لە كاتژمێر حهوتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی تاران، سێزدەیەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانیی شار و گوندەکان و هەروەها دەنگدان بۆ پەرلەمانی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لەو پارێزگا و شارانە کە یەکلایی نەبوونەتەوە دەستیپێکرد.
لەکۆی 59 ملیۆن و 310 هەزار و 307 کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە، 29 ملیۆن و 980 هەزار و 38 کەس پیاون و 29 ملیۆن و 330 هەزار و 269 کەسیش ژنن.
تەمەنی یاسایی بۆ بەشداریی لە دەنگدان 18 ساڵە و ژمارەی ئەو کەسانەش کە بۆ یەکەمجار دەتوانن لە هەڵبژاردن دەنگ بدەن یەک ملیۆن و 392 هەزار و 148 کەسن.
زیاتر لە 66 هەزار سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و زیاتر لە 76 هەزار سندووقی دەنگدانیش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانیی شار و گوندەکان دابین کراون.
هەروەها بە گوتەی سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵبژاردنی 234 سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە 133 وڵاتی جیهان بۆ ئێرانیانی نیشتەجێی ئەو وڵاتانە دانراون.
بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا هەڵبژاردنەکان لە كاتژمێر حهوتی بهیانی بەکاتی تاران دەستیپێکردووە و بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ دەتوانرێت تاوەکو كاتژمێر دوویی بەرەبەیان بەکاتی تاران درێژ بکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.