Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 16:31

په‌رله‌مانتارێک: حکوومەتی ھەرێم دەرماڵەی ھیچ فەرمانبەرێک نابڕێت

کوردستان TV
#7
100%

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا خەریکی ڕێکخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانە و بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، ھیچ دەرماڵەیەکی یاسایی نابڕدرێت و تەنیا دەرماڵەکان ڕێک دەخرێنەوە و ئەوانەی نایاسایین دەبڕدرێن.  

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: حکوومەتی ھەرێم دەرماڵەی ھیچ فەرمانبەرێک نابڕێت و ئەوەی ئێستا بەڕێوە دەچێت جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە و ھاوشێوەی مووچە دەرماڵەی فەرمانبەرانیش ڕێک دەخرێتەوە، ڕێکخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران بە واتای بڕین نایەت، چونکە دەرماڵەی ھیچ فەرمانبەرێک نابڕدرێت، ئەگەر بەپێی یاسا بۆی خەرج کرابێت.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی گوتی: ئێستا ھەر وەزارەتێک نوێنەری خۆی ھەیە و کار لەسەر ڕێکخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی دەکات، لە کۆتاییدا حکوومەت بڕیار دەدات چەندی نایاسایی بووە و چەندی یاسایی بووە و چەندی داھات بۆ حکوومەت گەڕاوەتەوە.

محەمەد سەعدەدین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: فەرمانبەران دڵنیا دەکەینەوە بڕینی دەرماڵە ڕوو نادات، تەنیا ئەوانەی بە نایاسایی سوودمەند بووبن لە دەرماڵە، دەرماڵەکانیان دەبڕدرێت، چونکە دەرماڵە ھەیە بەرانبەر بە مەترسییەک خەرج کراوە، کەچی فەرمانبەری تێدایە ئەو مەترسییەی لەسەر نییە، بەپێچەوانەوە ھەندێ فەرمانبەر دەرماڵەیان بۆ خەرج دەکرێت و مووچەکانیان زیاد دەکات، چونکە لەوانەیە بەپێی یاسا مافی وەرگرتنی دەرماڵەی ھەبێت و تا ئێستا سوودمەند نەبووبێت. 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.