Erbil 38°C چوارشەممە 18 شوبات 16:51

لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی بە بەشداری سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان دەستی پێکرد

کوردستان TV
100%


دوای چەند مانگێک لە ئامادەکاریی و ھەماھەنگی، لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی" بە بەشداری سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، ناوچەکە و نێودەوڵەتی لە بەغدا پایتەختی عێراق دەستی پێکرد.
لووتکەکە بە گوتاری سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی دەستی پێ کرد.
بڕیارە لووتکەکە یەک رۆژ بخایەنێت و تاوتوێ ھەموو ئەو دەرفەتانە بکرێت کە کەشێکی ئارام بۆ دووبارە پەیوەندی ھەموو ئەو وڵاتانە دەرەخسێنێت کە ناکۆکیان ھەیە و ئەوەش بۆ خزمەتکردنی بە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکەم میوانانی لووتکەکە، ھەر یەک لە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی کوێت، سەباح خالید ئەحمەد سەباح گەیشتنە بەغدا.
دوای گەیشتنی بۆ بەغدا، سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش لەگەڵ سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی رایگەیاند کە بەستنی لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی، گرنگە بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ھەروەھا سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکانیان گەیشتنە بەغدا و لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی پێشوازییان لێکرا.
میوانێکی گرنگی لووتکەکە ھەروەھا شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەمە و لە لایەن ئیماراتیش جێنشینی ئەبوزەبی، محەمەد بن زاید ئال مەکتووم بەشدار دەبێت و ھەر یەک لە وڵاتانی تورکیا، ئێران و سعوودیە لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکانیان بەشدارییان لەو لووتکەیەدا کردووە.
ھەر ئەمڕۆ ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لە لایەن وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن-ەوە پێشوازی لێکرا.
ھەروەھا ئەمریکا، بەریتانیا، یەکێتی ئەورووپا و نەتەوەیەکگرتووەکانیش نوێنەریان لە کۆنگرەکەدا بەشدار دەبێت.

بەرپرسانی عێراق بە بەردەوامی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نزیکی و دۆستایەتی وڵاتانی دراوسێی عێراق لەیەکتر کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری وڵاتەکە ھەبووە و بە پێچەوانەشەوە ھۆشدارییان داوە لەوەی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکەرەوەی کێشە و ململانێکانی نێوان وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوڕاست. بەو پێیە عێراق دەیەوێت رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ھەموو ئەو وڵاتانە ببینێت کە ناکۆکیان ھەیە و ھەوڵی نزیککردنەوەی روانگەکانیان بدات.
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.