەستكەوتێك بۆ هەرێمی كوردستان و كوردستانییان دەستەبەر بكەین، بەڵام ئەگەر هەموومان پێكه‌وه‌ بین، بێگومان دەتوانین ئەم قۆناغە سەختە، پەنا بەخوا بەڕێكەین”.

دەربارەی سەقامگیریی سیاسی و هەوڵەكانی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و بەردەوامیی هەوڵەكانی و ئەنجامەكانی، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند “بێگومان هەوڵەكانمان چ لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و چ لەگەڵ بەغدا و چ لەگەڵ دەرەوە بەردەوام دەبن. لە دەرەوە پشتگیرییەكی سیاسیی گەورە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، پێویستە بۆ خۆمان وه‌به‌رهێنان لەم پشتگیرییە سیاسییەدا بكەین تاكو بتوانین كێشەكانی خۆمان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی عێراق و بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بكەین.”

هەر سەبارەت بە پشتگیریی سیاسیی دەرەوە و وتەی خاتوو جینین پلاسخارت نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق لە كۆنفرانسەكەدا و كاریگەرییان لەسەر هەنگاوەكانی بەڕێزیان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتى “ئاشكرایە ئەركەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق چییە، جینین خان كە سەرپەرشتیی ئۆفێسی یۆنامی لە عێراق دەكات، ئەركی ئەم ئۆفێسە یارمەتیدانی عێراقییەكانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و بە سوپاسەوە تا ئێستا ڕۆڵێكی ئەرێنییان بینیوە و هەوڵی جددیشیان داوە كە كێشەكانی نێوان خودی عێراقییەكان بە هەموو شێوەیەك چارەسەر بكەن. لە نامەیەكدا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان وەك هەرێمی كوردستان داوامان كردووە ڕۆڵی یۆنامی زیاتر بەرجەستە بكرێت بۆ یارمەتیدانی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا هەن. ئەوەی مەبەستمانە لە ئەنجامدا سەقامگیریی سیاسیی وڵاتمان دەوێ، بەبێ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی هەن، سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا جێگیر نابێت، ئێستا لەو ناوچانەی پێی دەڵێن مادەی 140، داعش زۆر لە جاران چالاكترە و بەردەوام هەوڵی زیاتر دەدات بۆ تێكدانی ئارامى و ئاسایش لەو ناوچانەدا، ئەگەر بمانەوێت سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا بەدی بهێنرێت، پێویستە ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن. تا ئێستا هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە لە ئایندەی خۆی دڵنیا نییە، ئێمە پێویستیمان بە دڵنیایی هەیە، پێویستە بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەم چوارچێوەیەدا زۆر جددیتر یارمەتیی عێراق بە شێوەیەكی گشتی بدەن، مەبەستمان تەنیا یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو مەبەستمان یارمەتیدانی هەموو عێراقە، كێشەكانی هەرێمی كوردستانیش بەشێكن لەو كێشانەی لە عێراقدا هەن و بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا چارەسەركردنی ئەو كێشانە زۆر گرنگن، بەتایبەتیش نەتەوە یەكگرتووەكان دەتوانن ڕۆڵێكی زیاتر لەمبارەیەوە بیین، بە ڕاستی زۆر سوپاسی هەموو ڕۆڵ و هەوڵەكانیان دەكەین كە تا ئێستا داویانە”.

دواتر ئامادەبووانی پانێل بە چەند پرسیار و تێبینییەك بەشداریان كرد. لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەوەی كە ئایا خاڵی هاوبەش لە خاڵی جیاواز لەنێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستاندا زیاترە، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی “بەڵی لە هەرێمی كوردستان خاڵە هاوبەشەكانمان زۆر لە خاڵە جیاوازەكان زیاترە و گەشبینم كە دەتوانین خاڵە جیاوازەكانیش چارەسەر بكەین. بێگومان جیاوازیی هزریی حزبی و حزبایەتی لەم وڵاتەدا هەر دەمێنێت و ئەمەش بەشێكە لە دۆخی هەرێمی كوردستان. با شتێكی دیكە باس بكەم، جاران كە كێشە لەم وڵاتەدا هەبوو، ترسی ئەوە هەبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەست بۆ چەك ده‌بردرێت و شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت، بە ڕاستی ئەمڕۆ كێشەمان هەیە، بەڵام كەس بیر لەوە ناكاتەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان چەك دژی یەكتری هەڵگرن چ وەك حزبەكان و چ وەك لایەنەكانی دیكەش، ڕاستە ئێمە هێشتا قۆناغی زۆرمان ماوە، بەڵام خودی ئەم پرسە بە ڕای من پێشكەوتنێكە، گفتوگۆی سیاسیمان هەیە و قسەمان هەیە، لەگەڵ یەكتری تەبا نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ لایەنێك لە هەرێمی كوردستان بیر لەوە ناكاتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەیەك پەنا بباتە بەر چەك، پێموایە ئەمە پێشكەوتنێكی گەورەیە لە دۆخی هەرێمی كوردستاندا”.

لە وەڵامی ڕوونكردنەوەیەكی بەڕێز ڕەحمان غەریب سەرۆكی سەنتەری میترۆ سەبارەت بە ناوەڕۆكی دەستووری هەرێمی كوردستان، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد “هاوڕای قسەكانی كاك ڕحمان غەریبم سەبارەت بە دەستوور. حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێم پابەندی ئەو پرەنسیپانەین (ئازادییه‌كان و دیموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادیى ڕاده‌ربڕین و میدیا) كه‌ كاك ڕەحمان باسی كرد و بە دڵنیاییەوە هەموومان لەوە تێدەگەین و ئەو چه‌مكانه‌یه‌ هەرێمی كوردستانیان پاراستووە. ئێمە شەڕمان بۆ ئازادی كردووە، گەلی كوردستان شەڕی بۆ ئازادی كردووە، دروشمی یەكەمی شۆڕش ئۆتۆنۆمى و دیموكراسی بووە. بێگومان دیموكراسی شتێك نییە و دیارییەك نییە وڵاتێك پێت بدات و بڵێت ئەمە دیموكراسییە، بەڵكو پرۆسەیەكی ژیانە. ناڵێم دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان هیچ كەموكوڕییەكی نییە، بێگومان كەموكوڕی هەیە، گرنگ ئەوەیە وردە وردە لەسەر پرۆسەی دیموكراسی بەردەوام بین. ناتوانین دیموكراسییەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دیموكراسییەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەراورد بكەین و جیاوازە، بەڵام پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە ئایا ئێمە لەسەر ڕێچەكەیەكی ڕاستین بەرەو ئەو ئامانجە؟ ئەوە گرنگە، پێویستە لەسەر ئەمە بەردەوام بین، ئەم وڵات و ئەم گەلەی كە شەڕی بۆ ئازاد و دیموكراسی كردووە، تازە بۆ دواوە ناگەڕێتەوە و ئەوە دەزانین و هیچ كاتێكیش كێشەی ئێمە ئەوە نەبووە، بە پێچەوانەوە پشتگیریی ئەو بۆچوونانە دەكەین، بەڵام گەر پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لە هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەك نییە و هەموو شتێكمان تەواوە لەم ڕووەوە؟ نەخێر كێشە هەیە، بەڵام وردە وردە دەبێت ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن. پرۆسەیەك هەیە، پێویستە ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت بەرەو ئەو ئامانجانەی ئەم گەلە بۆ ئازادی و دیموكراسییەت و سەربەخۆیی هەوڵی بۆ داوە و تێكۆشانی بۆ كردووە، بۆیە لەگەڵ قسەكانی مامۆستا ڕەحمان كۆكین”.

دەربارەی ڕوونكردنەوەی بەشداربوویەكی دیكەی پانێڵەكە سەبارەت بە مەترسییەكانی پێكهاتەكان و نه‌هێشتنى ئه‌و مەترسیانە لە دەستووری هەرێمی كوردستاندا، بەڕێزیان گوتی “دەبێت دەستوورێك بنووسرێتەوە بۆ واقعی ئێستای هەرێمی كوردستان، ئەو دەستوورەی دەینووسین دەبێت بەرجەستەی ئەو واقعە بێت كە لە هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە هەمانە. لەو كۆنفرانسەدا كە هەر لە ئەمڕۆ بەیانییەوە دەستیپێكردووە، لە ترس و نیگه‌رانیى هەموو لایەك تێگەیشتین، جا ئەوەی بەرگری لە عەلمانییەت و ئەوەی بەرگری لە ئیسلامییەت و ئەوەی بەرگری لە پێكهاتەكان و ئایینەكان دەكات، تا حەددێكی زۆر ئەو خاڵانەی جێگەی نیگەرانین باس كران و هەموو ئەمانە بە جددی وەردەگرین. ئێمە تا حەددێك ڕۆیشتووین پێكهاتەیەك كە لە شوێنێك زۆرینەن مافی خۆبەڕێوەبردنیان هەبێت و كێشەمان لەسەر ئەمە نییە، ئەزموونێكی زۆر سەركەوتوومان هەبوو لە هەرێمی كوردستان كە دوای ساڵی 2003 له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا پێشمەرگە و ئاسایشمان بۆ ئەوێ نەنارد، یارمەتیی ئەو پێكهاتانەمان دا لەو سنوورانە خۆیان هێزیان هەبێت و خۆیان ناوچه‌كانیان بپارێزن، بە ڕاستی تا ئەو كاتەی داعشیش هات زۆر بە باشی سنووری خۆیان لە هەموو شتێك پاراست. بەداخەوە ئەوەی جەنابی ئەبوونا ساكۆ ئاماژەی بۆ كرد، ئەو مەترسییانە جددین لای ئەو پێكهاتانە، واتە گوشارێكی زۆر لەو پێكهاتانە لەو سنوورانە دەكرێت و نابێت ئەوە بە كەم بزانین. هەمیشە شانازی بەوەوە دەكەین كە هەرێمی كوردستان جێگەی پێكەوەژیان بووە. سەردانی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق، ڕەنگدانەوەی ئەوە بوو، جەنابی قەداسەتی پاپا خۆی ئەو بڕیارەی دا كە سەردانی عێراق بكات و لە عێراقیش سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام پەیامی ئەو پەیامی پێكەوەژیان بوو، ئەو بەهایانە بوون كە ئێمە وەك كوردستانى و حكوومەت و پەرلەمان هەمیشە شانازییان پێوە دەكەین و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەم بەهایانە. ئەو دەستوورە كە نووسراوە و ڕشنووسەكەی هەیە، خۆی میكانیزمى دەستوور نووسراوە، هەندێك وا دەزانن پەرلەمان دەستوورەكە دەسنووسێت، نەخێر بەڵام میكانیزمه‌كه‌ ڕوونە كە دەبێت پەرلەمان ئەو ئەركە جێبه‌جێ بكات، دەبێت پەرلەمان لیژنەی بۆ دانێت، بەڵام مەرج نییە لیژنەكە تەنیا ئەوانە بن كە لەناو پەرلەمانن، دەبێت بۆ نووسینەوەی دەستوور پسپۆڕان و خەڵكی جیاوازی تێدابێت. ڕەشنووسێكی دەستوورمان هەیە كە زۆر شتی باشی تێدایە و گەیشتۆتە هەندێك شتی زۆر باش و پێویستی بە پێداچوونەوەیە كە پەنا بەخوا دەنگی بۆ بدرێت”.

لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەوەی كە لایەنەكانی هەرێمی كوردستان هەر یەكە دەخوازێت لەسەر پێوەرەكانیان دەستوور بنووسرێتەوە و جێگەی پێوەرەكانیان تیادا بكرێتەوە، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی “لە پانێڵی یەكەم قسەی باش كرا، هەندێك قسەی ئەرێنی كرا و هەندێك بۆچوونی باش لەو پانێڵەدا باس كران و هەندێكیشیان كه‌شى هەڵبژاردن و موزایەداتی هەڵبژاردنی تێدابوو كە پێموایە ئەمەش شتێكی ئاسایییە و گرنگ ئەوەیە دەتوانین هەموو ئەو شتانە لە شوێنی خۆی وەڵامی بدەینەوە. لە ڕاستیدا نایبینم كێشەیەكی زۆر گەورە لە پرسی نووسینەوەی دەستووردا هەبێت، گرنگترین شت ئەوەیە ئەو دەستوورەی دەنووسرێت تا ڕادەیەكی زۆر ڕەنگدانەوەی خواست و داواكاریی هەموو پێكهاتەكانی گەلی هەرێمی كوردستان بێت و پێموایە ئەمە لە هەمووی گرنگترە، وەك باسم كرد دەستوور بۆ حزبێك نانووسرێت، بەڵكو بۆ هەرێمی كوردستانە و بۆ ئەوەشمانە كە شتەكان ڕێكبخەین، لەوانەیە چەند ساڵێكی دیكە دەستوور هەموار بكرێتەوە، بەڵام بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان پێویستیمان بە نووسینەوەی ئەم دەستوورە هەیە تاكو كارەكان ڕێكبخەینەوە. پرۆسەی حوكمڕانی و مللەتسازی پرۆسەیەكە بە ساڵ و زەمان دەڕوات. گەر سەیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەین هەر لە ساڵی 1992ەوە تا 2003 هەڵبژاردنمان ئەنجام داوە و لە ڕێگەی سەندووقەكانی دەنگدانەوە پەرلەمانمان دامەزراندووە كە ئەمڕۆ ساڵیادی یەكەم هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بوو، كەواتە لەوكاتیشەوە بڕیار لەسەر ئەوە بووە هەرێمی كوردستان كێشەكانی خۆی لە ڕێگەی سەندووقەكانی دەنگدانەوە یەكلایی بكاتەوە، هەر لە ساڵی 1992ەوە تا ئێستا ئەم پرۆسەیە بەردەوام بووە، بەردەوامیش دەبێت. بۆ هەرێمی كوردستان پرسی خۆبەڕێوەبردن سەرەتا بوو. بیرمە ساڵی 1991 لە بەغدا هەموویان گرەویان لەسەر یەك خاڵ كرد و گوتیان هەرێمی كوردستان ناتوانێت خۆی بەڕێوە ببات و ناچار دەبن دێن دەستیشمان ماچ دەكەن و داوا لە ئێمە دەكەن بگەڕێینەوە كوردستان و حوكم بكەین، لەو كاتەوە تا ئێستا دەبینین حكوومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا و كابینە دوای كابینە، كێشە هەبووە و پێشكەوتن هەبووە و كەموكوڕی هەبووە و دیموكراسییەت وەك پێویست نەبووە، بەڵام بەردەوام بووە و شتەكان بەرەو خراپتر نەڕۆیشتوون و نابێ بەرەو خراپتریش بڕۆن و دەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە ئەم شتانە بەرەو باشتر ببەین. كابینەی پێشتری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەندێك شتی باشی كردووە و هەندێك شتی خراپیشی كردووە، كابینەی پێش ئەویش هەر وابووە و ئەم كابینەیەش وادەبێت و دوای ئەمەش هەر بەردەوام دەبێت، ئەوەی كە دەمێنێتەوە ئەم گەلەیە، ئەم وڵاتەیە كە دەمێنێتەوە، ئەو نەوەیەیە كە دوای ئێمەش دەبێت هەوڵی جددی بدات بۆ پاراستنی ئەو دەسكەوتانەی گەل لەپێناویدا خەباتی كردووە، لەپێناویدا خوێنی ڕشتووە، لەپێناویدا زۆر ئازار و ئەزیەتی بینیوە. ئەگەر پرسیار لە هەریەك لەو بەڕێزانەی لێرە دانیشتوون بكەین، هەریەكەیان چیرۆكێكیان لە نەهامەتی و بەدبەختی و ناخۆشی هه‌یه‌ كە بەسەریان هاتووە، مەبەستم ئەوەیە هەموومان بەرامبەر ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان بەرپرسین وكەسمان بەدەر نین و پێویستە پرسی چەمكی هاووڵاتیبوون لە هەرێمی كوردستاندا لە سەرووی هەموو شتێكەوە بێت و تەنها دەرگا و ڕێگەیە كە هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە دەبات”.

لە كۆتاییدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی “سوپاسێكی تایبەتیی زانكۆی كوردستان و سەرۆكی زانكۆكە دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم كۆنفرانسە، پێموایە كۆنفرانسێكی با ش بوو و بەو بیروبۆچوونانەی تیایدا پێشكەش كران، دەوڵەمەند كرا. پەنا بە خوا و هەموو لایەك بەخێر و بە خۆشی. زۆر سوپاس”.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.