شۆڕشی گوڵان چۆن درووست بوو؟
چ گۆڕانکاریەکی سیاسی لە ناوچەکەدا درووست کرد؟
: نەسرەدین گۆرۆنی.....
٤٥ ساڵ لەمەوبەر، پاش نائومێدی شاڵاوی تاریکی بەسەر شۆرش و بزوتنەوەی کورد ، کۆمەڵێک تێکۆشەر و گیانفیدای رێبازی کوردایەتی ، بەسەردەستەو پێشڕەوایەتی سەرۆک مەسعوود بارزانی وشەهید ئیدریسی بارزانی مەزن، هەستان بە هەڵگیرسانەوەی شۆرش و خەبات؛ لە سەخترین رۆژگاردا تۆوی هیوایان لەناو دڵی گەلدا چاندەوە.
لە سەردەمێکدا بەهۆی پەیماننامەی رەش و گڵاوی جەزائیر، ڕێکەوتنی هەردوو دەوڵەتی هەرە دوژمنی سەرسەختی کورد ئێران و عێراق، گەلی کورد دووچاری مالوێرانی و کاولکاری و زیندان و راگواستنی زۆرە ملێی بەرەو ئۆردوگاکان بووە وە، بە چۆڵکردنی گوند و ناوچەکانی کوردستان رەوانەکردنیان بەرەو باشوری عێراق یان هەڵهاتن بەرەو ناوچە سنووریەکان. ساتێک بێ هیوایی و ڕەشبینی و ماتەمینی خەڵکی تێکۆشەر و خۆراگری کوردستانی گرتبوو.
لەو ساتانەدا ئەو کۆمەڵە تێکۆشەرە بانگەوازی شۆرش و هەستانەوەیان ڕاگەیاند و هەر لەماوەیەکی کەمدا چیاکانی کوردستانیان تەژی کردەوە لە پێشمەرگەی قارەمان و کوڕی تەنگانەی ئەم گەلە، هیوا و ئاواتیان باراند بەسەر کوردستاندا.
ئەگەر هەڵگیرساندنی شۆڕس و بزوتنەوەی ڕەوای چەکداری دژی زوڵم و زۆرداری چەند سەختبێ، هەڵگیرساندنەوەی شۆرش دوای گلان و کەوتن چەندان هێندە سەختر و ئەستەمترە. چونکە لەدوای شکست ویست و ئیرادە بۆ شۆڕش و خەبات لاوازتر و کەمتر دەبێت. بەهەمانکات دوژمن بەهێز و گەل بێ وورە تر دەردەکەوێت.
بۆیە کاتێک شۆرشی مەزنی ئەیلوول دووچاری زامێکی قوڵ بووە وە؛ کەس پێشبینی ئەوی نەدەکرد، ئاوا بەزووی کەس بتوانێت بانگەوازی هەستانەوە وشۆڕشێکی تر بەناوی گوڵان رابگەیەنێت، کە هەر درێژکراوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو. هاوکات سەڕەرای ئەو کارەساتە بەڵام رێبازی بارزانی نەمر وەک قوتابخانەیەکی گەورەی کوردایەتی تووکمەتر و پڕشنگدارتر لە ئاسمانی بزوتنەوەی ڕزگاری کوردستان درەوشایەوە.
کەڵە شێرانی بارزان و یاوەرانی، لەپاش بارزانی نەمر ئامانەتی پیرۆزی ڕێبازی کوردایەتییان بە ئیرادەی پۆڵاینەوە پاراست و نەبەردانە ئەم پەیام و ئاڵایەیان لە شاخ و دۆڵ و گوند و دەشتەکانی کوردستانیان شەکاندەوە. بەهەزاران پێشمەرگە خۆیان کردە گیانفیدای رێگای سەرفرازی و شەرەفمەندی رێبازی بارزانی نەمر، کە مەشخەڵ و تاکە بەرنامەی شۆڕشێ گوڵان بوو.
هۆکاری سەرکەوتنی شۆرشی گوڵان لەڕووی تێیۆریەوە، پاراستنی ئەم ڕێبازەبوو، کە کوردایەتی و چارەنووسی نەتەوەی کورد بۆ ڕزگاری، لە دەست زوڵم و داگیرکاری تاکە بەرنامەی ستراتیژی شۆڕشەکە بوو، دوور لە هێنانی رێباز و فەلسەفەی نامۆ بەکۆمەڵگای کوردستان وەک هەندێ لایەنی سیاسی تری کوردی دەستیان بۆبرد و شکستیان هێنا تیایدا.
لەڕووی پراکتیکیشەوە شۆرشی گوڵان گەل و میللەتی نەکردە قوربانی لە پێناوی بەدەست هێنانی گەورەبوونی ناوی خۆی، بەهەموو شێوەیەک هەوڵی ئەدا نەبێتە بارگرانی بەسەر خەڵکی ستەمدیدی ناوچە و گووند نشینەکانی کوردستان کە هەمیشە پاڵپشت و لانکی شۆرش بوون.
بۆیەش لە مێژووی خەباتی چەکداری و سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شۆرشی گوڵاندا، هەرگیز لەهیچ ساتێکدا یاری بەو ئاگرە نەکرد کە ببێتە سوتاندنی رۆحی میللەت، سەڕەڕای دڕندەیی رژیمی بەعسی و سوپای عێراقی لە ئاستی ئەو پەڕی بەربەریەتدا، بەڵام سیاسەتی ژیرانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی توانی سیاسەتێکی هاوسەنگی زۆ کردەکی واقعیانە بگرێتە بەر، بەئەنجامدان و تێکەڵاوکردنی هەردوو شۆرشی چەکداری و سیاسی کە بگونجێت لەگەل ڕەوتی زەمەنی سەردەم و باری جیۆپۆلەتیکی کوردستان بەهاوجووتی لەگەڵ باری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
شۆرشی گوڵان پانزە ساڵی خایاند و لەڕاپەڕیندا زەنگی سەرکەوتنی مەزنی لێدا، دامەزراندی پارلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونە میرات گری ئەم شۆرشە.
بۆیەش لەم یادەدا پێویسە هەرگیز رەنج و ماندبوون و ماڵوێرانی ئەو کەسانە هەرگیز لەیاد نەکرێت کە لەپێناو ئەم شۆرشە سەر و ماڵ و ژیانیان دانا، خوێنی خۆیان ڕشت، ئەوانەی رۆژ و شەویان یەک بوو لە ڕەنجدان و خەباتکردن. ئەو پێشمەرگانەی هەموو تەمەنی لاوی و ژیانی شارستانی و بەهاری تەمەنیان لەسەر چیاکان بەسەربرد و بەدەستی لەگۆکەوتووی بەر سەرمای سەخت و لە زەمهەریری و کڕێوەدا، چەکەکانیان لە شان دانەکەند وشەرەفی کوردستانیان پاراست.
ئەمڕۆکە لە یادی ٤٥ ساڵەی شۆرشی گوڵاندا پێویستە مەدالیای زێڕین بەیەخەی هەموو ئەو پێشمەرگە و کەسی خیزانی یەکەمی شەهیداندا هەڵبواسرێ کە ڕۆڵی دیاریان هەبووە لەو شۆڕشەدا و هەموو ساڵێ چەپکە گوڵ و نامەی ڕێز و نوازشیان پێشکەشبکرێ و بۆ هەتاهەتایە ناویان لە ناو مێژووی گەلی کوردا بە شانازیەوە تۆماربکرێ.
ئەزموونی زێڕینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەری ڕەنجی خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانە لە شۆڕشی گولاندا. هەمیشەش گەورەی ئەم شۆرشە لە سەرکەوتنیدا لە دوو هۆکارەوە سەرچاوەی گرتووە: یەکەمیان: کە بەرنامەو فەلسەفەکەی لەسەر ڕێبازی بارزانی نەمر دامەزراوە و ڕێچکەی گرتووە. دووەمیشیان: ئەم شۆرشە بەسەرکردایەتی و ڕابەرایەتی سەرۆکی کورد مەسعود بارزانی هەڵگیرساوە. بۆیەش هەتا کوردێ لە دنیا مابێ ناوی بارزانی و ڕێبازی بارزانی لە ناو دڵ و ڕۆحیدا هەمیشە بە زیندووی دەمێنێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.