بەرزە پەستانی خوێن (زەخت) بریتیە لەبەرزبونەوەی پەستان لەخوێنبەرەكان ئەو بۆریچكانەی خوێن لەدڵەوە دەگوێزنەوە بۆخانە و شانەكانی لەش و نەخۆشیەكی درێژخایەنە لەسەرانسەری جیهان.
پەستانی خوێن بەشێوەیەكی ئاسایی بریتیە لەو جیاوازی پەستانەی نێوان ئەو خوێنەی دڵ پاڵی پێوە دەنێت (سیستۆلیك) و ئەو هێزەی لەدیواری خوێنبەرەكان ڕووبەڕووی ئەو پەستانی دەبێتەوە (دایستۆلیك).
پەستانی خوێن: بەئامێرێك دەپێورێت پێی دەوترێت (سفیگمۆمانۆمیتر) و بەیەكەی (ملم جیوە) دەپێورێت بەشێوەیەكی ئاسایی بەم شێوەیە:
سیستۆلیك = 120
دایستۆلیك = 80
واتە: 80/120
بەرزەپەستانی خوێن: ئەگەر سیستۆلیك لە (140) زیاتر بێت و دایستۆلیك لە (90) زیاتر بێت.
بەرزە پەستانی خوێنی سەرەتایی ( primary hypertension)،ئەم جۆرەیان (95%) حاڵەتەكانی بەرزە پەستانی خوێنە، ئەم جۆرەیان لەبەرزە پەستانی خوێن تائێستا هۆكارێكی دیاریكراوی نیە كەدروستی بكات، بەڵكو ووردە ووردە بەتێپەڕبوونی ساڵ دروست دەبێت.
بەرزە پەستانی خوێنی دووەمی: (secondart hypertension) ئەم جۆرەیان 5% حاڵەتەكانی بەرزە پەستانی خوێنە ئەم جۆرە لەبەرزە پەستانی خوێن بەهۆی هەندێك نەخۆشی دیكەوە دروست دەبێت،ئەم جۆرە لەبەرزە پەستانی خوێن لەپڕ دروست دەبێت.
هۆكارە مەترسیدارەكانی توشبوون بەبەرزەپەستانی خوێن:
1-تەمەن: بەرزە پەستانی خوێن لەگەڵ زیاد بوونی تەمەن زیاددەكات لەئافرەتان، زیاتر دوای نەمانی سوڕی مانگانە، بەڵام لەپیاوان لەتەمەنی دوای (40) ساڵیەوە ڕوو دەدات.
2- ڕەچەڵەك: بەرزە پەستانی خوێن زیاتر لەڕەش پێستەكاندا هەیە بەبەراورد بەسپی پێست، دەرەنجامە مەترسیدارەكانی بەرزە پەستانی خوێنیش وەك (جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشك) زیاتر لەڕەشپێستەكان ڕوو دەدات.
3- بوونی بەرزە پەستانی خوێن لەخێزانەكان: ئەو كەسانەی بەرزە پەستانی خوێن لەباوك و باپیران ودایك و داپیرانیان هەیە زیاتر تووش دەبن لەو كەسانەی كەبەرزە پەستانی خوێن لەخێزانەكانیان نیە.
4-قەڵەوی وكێش زۆری: ئەوكەسانەی زیاتر قەڵەون زیاتر تووشی بەرزە پەستانی خوێن دەبن، چونكە ئەو كەسانەی قەڵەون پێویستیان بەخوێنی زیاترە بچێت بۆشانە و خانەكانی لەشیان بۆپێدانی ووزە بۆ ئەو خانانە، لەبەر ئەوە هەتا بڕی خوێنیش زیاتر بەبۆری خوێندا بڕوات پەستانیش زیاتر دەبێت لەسەر ئەو بۆریە خوێنە.
5- وەرزش نەكردن و كەمی جووڵە: ئەوكەسانەی كەناچالاكن و وەرزش ناكەن وناجوڵێن زیاتر ئەگەری تووش بونیان هەیە بەبەرزە پەستانی خوێن.
6- جگەرەكێشان: ئەو كەسانەی جگەرە دەكێشن زیاتر ئەگەری توشبوونیان هەیە بە بەرزە پەستانی خوێن ،چونكە ماددەی كیمیایی و ونیكۆتینی ناو جگەرە لەبۆری خوێنەكان دەنیشن و دیواری خوێنبەرەكان تەسك دەكەنەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادبوونی پەستانی خوێن.
7-خواردنی سوێر:ئەو كەسانەی خواردنیان سوێرە و سۆدیۆمی زۆر تیایە ئەگەری توش بوونیان بەبەرزە پەستانی خوێن زیاتر دەبێت.
8- كەمی پۆستاسیۆم: ئەو كەسانەی لەخواردنیان بڕی پێویست پۆتاسیۆم وەرناگرن ،چونكە پۆتاسیۆم هاوسەنگی سۆدیۆم ڕادەگرێت لەلەشدا ئەگەر بێت و بڕی پێویست پۆتاسیۆم وەرنەگرێت لەخواردنەكان ئەوا سۆدیۆم لەخانەكاندا بەرزدەبێتەوە ولەئەنجامدا پەستانی خوێن زیاد دەكات.
9-ئەو كەسانەی لەخواردنیان بڕی پێویست ڤیتامین دی وەرناگرن، چونكە ڤیتامین دی كاردەكاتەسەر ئەو ئەنزیمانەی كە گورچیلە دورستی دەكات و كاریگەری لەسەر پەستانی خوێن هەیە.
10-خواردنەوەی ئەلكهول: بەتێپەڕبوونی كات خواردنەوەی ئەلكهول كاردەكاتە سەر دڵ و تێكی دەشكێنێت، خواردنەوەی ئەلكهول والەلەش دەكات جۆرێك هۆرمۆن برێژێت كەپەستانی خوێن بەرزبكاتەوە.
11- سترێس و نیگەرانی: بوونی سترێس و نیگەرانی دەبێتە هۆی زیاد بوونی پەستانی خوێن.
12-هەندێك حاڵەتی درێژخایەنی تر وەك: زیادبوونی ڕێژەی كۆلیسترۆڵ لەلەش، نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی گورچیلە.
سهرچاوه - تهندروستی سلێمانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.