Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 07:58

ژماره‌یه‌ک تیرۆریست له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا و که‌رکووک ده‌ستگیرکران

کوردستان TV
#7
100%

بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەستگیرکردنی شەش تیرۆریستی لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکووک و خاپوورکردنی حەشارگەیەکی تیرۆریستانی لە پارێزگای دیالە راگەیاند.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، به‌ پشتبەست بە زانیاریی هەواڵگریی کە گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازیی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق بەبوونی تیرۆریستانی داعش لە نەینەوا و کەرکووک و حەشارگەیەکی تیرۆریستان لە دیالە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە به‌وه‌ كراوه‌ کە هێزەکانی هەواڵگریی سەربازیی لە فیرقەی شازده‌ی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە ئۆپەراسیۆنێکدا چوار تیرۆریستان لە نەینەوا دەستگیرکرد، ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، هێزەکانی هەواڵگریی سەربازیی لە فیرقەی هەشت سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک تیرۆریستێکیان لە کەرکووک دەستگیرکردووە.

هاوکات هێزەکانی هەواڵگریی سەربازیی لە فیرقەی بیستی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا تیرۆریستێکی دیکەیان دەستگیرکردووە. هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە هێزەکانی هۆبەی هەواڵگریی سەربازیی لە فیرقەی پێنج سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە حەشارگەیەکی چەک و تەقەمەنی تیرۆریستانی داعشیان دۆزیوەتەوە کە کە بڕێک تەقەمەنی و کەلوپەلی خۆراکی تیادا بووە. دوای گه‌یشتنی تیمەکانیش، هۆبەی ئەندازەی فیرقەکە حەشارەگەکەیان خاپوور کردووە و تەقەمەنییەکانیشیان لەنێوبردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرجەم تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان لەلایەن دادگاوە داواکراوبوونە و بەپێی ماددەی چواری تیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە.

سه‌ره‌ڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی دووهه‌زار و حه‌ڤده‌وه‌ سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە هاوینی دووهه‌زار و چوارده‌دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەددین و دیالە کە بە سێگۆشەی مەرگ ناودەبرێت. ئه‌مه‌ش به‌هۆی دروستبوونی بۆشایی ئه‌منی دوای نه‌مانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌.

كوردستان TV

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.