شەڕە قسە لە دەستوور دوورمان دەخاتەوە
ڕابەر محموود
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی لەپێناو یەک ڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکان دەست پێکردووە کە ئەمەش یەکڕیزی خەڵکی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە، لە سەرەتاشەوە ئەوە درایە بەر گوێ لایەنەکان و خەڵکی کوردستان کە ئەمجارە یەکڕیزییەکە زەرورەتێکی حەتمییە و لەپێناو پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستانە کە زیاتر لە سی ساڵە لە بۆشایی نەبوونی دەستووردا دەیان گرفت و ئاریشەی هاتۆتە پێش و بەجۆرێک لە عورف و لێکتێگەیشتنی کۆمەلایەتی چارەسەری بۆ کراوە و چوارچێوەی دەستووری نەبووە کە هەمووان لەسەر یەک ئاڕاستە وڕێگا و بنەما یەک بخات.
سەرەنجام لە ماوەیەکی کەمدا توانرا هەموو لایەنەکان بە حیزبە پێکهێنەرەکانی حکومەت و ئۆپزسیۆنەوە لە کۆنفڕانسێک لەژێر ناونیشانی (یەکڕیزی و دەستوور) کۆبکرێنەوە، لەوێ هەموو سەرکردەکان و ئەکادیمیست و میوانانی بیانی و خەمخۆرانی بارودۆخەکە کۆک بوون لەسەر هەبوونی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان بەجۆرێک چیتر قابیلی دواخستنی نەبێت. لەدوای ئەوە، لێرەو لەوێ دەبینین ودەبیستین هەندێ کەس مەبەستیانە دەستوور لە پڕۆژەیەکی نیشتمانی بکەن بە باسێکی میدیایی و بانگەشەی هەڵبژاردن جارێکی تر لە ئامانجەکە دوورمان بخەنەوە وەک چۆن لە 2009بەهۆی تای هەڵبژاردنەوە بە هەمان ئاقاردا ڕۆیشت.
بۆیە گرنگ و پێویستە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت سیاسی و ئەکادیمییەکان لەوانەش لەپێشتر کادیرانی (پارتی دیموکڕاتی کوردستان) وریا بن و خۆیان لە پەرچەقسە بپارێزن چونکە وەڵامدانەوەی ئەو کەسانە پێچەوانەیە لەگەڵ باوەڕی سەرۆک بارزانی کە پێی وایە نابێ کادیرانی پارتی بخزێنە ناو شەڕە قسەی ڕاگەیاندن کە زیان بە یەکڕیزی بگەیەنێت و هەروەها پێچەوانەیە لەگەڵ ستراتیژی سەرۆکی هەرێم بۆگەیشتن بە یەکڕیزی و نووسینەوە و ئامادەکردنی دەستوور و دژیشە لەگەڵ دروشمی "کوردستانێکی بەهێز" کە کراوەتە بنەمای کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە هەر وەڵام و وەڵامکارییەک و چونە ناو هەرا و شەڕەقسەی ئەو کەسانەی کە دەستوور وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنن لەجێی ئەوەی پێیان پێویستییەکی حەتمی بێت. سەرەنجام سەردەکێشێ بۆ پشێویی ڕاگەیاندن و پشێوی سیاسی، بەمەش ئەوانەی نایانهەوێ کوردستان ببێتە خاوەن دەستوورێکی مۆدێرن ئامانجەکەیان دەپێکن. بۆیە گرنگە هەموو هەوڵەکان و ڕێگاکان بمانباتەوە سەر ڕێگا ڕاستەکە کە تەباییە و دەستوور ئامانجەکەیەتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.