Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 12:41

تورکیا سنووری پارێزگاری وان لەگەڵ ئێران بە دیواری کۆنکرێتی ده‌گرێت

کوردستان TV
100%

پارێزگاری وان، مه‌حه‌مه‌د ئەمین بیلمەز رایگەیاند، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنووری تورکیا- ئێران، بەرگرتن لە پەڕینەوەی نایاسایی و قاچاغچێتی و دزەکردنی تیرۆریستان، تەواوی 295 کیلۆمەتر هێڵی سنووری نێوان تورکیا لەگەڵ ئێران بە دیوار دەگرن.

ئەمین بیلمەز بە یاوەری فەرماندەی جەندرمەی پارێزگاکە، جەنەراڵ یوکسەل ییغیت و بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگاکە، ئاناتور ئایدن پرۆژەی دروستکردنی دیوار و هەڵکەندی خەندەقی لەسەر سنووری ئێران بەسەرکردەوە کە کارکردن تیایاندا درێژەی هەیە.

دوای ئەوەی بیلمەز زانیاری لە لایەنی پەیوەندیدار وەرگرت، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان باسی لەوە کرد کە لە سنووری ئاگرییەوە نزیکەی 64 کیلۆمەتر دروستکردنی دیوار بەردەوامە.

بیلمەز ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانجیانە تا کۆتایی ساڵ دروستکردنی 64 کیلۆمەتر دیوار تەواو بکەن و، تا ئێستا 3،5 بەشی دیوارەکەیان تەواوکردووە.

هەروەها بیلمەز باسی لەوە کرد کە دروستکردنی دیوارەکە بە سێ قۆناغ دەبێت و، کارەکانی هەڵکەندن درێژەی هەیە و، رایگەیاند: لە لایەک لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا کارەکانمان درێژەی هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی هاوبەش لەبارەی دیاریکردنی ئەو گۆڕەپانەی بە دیوار دەگیرێت. لە یەکەم قۆناغدا ناوچە مینڕێژکراوەکان لەلایەن تیمەکانی جەندرمەوە پاکدەکرێنەوە. ناوچەکە تەواو لە مین پاک دەکەینەوە. چونکە پێویستە ئەو ناوچەیە پاک بکەینەوە بۆئەوەی دیوارەکە دروست بکەین. لەپێناو ئاسایشی سنووری ناوچەکەدا دوو ساڵە خەندەق هەڵدەکەنین کە قوڵی چوار مەتر و پانی چوار مەترە و دەروازەی ئەو خەندەقانە بە تەلی دڕکدار دەگیرێن. تا ئێستا 110 کیلۆمەتر خەندەق هەڵکەندراوە. تا کۆتایی ساڵ درێژی خەندەقەکە دەگەیەنینە 160 کیلۆمەتر. بە تەلی دڕکدار دەتەنرێت و 58 تاوەری چاودێری دروست دەکرێت، لەگەڵ 45 تاوەری پەیوەندی و تیایاندا کامێرای چاودێری، رادار و سیستمی کۆنترۆڵ دادەنرێت. بەشێکی ئەو کارانە تەواوبووە و تا کۆتایی ساڵ دەخرێنە کار.

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.