Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 21:32

وەزارەتی کاروباری شەهیدان له‌ ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییه‌کان به‌یاننامه‌یه‌کی بڵاوکرده‌وه‌

کوردستان TV
#7
100%

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە حەوتەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

کەسوکاری سەربەرزی قوربانیان و جینۆسایدکراوانی کوردانی ئێزیدی حه‌وت ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014دا جارێکی تر پێکهاتەیەکی ڕەسەنی تری کۆمەڵگاکەمان ڕووبەڕووی دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بوویەوە.

لە رۆژی 3/8/2014 تیرۆریستانی  رێکخراوی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ( داعش ) شاری شنگال و دەوروبەریان داگیر کرد و لە ئاکامدا خەڵکە سڤیلەکەی ئەو دەڤەرە تێکۆشەرە دووچاری ئاوارەبوون و ماڵوێرانی و کوشتنی بە کۆمەڵ و ڕفاندن و جینۆساید بوونەوە، سەرباری ئەو شاڵاو و هێرشە دڕندانەیەی داعش، ئێزدییەکانی شنگال و دەورووبەری وەک هەمیشە بەرگرییان لە ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی خۆیان کرد، تاکو دواجار داعش بەزێنرا و سەرجەم ناوچەکانیش ئازادکران و ئێزدییەکانیش وەک بەشێکی ڕەسەنی گەلی کورد مانەوە.

لە کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، هەزاران هاونیشتمانی ئێزدی بوونە قوربانی و سەرنگوم و کۆمەڵکوژ کران و بە هەزاران کەسی تریشیان لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕفێنران، ئەمە جگە لەوەی  نزیکەی (360) هەزار لە دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون.

خەڵکی خۆڕاگری شنگال و دەورووبەری..

داعش لەگەڵ هاتنیدا هەموو ئامراز و ڕێگەیەکی دژ بە بەها ئایینی و مرۆڤایەتییەکان گرتە بەر بۆ تێکدانی دیمۆگرافیا و شوناسی نەتەوەیی  و ئایینی هەزاران ساڵەی ناوچەکە  و تێکدانی پەرستگاکانیان و بە زۆر گۆڕینی ئایین و باوەڕی دێرینیان و کوشتنی بە کۆمەڵ و بە کۆیلە کردنیان و دەستدرێژی هەمەچەشنە، کەدواجار ئەم جۆرە تاوان و ڕەفتارە دزێوانە لە ژێر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتاندا دەچێتە خانەی تاوانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و جینۆساید.

دایکانی جگەر سووتاو و کەسوکاری ڕفێنراوانی ئێزدی..

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا لەماوەی حه‌وت ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بووە لە خزمەتکردنی ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان، لە هەمانکاتدا کاری جددی کردووە بە ئامانجی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ ئەو مەبەستەش لێژنەیەکی باڵای حکوومی پێکهێناوە بە ناوی (لێژنەی باڵای به جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزدییەکان و پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینیەکانی تر)، هەروەها بەردەوام لە هەماهەنگیداین لەگەڵ تیمی هەماهەنگی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و هەڵدانەوەی گۆرە بە کۆمەڵەکانی عێراق بە مەبەستی کارکردن لەسەر هەڵدانەوەی گۆرە بە کۆمەڵەکانی خوشک و برا ئێزدییەکان و پڕۆسەکەش بەردەوامە.

لەم یادە دا ستایشی دەرکردنی بڕیاری(٢٣٧٩)ی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٩/٨/٢٠١٧ تایبەت بە پێکهێنانی تیمێکی نێودەوڵەتی دەکەین بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق، ناسراو بە یونیتاد ، هەروەها دەستخۆشی لە بڕیارەکانی  هەردوو پەرلەمانی( بەلجیکا و هۆڵەندا)ش دەکەین کە لەم دواییانەدا وەکو دوو وڵاتی ئەورووپی ئەم مەرگەساتەیان بە جینۆساید ناساند، لەگەڵ ئەو ولاتانەش کە پێشتر ئەم مەرگەساتەیان بە جینۆساید ناساندووە، یا خود کاری لەسەر دەکەن.

جێگای ئاماژە پێدانە کە پەرلەمانی کوردستانیش بە هەماهەنگی وەزارەتمان رۆژی 3ی ئابی هەموو ساڵێکی بەڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان ناساندووە، بەڵام دیارە ئەمساڵ بە هۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیاتر پابەند بوونمان بە ڕێنماییە تەندرووستییەکانەوە هیچ رێوڕەسمێکی فەرمی لە سەر ئاستی باڵا بەڕێوە ناچێت، ئەمەش لە پێناوی زیاتر سەلامەتی هاووڵاتیان و کەسوکاری قوربانیانی ئەم جینۆسایدەیە.

لەم یادە کارەساتبارەدا وێڕای ئەوەی کە وەک وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ هەر خزمەتێکی شایستە بە کەسوکاری قوربانیان و کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان بە گشتی، لە هەمانکاتدا داواکارین کە حکوومەتی عێراقی فیدڕالیش لە چوارچێوەی ئەرکی دەستووری خۆیدا هەستێ بە دیاریکردنی چارەنووسی ونبوان و رزگارکردنی زیاتری ڕفێندراوان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان و کەمکردنەوەی مەینەتییەکانیان و هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکە، کە بەو هەنگاوانەش ئومێد دەکرێت بە شێک لە ئازاری لە بن نەهاتووی ئێزدییەکان سارێژ بکەین  و ئارامی و ئۆقرەیی بۆ خۆیان و دەڤەرەکەیان بگەڕێنینەوە.

دروود بۆ گیانی قوربانیانی ئێزدییەکان
سڵاو لە خۆراگری کەسوکاری جینۆساید کراوانی کوردانی ئێزدی
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.