Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 12:43

ئایا هه‌موو ئه‌کته‌رێک ده‌توانێت ببێت به‌ئه‌کته‌ری سینه‌مایی؟

کوردستان TV
100%

ئه‌وانه‌ی له‌كوردستاندا ئه‌كته‌ری سینه‌مان ژماره‌یه‌كی سنووردارن، به‌ڵام پێ‌ ده‌چێ‌ به‌پێی تێپه‌ڕ بوونی كات، ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌ره‌و زۆر بوون هه‌ڵكشێ‌ .

تا ئه‌و ده‌مه‌ی ئێستا، ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خت و دژواره‌ی كوردستان، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی نه‌ره‌خساندووه‌، بزاڤێكی سینه‌مایی و فیلمسازیی له‌كوردستاندا سه‌رهه‌ڵ بدا، یان ئه‌كادیمیا سینه‌ماییه‌كان كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان هه‌بێ‌ بۆ دروست كردن و پێگه‌یاندنی كادیری سینه‌مایی، به‌تایبه‌ت ئه‌كته‌رو ده‌رهێنه‌ر.

ئه‌و بۆشاییه‌ی سینه‌ماش كه‌ هه‌بووه‌، زێتر به‌پشت به‌ستن به‌سینه‌ماكاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان پڕ كراونه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا زۆرینه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ئه‌نجام دراون، به‌هۆی لاوازی توانستی دارایی و كادیری سینه‌مایی و ته‌كنیك و ئامێری ته‌قلیدی، نه‌یان توانیووه‌ بنه‌مایه‌كی متمانه‌ پێكراو بۆ پیشه‌سازی فیلمسازیی له‌كوردستاندا دامه‌زرێنن.

زۆرینه‌ی ئه‌و لاوانه‌ش كه‌ ئاره‌زووی فیلمسازییان هه‌بووه‌، ئه‌و توانا دارایی و هونه‌ریی و ته‌كنیكیه‌یان نه‌بووه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمی بازرگانی، به‌ڵكو زۆرینه‌یان به‌ئاراسته‌ی به‌رهه‌مهێنانی كورته‌ فیلم بۆ فیستیڤاڵه‌ جیهانیه‌كان كاریان كردووه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش نه‌یتوانیووه‌ شتێ‌ له‌ واقعی سینه‌ما له‌ كوردستاندا بگۆڕێت به‌ئاراسته‌ی دۆزینه‌وه‌ی شوناسێك بۆ فیلمسازی له‌كوردستاندا.

ته‌نانه‌ت ئه‌و چه‌ند فیستیڤاڵه‌ سینه‌ماییانه‌ش كه‌ ساڵانه‌ له‌كوردستاندا ئه‌نجام دراون، راسته‌ كه‌ فاكته‌رێكی هانده‌ر بوونه‌ بۆ به‌كولتوور بوونی سینه‌ما له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی دا، به‌ڵام چونكه‌ بژاڤێكی سه‌قامگیرو به‌رده‌وام نه‌بووه‌، ئه‌و كاریگه‌رییه‌یان نه‌بووه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌، كه‌ هێنانه‌ كایه‌وه‌ی پیشه‌سازی فیلمسازیی بووه‌ له‌كوردستاندا.

ئێستا ..ته‌نیا شتێك كه‌ جێگه‌ی ئومێد بێت له‌كوردستاندا، هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێ‌ كۆمپانیای به‌رهه‌م هێنانی فیلمسازین.

ئه‌و كۆمپانیا بازرگانیانه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی هونه‌رییان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ‌ ده‌رهێنه‌ر هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆژه‌ سینه‌ماییانه‌.

كاتێ‌ ئه‌و كۆمپانیانه‌ گرێ‌ به‌ست له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ره‌كاندا ده‌كه‌ن، مه‌رجی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ بۆ پرۆژه‌ سینه‌ماییه‌كان، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن بتوانن وه‌ك دراماو فیلمه‌ توركیه‌كان بینه‌ر له‌ده‌وری ئه‌و شاشه‌ ته‌له‌فزیۆنیانه‌دا كۆ بكه‌نه‌وه‌،له‌وانه‌ی وه‌ك سپۆنسه‌ر به‌شداری له‌به‌رهه‌مهێنانی فیلم ده‌كه‌ن .

ده‌رهێنه‌ره‌كان هه‌موو ئازادییه‌كیان پێ‌ ده‌درێت و هه‌موو پێداویستیه‌كی ماددی و هونه‌رییان بۆ فه‌راهه‌م ده‌كرێت، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت، ئامانج و ستایل و ئاراسته‌ی سیناریۆی فیلمه‌كان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست كۆمپانیاكان، بۆیه‌ زۆر له‌ده‌رهێنه‌ره‌كان ناتوانن بپرژێنه‌ سه‌ر پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان، له‌وه‌شدا دژ به‌خواستی زۆرینه‌ی بینه‌ران ده‌وه‌ستن، ته‌نیا گه‌نجه‌كان نه‌بن كه‌ گوتاری سینه‌ماییان به‌لاوه‌ گرنگتر نیه‌ له‌ شێوه‌و ته‌كنیك و ستایل و روخساری جوانی ئه‌كته‌ر.

له‌نێوان ئه‌و دوو هاوكێشه‌یه‌ی خواستی كۆمپانیاكان و خواستی بینه‌ران كامیان له‌به‌رژوه‌ندی سینه‌مای كوردی دایه‌؟

بێگومان دروست بوونی بناغه‌یه‌ك بۆ فیلمسازی و به‌بازرگانی كردنی فیلم له‌سه‌رووی ئامانجه‌كانه‌، چونكه‌ تا تۆ بنه‌ماكانی پیشه‌سازییه‌كه‌ دانه‌مه‌زرێنی، ناتوانیت به‌رهه‌م و بازاڕت هه‌بێت، كه‌ پیشه‌سازیشت هه‌بوو ده‌توانیت له‌ئاینده‌دا ئاراسته‌كانی به‌رهه‌مهێنان بگۆڕیت، به‌و شێوه‌یه‌ی بازاڕ خواستیه‌تی .

هه‌میشه‌ هه‌بوونی بازاڕ ركابه‌ری نوێ‌ ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ له‌ئه‌نجامدا به‌قازانجی سینه‌مای كوردی ده‌شكێته‌وه‌.

ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا دووسێ‌ كۆمپانیای فیلمسازی له‌كوردستاندا هه‌بێت، له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به‌هۆی به‌ بازاڕبوونی به‌رهه‌مه‌كان، ببیته‌ خاوه‌نی ده‌یان كۆمپانیای زه‌به‌للاحی تر، كه‌ پێشبڕكێ‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر باشترین ده‌رهێنه‌ر، باشترین سیناریۆ، باشترین ئامێرو كادیری ته‌كنیكی پێشكه‌وتوو، باشترین ئه‌كته‌ری سینه‌مایی.

ئه‌و كاته‌ گرێ‌ به‌ستی ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌رو كادیره‌ سینه‌ماییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك به‌رز ده‌بێته‌وه‌، كه‌ هه‌موو هونه‌رمه‌ندان ئاواتی ئه‌وه‌ بخوازن له‌كه‌رتی سینه‌مادا كار بكه‌ن و ببن به‌روخسارێكی سینه‌مای كوردی له‌ جیهاندا .

ئه‌وه‌ی باسی ده‌كه‌م نیشانه‌كانی ده‌ركه‌وتن و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كوردستان ده‌بێته‌ خاوه‌نی سینه‌مای خۆی، بێ‌ ئه‌وه‌ی پێویستی به‌كادیری ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هه‌بێت، له‌وانه‌ش ئه‌كته‌ری سینه‌مایی .

ئه‌وه‌ی فۆكسی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر هه‌ر ته‌نها سینه‌ما نیه‌، به‌ڵكو دراماو زنجیره‌ درامای كوردیش به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێو چوارچیوه‌ی هه‌مان بازنه‌.

هه‌میشه‌ هه‌لومه‌رجی ئابووری و بازرگانی په‌ره‌سه‌ندوو له‌هه‌موو دنیادا، ده‌رهاوێشته‌ی خۆی هه‌یه‌، ئه‌و هه‌لو مه‌رجه‌ هونه‌رییه‌ بازرگانیه‌ش كه‌ له‌ كوردستاندا هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ خێراو به‌ په‌له‌یه‌، كه‌ تێیدا بته‌وێت و نه‌ته‌وێت زمان و ئامرازو ستایلی تایبه‌تی خۆی به‌سه‌ر واقیعدا ده‌سه‌پێنێ‌، ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ستپێكا ئه‌و ته‌وژمه‌ نوێیه‌ جۆره‌ دژایه‌تیه‌كیشی له‌گه‌ڵ كولتوورو داب و نه‌ریتێكی دیاری كراوی كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌بێت ، ئه‌وه‌ به‌كاتێكی كه‌م، بینه‌ری كورد، ئاوێته‌ی زه‌مه‌نه‌ نوێكه‌ ده‌بێت و به‌ناچاری قه‌بوڵی ده‌كات .

بێ‌ شك كه‌ سینه‌ماو كۆمپانیای سینه‌مایی له‌كوردستانا نه‌بوون، ئه‌كته‌ری كوردیش ئه‌گه‌ر موماره‌سه‌یه‌كی پیشه‌یی و پراكتیكی له‌گه‌ڵ هونه‌ری فیلمسازی دا نه‌بێت، ناتوانێت له‌ بازنه‌یه‌كی به‌تاڵدا بێته‌ به‌رده‌م كامێراو ببێت به‌ئه‌كته‌رێكی سینه‌مایی، چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی خاوه‌ن توانست بێت .

پاشان ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌ری باش بیت و له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ری شاره‌زا كار نه‌كه‌یت، كه‌ بۆت ببێته‌ راهێنه‌رێكی زیندوو بۆ كاری نواندن و هه‌ڵسوكه‌وت كردن له‌گه‌ڵ كامێرا، ئه‌وه‌ ناتوانیت ببیت به‌ئه‌كته‌ری سینه‌مایی ، گریمان ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ریكیشت هه‌بوو، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام نه‌بوویت له‌كاری سینه‌مایی دا، ئه‌وه‌ به‌ به‌رهه‌مێك و دووان و سیان ناگه‌یته‌ ئه‌و ئامانجه‌ی كه‌بینه‌ر وه‌ك ئه‌كته‌رێكی سینه‌مایی تۆ بناسێ‌ .

خۆ ناساندن وه‌ك ئه‌كته‌ری سینه‌مایی سێ‌ ئامانج ده‌پێكێنێ‌:

1.خۆ ناساندن به‌مانا به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر كاری سینه‌مایی و ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی ئه‌زموون، چونكه‌ تۆ تا وه‌ك ئه‌كته‌رێكی سینه‌مایی نه‌ناسرێ‌ ی نابیته‌ جیگه‌ی سه‌رنج راكێشانی به‌رهه‌م هێنه‌رو كۆمپانیاكان .

2. نواندن له‌كاری سینه‌مایی، سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆر نزیك كه‌ره‌وه‌یه‌ بۆ په‌یدا كردنی ناوداریه‌تی، له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سینه‌ما به‌رفره‌وانترین و خێراترین گۆڕه‌پانه‌ بۆ خۆ ناساندن، له‌ سه‌ر ئاستی وڵات و پاشان له‌سه‌ر ئاستێكی ئیقلیمی و جیهانیی دا.

3.په‌یدا كردنی داهات و بازاڕی گه‌رم، چونكه‌ داهاتی سینه‌ما بۆ ئه‌كته‌ر به‌راورد ناكرێت له‌گه‌ڵ داهاتی دراماو شانۆ، به‌تایبه‌ت له‌و فیلمانه‌ی كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنن و زۆرترین بینه‌ریان ده‌بێت .

4.ئه‌كته‌ری سینه‌ما كه‌ گه‌یشته‌ قۆناغی ناوداریه‌تی، وه‌ك ئه‌كته‌ری دراماو شانۆ بێ‌ كار نابێت و ره‌نگه‌ له‌ یه‌ك كاتدا خاوه‌نی كۆمه‌ڵێ‌ گری به‌ست بێت و له‌یه‌ك كاتدا له‌چه‌ند به‌رهه‌مێك كار بكات .

5.ئێستا بازرگانی سینه‌ما له‌كوردستاندا خه‌ریكه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات و كۆمپانیایاكان ده‌روازه‌یه‌كیان كردۆته‌وه‌ بۆ فیلمسازی، تا ئێستا ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ وه‌ك ئه‌زموونێكی سه‌ره‌تایی و به‌پشت به‌ستن به‌چه‌ند گه‌نجێكی سینه‌ماكار له‌ ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌ر له‌رووی داهاته‌وه‌، وێڕای ئاریشا هونه‌رییه‌كان و كه‌م و كوڕیه‌كان گۆڕانكارییان پێوه‌ دیاره‌، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر په‌ره‌ی پێ‌ بدرێت و ئه‌زموونه‌كه‌ فره‌وانتر بكرێت، ئه‌وه‌ قۆناغێكی نوێ‌ بۆ پیشه‌سازی سینه‌ما له‌ كوردستاندا سه‌رهه‌ڵبدا .

ئایا هه‌موو ئه‌كته‌رێك ده‌توانێت ببێت به‌ئه‌كته‌ری سینه‌مایی؟

زۆرینه‌ی ئه‌كته‌رانی سینه‌ما له‌جیهاندا ته‌نیا كاری سینه‌مایی ده‌كه‌ن و له‌و بواره‌دا ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندییان هه‌یه‌، له‌وه‌ راهاتوون كه‌ چۆن هه‌لسووكه‌وت له‌گه‌ڵ كامێرا بكه‌ن و چۆن پارێزگاری له‌ جه‌سته‌و پێرفۆرمانسی خۆیان بكه‌ن.

دواتر ئه‌و داهاته‌ی به‌هۆی ناوداریه‌تی و وه‌رگرتنی خه‌ڵات له‌ فیستیڤاڵه‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ به‌ ده‌ستیان هێناوه‌، هه‌روا ئه‌و هه‌موو عروزاته‌ی له‌ لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ بۆیان ده‌خرێته‌ روو، ئه‌و كاته‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌ ناده‌ن، ده‌رفه‌تێك بدۆزنه‌وه‌ بۆ كاری درامی یا شانۆیی .

ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی ناوداریه‌تیان زۆرتر ده‌بێت،كرێ‌ ی كار كردنیان گرانتر ده‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ش به‌پراكتیك كار بۆ سینما ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی رێچكه‌ی راسته‌قینه‌ی نواندنی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ئه‌و نواندنه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سینه‌ما ده‌یه‌وێت .

به‌ڵام واقیعی فیلمسازی له‌كوردستاندا بۆ ئه‌كته‌ر شتێكی تره‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پیشه‌ی ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی له‌ سینه‌مادا كار ده‌كه‌ن، ته‌نیا سینه‌ما نیه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌ندێكیان شانۆ بووه‌، بۆ هه‌ندێكی دیكه‌یان دراما، یاخود ئه‌كته‌رێكی كۆكتیل بوونه‌، به‌شێوه‌یه‌كی میللیانه‌ دروست بوونه‌، به‌تایبه‌ت شانۆكاره‌ كلاسیكیه‌كانن كه‌ لای ئه‌وان فۆرمی نواندن و پێرفۆرمانسی ئه‌كته‌ر ، له‌نێوان هونه‌ری شانۆیی و درامای ته‌له‌فزیۆنی و سینه‌مادا ئاوێته‌ی یه‌كتر بوونه‌و زۆر له‌ئه‌كته‌رانی كورد له‌كاتی كار كردن له‌و هونه‌رانه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆیان ناده‌نه‌ پاڵ هه‌ر یه‌ك له‌وان ، بۆیه‌ زۆر جاران له‌ ئه‌نجامی ئه‌و تێكه‌ڵاو بوونه‌و جیاوازی پێ‌ نه‌كردنیان، هه‌ندێ‌ له‌و ئه‌كته‌رانه‌ دووچاری شكست هاتن بوونه‌ وه‌ك ئه‌كته‌ر، له‌ هه‌مان كاتیشدا ئاسه‌وارو كاریگه‌ریه‌كی نه‌گه‌تیفانه‌یان به‌سه‌ر به‌رهه‌میشدا به‌جێ‌ هێشتووه‌..

فاكته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و تێكه‌ڵاو كردنه‌ له‌وه‌ دایه‌، كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌كته‌رانی كورد به‌گشتی له‌ سه‌ر بونیاتێكی ئه‌كادیمی په‌روه‌رده‌ نه‌كراون و له‌ هونه‌ری شانۆوه‌ په‌ڕیونه‌ته‌وه‌ سه‌ر دراما، پاشان له‌ دراماوه‌ بازیان داوه‌ته‌ سه‌ر سینه‌ما، خۆیان و ئه‌و فۆرم و ستایله‌ ته‌قلیدیانه‌ی پێیانه‌وه‌ نوساوه‌، به‌ گۆڕینی هونه‌ره‌كان لێیان جیا نه‌بۆته‌وه‌و له‌ هه‌ر سێ‌ بواردا، به‌ یه‌ك فۆرم نواندنیان كردووه‌ .

رووه‌كی دیكه‌ی فاكته‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌زموونی زانستی و پیشه‌یی ئه‌كته‌ری كورد له‌گه‌ڵ سینه‌مادا ئه‌زموونێكی زۆر لاوازه‌و هه‌رگیز وه‌ك ئه‌كته‌رێكی پرۆفیشنالی پشتی پێ‌ نابه‌سترێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كۆمه‌ڵه‌ به‌رهه‌مێكی لاوازه‌ كه‌ نه‌ له‌ گه‌ڵ ته‌كنیكی ئه‌مڕۆی سینه‌ما ده‌گونجێ‌، نه‌ له‌گه‌ڵ فۆرمه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌مڕۆی پێشكه‌وتنی سینه‌مادا هاوكوفه‌.

بۆیه‌ ده‌رهێنه‌ر ناچار ده‌بێت كه‌ هه‌ندێ‌ جار سه‌ركێشی بكات و ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ كلاسیكیه‌ بێ‌ ئه‌زموونانه‌ی بواری شانۆو دراما بۆ سینه‌ما به‌كاربێنێ‌ كه‌ به‌زه‌قی پێرفۆرمانسی شانۆییان پێوه‌ دیاره‌و هه‌مان ئه‌كشن و ئیلقاو ده‌نگی شانۆیی و ده‌رخستنی جه‌سته‌ بۆ سینه‌ماش به‌كار ده‌هێننه‌وه‌.

ناكرێت هه‌ندێ‌ ده‌رهێنه‌ر به‌توانست و ئه‌زموونی هیچ ئه‌كته‌رێكی شانۆیی فریو خواردوو بێ‌ و وای بۆ بچێت، كه‌ ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ هه‌مان ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ به‌ده‌ست بێنێ‌ كه‌ له‌شانۆ یا دراما به‌ده‌ستی هێناوه‌، نه‌خێر هه‌ندێ‌ له‌و ئه‌كته‌ره‌ جیاوازانه‌ ده‌بنه‌ باڵێكی گران به‌سه‌ر شانی سینه‌ماوه‌.

ئه‌وه‌ی بۆ سینه‌ما گونجاوه‌ هیچ له‌و ئه‌كته‌رانه‌ نین كه‌ قالبێكی شانۆییان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌كته‌ره‌ خاوه‌ن ئه‌زموونه‌كانی سینه‌مان، كه‌ له‌ چه‌ندین ئه‌زمووندا توانای خۆیان له‌ به‌رهه‌مه‌كاندا ده‌رخستووه‌ ، یاخود كاراكته‌ری سروشتی شه‌قامن، له‌وانه‌ی نه‌كه‌وتونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری هیچ فۆرمێكی ته‌قلیدی ، كه‌ هه‌ندێ‌ له‌وان هیچ جۆره‌ نواندنێكیان نه‌كردووه‌ ، به‌ڵام ده‌رهێنه‌ر له‌ كاتی وێنه‌گرتندا به‌و شێوه‌یه‌ دروستی ده‌كات، كه‌ ئه‌و ده‌یخوازێ‌ ، ئه‌وه‌تا زۆر له‌و ئه‌كته‌رانه‌ی له‌ شه‌قامه‌وه‌ هیندراونه‌ته‌ ناو سینه‌ما، هه‌ندێكیان ئێستا بوونه‌ته‌ ئه‌كته‌ری جیهانیی و چه‌ندین خه‌ڵاتی سینه‌ماییان له‌جیهاندا به‌ده‌ست هێناوه‌، بۆ نموونه‌ كاراكته‌ری ( وه‌حشی ) كه‌ له‌ فیلمی ( رساله‌) ی مسته‌فا عه‌قاد حه‌مزه‌ی مامی پێغه‌مبه‌ر به‌ ڕم ده‌كوژێ‌ ، ناوی عه‌لی سالم قه‌داره‌یه‌، خه‌ڵكی لیبیایه‌، له‌ ژیانیدا كاری نواندنی نه‌كردووه‌، كاتێ‌ مسته‌فا عه‌قادی ده‌رهێنه‌ر له‌ هوتێل چاوی پێی ده‌كه‌وێ‌ ، بۆ ئه‌و رۆڵه‌ هه‌ڵی ده‌بژێرێ‌ .

عه‌لی سالم له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسی دا ده‌رباره‌ی رۆڵه‌كه‌ی له‌ فیلمی ( رساله‌) گوتی : دوای ئه‌وه‌ی دایكم فیلمه‌كه‌ی بینی ، له‌ ماڵ ده‌ری كردمه‌ ده‌ره‌وه‌و هاواری ده‌كرد به‌ سه‌رما، چۆن تۆ پێ‌ ده‌نێیته‌ ماڵه‌كه‌م تاوانباری به‌ كوشتنی ئیمام هه‌مزه‌ی مامی پێغه‌مبه‌ر .

ئه‌و جۆره‌ ئه‌كته‌رانه‌ی سه‌رشه‌قام كه‌ له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ره‌وه‌ بژار ده‌كرێن بۆ بینینی رۆڵی هه‌ندێ‌ له‌و كاراكته‌رانه‌ ، ته‌نیا روخسارو ره‌نگ و شێوه‌ی لێكچونیان له‌ كاراكته‌ر ده‌بنه‌ هۆكاری راكێشانی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ بۆ دنیای سینه‌ما .

ئه‌زموونی ئه‌كته‌ری كورد له‌ گه‌ڵ سینه‌مادا ئه‌زموونێكی كورته‌ به‌ قه‌د كورتی ته‌مه‌نی سینه‌مای كوردی ،

نه‌ك هه‌ر ئه‌كته‌ر هه‌موو ره‌هه‌نده‌ هونه‌رییه‌كانی سینه‌ما به‌گشتی له‌ده‌ستپێكدان و تا ئێستا نه‌كه‌وتونه‌ته‌ سه‌ر پێ‌، كه‌ خاوه‌نی شوناسێكی سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت .

ن- حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

  

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.