کۆمپانیای جوول-ی ئەمریکی کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی، دوای تۆمەتبارکردنی بە ئالوودەکردنی گەنجان بە نیکۆتین، رازیبوو 40 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بدات.
داواکاری گشتیی ویلایەتی کارۆلینای باکوور، جۆش ستاین لە لێدوانێکیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ئەنجامی دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەدا کە لە مانگی ئایاری 2019دا کراوەتەوە، کۆمپانیای جوول رازی بووە 40 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بدات.
جۆش ستاین رایگەیاند "کۆمپانیای جوول لەڕێی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە ئالوودەکردنی توێژی گەنجان و تازەپێگەیشتووانی کردووەتە ئامانج. لەنێو منداڵانی ویلایەتی کارۆلینای باکوور بەشێوەیەکی فراوان بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی بڵاوبووەتەوە".
لەپاڵ پارەی قەرەبووەکەشدا کۆمپانیای جوول بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵیدا کراوە، دەبێت بەرهەمەکانی لە دەرەوەی شوێنی نمایشی مارکێتەکان بفرۆشێت و لە بازاڕکردنی ئۆنلاینیشدا کۆمپانیای سێیەم کاری فرۆشتنی بەرهەمەکانی جوول ئەنجام دەدات.
لە 13 ویلایەتی ئەمریکا کە کارۆلینای باکوور، کالیفۆرنیا و نیویۆرک دیارترینیانن، گەنجان بەهۆی بەکارهێنانی بەرهەمەکانی جوول دووچاری ئالوودەبوون بە بەکارهێنانی بڕێکی زۆری نیکۆتین بوون و بەمهۆیەشەوە کۆمپانیاکە بە زیان گەیاندن بە تەندروستی خەڵک تۆمەتبار کرا و داوای یاسایی لەدژ تۆمار کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.