Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 05:45

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەردانی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانییەکی کرد

کوردستان TV
#7
100%

باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق ستایشی رۆڵ و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردو رایگەیاند: لەهاوکاری و هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبین.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق بەیاوەری رۆب والەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لەهەولێر، سەردانی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی پێشمەرگەیان کردو لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت شێخ سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەکەوە پێشوازیان لێکرا.  

لەمیانی کۆبونەوەکەیشدا، کە ئەمینداری گشتیی و سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەکی زۆر لەئەفسەرانی پلە باڵای سەربازی پێشمەرگەو سوپای ئەمریکا ئامادەیبون، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق ستایشی رۆڵ و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردو رایگەیاند، لەهاوکاری و هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبین، وتی، بازنەی هاوکاری و یارمەتیەکانمان بەدەر لە بوارەکانی لۆجیستی و مەشق و کۆمەکە سەربازیەکاندا، بابەتی هۆشیاری و بەرزکردنەوەو بەرەو پێشبردنی توانستی زانستی پێشمەرگە دەبێت.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وەزیری پێشمەرگە رۆڵ و کاریگەری راوێژکارانی ئەمریکای لەهاوکاری و بەرەو پێشبردنی تواناکانی پێشمەرگە بەرزنرخاند و وتی، بەناوی حکومەتی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگەوە سوپاسی گەل و حکومەت و سوپای ئەمریکا دەکەین، شانازیشە بۆ ئێمە کە، پێکەوە مێژووێکی پڕشنگدارمان هەیە، لەتێکشکاندن و لەناوبردنی تیرۆریستاندا.

وەزارەتی پێشمەرگە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعێراق، پێکەوە تاوتوێی مەترسیەکانی ئێستای تیرۆریستانی داعشـیان کرد. بۆ ئەمەش هەنگاوەکانی یەکخستنەوەو رێکخستنەوەی هێزەکان لەچوارچێوەی رێفۆرمی سەربازی بەبایەخەوە گفتۆگۆی لەبارەوە کرا، باڵیۆزی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بە پێشکەوتنەکانی پڕۆسەی چاکسازی دەربڕی و هیوای خواست هەنگاوەکانی ئەو پڕۆسەیە خێراتر بکرێت.

شێخ سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک، کورتەیەکی لەبارەی ئەرک و کارەکانی هێزەکانی پشتیوانی خستەڕوو، تیایدا باسی لە تێکۆشانی هەردوو هێزەکانی پشتیوانی یەک و دووی لە شەڕی داعش کرد، کە رۆڵی قارەمانانەو ئازایانەی بێ وچانیان هەبووە لە تێکشاندنی تیرۆریستاندا.

هەروەها ئاماژەشی بەوەکرد، لە ئێستادا تواناکانی هێزەکانی پشتیوانی باشتربووە، بەتایبەت لەرووی مەشق و راهێنانەوه، داواشیکرد پڕۆسەی هاوکاری لۆجیستی و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە خێراتر بکرێت، چونکە گۆڕانکاریەکان لەناوچەکەدا خێران.

لەکۆتایی دیدارەکەدا، باڵیۆزی ئەمریکا ئاشکرای کرد، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە پێویستی بە کارکردن و خەباتی هاوبەشی هەموو لایەکە و دەبێت هێزێکی تۆکمەو سەردەمیانەی پێشمەرگە هەبێت، بۆ ئەوەی زامنی ئەو ئامانجانە بکات کە هەمووان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی ناوچەکە دەیخوازن. وتیشی، لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە كه‌ خواستی ئێمه‌یه‌ هەموو هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بەبێ جیاوازی کۆببنەوە.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.