Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 13:42

په‌رله‌مانی کوردستان خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ ئه‌و زه‌وییانه‌ کرد که‌ زێده‌ڕۆیان له‌سه‌رکراوه‌

کوردستان TV
#7
100%

هه‌موارى یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لەسنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەركراوە خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى بۆ كرا.

كاتژمێر 11ى پێشنێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه 2021/5/26، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (15)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مانى خوێنده‌وه.

به‌پێی تاكەخاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، كه بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2019، یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لەسنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە، به‌هۆى بوونی هه‌ندێ گومان له‌سه‌ر مه‌به‌ست له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ى ئه‌و یاساكه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان دوو پێشنیازی خسته به‌رده‌م ئه‌ندامانى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر گفتوگۆكردنى یاخود دواخستنی، دوای ئه‌وه‌ى به‌جیا هه‌ردوو پێشنیازه‌كه‌ی خسته ده‌نگدانه‌وه‌، به‌ده‌نگی (59) په‌رله‌مانتار بڕیاردرا پێشنیازهیاساكه له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆدا گفتوگۆى له‌سه‌ر بكرێت.

دواتر له‌سه‌ر داواى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌هۆى بوونی هه‌ندێ گومان له‌سه‌ر مه‌به‌ستی ده‌رچوواندنی ئه‌و پێشنیازه‌یاسایه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان دوو پێشنیازی سه‌باره‌ت به‌به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر گفتوگۆكردنى پێشنیازه‌یاساكه یاخود دواخستنی، دوای ئه‌وه‌ى به‌جیا هه‌ردوو پێشنیازه‌كه‌ی خسته ده‌نگدانه‌وه‌، به‌ده‌نگی (59) په‌رله‌مانتار بڕیاردرا پێشنیازه‌یاساكه له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆدا گفتوگۆى له‌سه‌ر بكرێت.

له‌سه‌ر داواى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی مه‌به‌ستى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى ژماره (3)ى ساڵی 2019ى خسته‌ڕوو و ڕایگه‌یاند: ئه‌و یاسایه ئێمه له‌م خوله‌ى په‌رله‌مان ده‌رمانكردووه‌، جێبه‌جێكردنی ماوه‌ى 120 ڕۆژی بۆ دانرابوو، به‌ڵام به‌هۆی هاتنه‌پێشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا 120 ڕۆژی تر درێژ كرایه‌وه‌و ماوه‌كه ته‌واوبوو، بۆیه لهڕووی یاساییه‌وه ئه‌م یاسایه شه‌رعیه‌تی جێبه‌جێكردنی نه‌مابوو"، گووتیشی: "دوا به‌دواداچوونى لیژنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانییه‌كان و كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كان و سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانییه‌كان له‌پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان، هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی- به‌شی یاسایی، ڕاوێژكارى یاسایی له‌وه‌زاره‌تی شاره‌وانی، گه‌یشتینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌پێویسته ئه‌و یاسایه هه‌موار بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها داواكاریى هاووڵاتییان و سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانییه‌كانى شارو شارۆچكه‌كان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان و پارێزگاكان بوو بۆئه‌وه‌ى جارێكی تر ئه‌م یاسایه هه‌موار بكه‌ینه‌وه.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی ڕاشیگه‌یاند: "هه‌موارمان كردۆته‌وه به‌ئامانجی ئه‌وه‌ى كه ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می بۆ ئه‌كرێ، بێگومان به‌پێشنیازو سه‌رنج و تێبینییه‌كانى په‌رله‌مانتارانیش ده‌توانین هه‌مواره‌كه ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكه‌ین و له‌هه‌مواره‌كه ماوه‌ى یاساكه‌مان درێژتر كردۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها جۆرێك عه‌داله‌تیمان په‌یڕه‌و كردووه بۆئه‌وه‌ى له‌شارو شارۆچكه‌كان له‌سه‌ر ئه‌ساسی قیمه‌تی زه‌وی، زه‌وییه‌كان تاپۆ بكرێن".
گووتیشى: "به‌هیچ شێوهیه‌ك نه‌ڤێلاكان، نه‌باخ ئه‌گرێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و زه‌وییانه ئه‌گرێته‌وه كه له‌سنوورى شاره‌وانییه‌كانن.

پاشان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، راپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند كه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه راستاندنی بۆ كرابوو، ناوونیشان و مادده به‌مادده‌و بڕگه به‌بڕگه‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێشنیازەیاساكه خوێندرایه‌وه‌و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى هه‌موارى یاساكه خرایه‌ڕوو.
به‌مجۆره سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایى به‌دانیشتنه‌كه هێنا.

مه‌به‌ست له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ى ئه‌و یاسایه‌ش بۆ سوودمه‌ندبوونی زیاترى هاووڵاتییانی كه‌مده‌رامه‌ته له‌زه‌ویی میرى و دۆزینه‌وه‌ى ده‌روازه‌ى یاسایی بۆ چاره‌سه‌ركردنی زێده‌ڕۆیی ناچارى و بۆ ئه‌وه‌ى یاسای ژماره (3)ى ساڵی 2019 شیاوی جێبه‌جێكردن بێت.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.