سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان رایدهگهێنێت، دوای ئەوەی پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران ئەمساڵ كەوتە كار، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوودا ئاردی سفر بەرھەم بهێنن و لە قۆناغی یەكەمیشدا ھەزار تۆن بەرھەم دێت.
دكتۆر محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان رایدهگهێنێت، پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنم كە ئەمساڵ كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، گەنمی وەرگرت و دەستیش بە بەرھەمھێنانی چەندین جۆر دانەوێڵە دەكرێت، هەروەها لە 1/8ی ئەمساڵ ئاردی سفر لەو پڕۆژەیەدا بەرھەم دەھێندرێت بەپێی ئەو پلانەی بۆی دانراوە و ئامادەكاریی تەواویشی بۆ كراوە.
دهشڵێت: لە قۆناغی یەكەمدا ھەزار تۆن بەرھەم دێت و دوای ئەوە وردە وردە بەرھەمەكە زیاد دەكرێت، تاوەكو بتوانین پێداویستیی ھاووڵاتیان پڕبكەینەوە و كاری بەردەوامیش بۆ ئەو مەبەستە دەكرێت، چونكە ئامانجمانە بەرھەمی ناوخۆ گرنگی پێ بدرێت و زیاد بكرێت.
ناوبراو باسی لەوەش دهكات، وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەرپەرشتیی دابەشكردنی ئاردەكە دەكات و خۆیان نرخەكە دیاری دەكەن، كە بە جۆرێك بێت گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕ و بەرھەمەكەش باش دەبێت، چونكە لە ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و لە كارگەی خۆماڵی بەرھەم دێت.
دكتۆر محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان راشیدهگهێنێت: ئەمە ھەنگاوێكی گرنگە دەستمان پێكردووە و بەردەوامیش دەبین، چونكە دەمانەوێت ھێندەی توانامان ھەبێت ھەموو بەرھەمەكان لەناوخۆ بەرھەم بهێنین.
پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنم، ئەمساڵ دەستی بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران كردووە و چەندین كارگە لەو پڕۆژەیەدا دامەزراون و چەندین جۆری بەرھەمی دانەوێڵە لە رێگەی ئەو كارگانەوە بەرھەم دێن، لەوانە ئارد و ساوار و بڕوش.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.