جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، فەریق روکن عەبدولئەمیر شممەری بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنیی، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ رەوشی ئەمنی و بەسەرکردنەوەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، گەیشتە پارێزگاکە.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، فەریق روکن عەبدولئەمیر شممەری بە یاوەری ھەریەک لە فەرماندەی ھێزی وشکانیی، فەرماندەی ھێزی ئاسمانیی و بەڕێوەبەری ھەواڵگریی سەربازیی گەیشتووەتە پارێزگای ئەنبار.
ئاماژەیان بەوەیشداوە کە ئامانج لە سەردانی شاندەکە بەدواداچوونکردنە بۆ رەوشی ئەمنی پارێزگاکە و بەسەرکردنەوەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دووشەممە، شەش مووشەکی کاتیوشا ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد کران.
ناوە ناوە مووشەکی کاتیوشا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکرێن، بێ ئەوەی ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لەبارەی ھێرشەکانەوە رابگەیەنێت.
بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکەوێتە رۆژئاوای شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق و یەکێکە لەو بنکانەی کە ژمارەیەک لە سەربازانی ئەمریکا تیایدا جێگیرکراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.