Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 20:32

کارگه‌ى دۆشاو و قوتووبه‌ندى ته‌ماته‌ى هه‌ریر که‌وته‌وه‌کار

کوردستان TV
#8
100%

له‌ڕێوره‌سمێكدا هێڵى یه‌كه‌مى به‌هه‌مهێنانى كارگه‌ى دۆشاو و قوتووبه‌ندى ته‌ماته‌ى هه‌ریر كه‌وته‌وه‌كار.

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2021.8.2، به‌ئاماده‌بوونى بێگه‌رد تاڵه‌بانى، وه‌زیرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر، له‌ڕێوره‌سمێكدا هێڵى یه‌كه‌مى به‌هه‌مهێنانى كارگه‌ى دۆشاو و قوتووبه‌ندى ته‌ماته‌ى هه‌ریر كه‌وته‌وه‌كار كه‌ له‌ توانایداهه‌یه‌ ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ 20 ته‌ن دۆشاوى ته‌ماته‌ به‌رهه‌م بهێنێت.

له‌ڕێوره‌سمه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زیرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو و پارێزگارى هه‌ولێر دواى ئه‌وه‌ى له‌نزیكه‌وه‌ كارگه‌كه‌یان به‌سه‌ركرده‌وه‌، كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ پارێزگارى هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: وێڕاى ده‌ستخۆشیمان له‌سه‌رپه‌رشتیاران و كرێكارانى كارگه‌، خۆشحاڵین كه‌ جارێكى تر هێڵى یه‌كه‌مى كارگه‌كه‌ كه‌وته‌وه‌ كار، به‌مبۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكى سنووره‌كه‌ و ته‌واوی هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌كه‌ین، له‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوو، هه‌ركاتێك باس له‌به‌رهه‌مه‌ خۆماڵیه‌كان و كه‌م و كوڕیه‌كانى ده‌كرا، كارگه‌ى دۆشاوى ته‌ماته‌ى هه‌ریر به‌نموونه‌ ده‌هێنرایه‌وه‌، بۆیه‌ به‌كارخستنه‌وه‌ى ئه‌م كارگه‌یه‌ یه‌كێك بوو له‌ خواستى جه‌ماوه‌ر و یه‌كێك بوو له‌ هێڵه‌گشتییه‌كانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و پلانى ستراتیژى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ بۆ گرنگیدان به‌ به‌رهه‌مى خۆماڵى جوتیاران، ئه‌م كارگه‌یه‌ش ده‌سپێكێكه‌ بۆ كارگه‌ى تر و كارى گه‌وره‌تر".

پارێزگارى هه‌ولێر هه‌روه‌ها وتى: بوونى به‌رهه‌مى خۆماڵى پارێزگاریكردنه‌ له‌ئاسایش خۆراك و له‌ته‌ندروستی هاوڵاتییان، ئه‌وبه‌هه‌رمه‌شی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌و كارگه‌یه‌دا به‌رهه‌مده‌هێنرێت له‌ژێر كۆنتڕۆڵى حكومه‌تى هه‌رێم دایه‌، جگه‌ له‌وه‌ى پاڵپشتىكردنه له‌ به‌رهه‌مى خۆماڵى جوتیارانه‌، به‌شێكى دیكه‌یه‌ له‌به‌كارخستن كه‌ نزیكه‌ى 100 كه‌س له‌و كارگه‌یه‌ كارده‌كات، بێگومان ئه‌گه‌ر هێڵه‌كانى ترى ئه‌م كارگه‌یه‌ش بكه‌وێته‌وه‌كار ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ چه‌ند به‌رامبه‌رى ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ لاوانى سنووره‌كه‌ سودمه‌ند ده‌بن و ده‌توانن له‌م كارگه‌یه‌ كاربكه‌ن، دووباره‌ وێڕاى ده‌ستخۆشیكردن له‌ دابین گروپ، پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی سنوورى پارێزگاكه‌مان ده‌كه‌ین و لێره‌شه‌وه‌ سوپاس بۆ وه‌زیرى و وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و هه‌ردوو به‌ڕێزان جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و ڕێزدار مه‌سروربارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا هه‌موو هه‌وڵه‌كان چڕكراوه‌ته‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى به‌رنامه‌كانى حكومه‌ت و كابینه‌ى نۆیه‌م، ئێمه‌ش له‌پارێزگاى هه‌ولێر به‌شێكین له‌جێبه‌جێكردنى ئه‌م پلان و ستراتیژیه‌ت و به‌رنامه‌یه‌".

جێگه‌ى باسه‌، كارگه‌ى دۆشاو و قوتووبه‌ندى ته‌ماته‌ى هه‌ریر، رۆژانه‌ به‌ 160 ته‌ن ته‌ماته‌ ده‌توانێ زیاتر له‌ 20 ته‌ن دۆشاوی ته‌ماته‌ به‌رهه‌م بهێنێت، ئه‌وه‌ش له‌ چه‌ندین ڕووه‌وه‌ كاریگه‌ریى ده‌بێت له‌سه‌ر بوژانه‌وه‌ى ئابووریى وڵات، وه‌ك دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كار بۆ هاووڵاتییان و كڕینه‌وه‌ى به‌رهه‌مى جوتیاران، ئێستاش دواى به‌گه‌ڕخستنه‌وى هێڵى یه‌كه‌مى كارگه‌كه‌ بڕیاروایه‌ له‌منزیكانه‌ هێڵه‌كانى تریشى بخرێته‌وه‌كار، تاوه‌كو بتوانرێت جگه‌ له‌ دابینكردنى پێداویستیى ناوه‌خۆیى له‌دۆشاوى ته‌ماته‌ به‌رهه‌مه‌كانى هەنارده‌ى ده‌رەوه‌ى وڵاتیش بكرێت.

كوردستان TV

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.