Erbil 38°C چوارشەممە 18 شوبات 15:20

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی : دەسەڵاتمان بەسەر بەشێک لە گرووپە چەکدارەکاندا نییە

کوردستان TV
100%

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز بەرپرسیارییەتی حەشدی شەعبی لەو هێرشانە رەتکردەوە کە دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لە عێراق و رایگەیاند، دەسەڵاتییان بەسەر بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا نییە.

فالح فەیاز لە میانی بەشدارییکردنی لە یەکێک لە پانێڵەکانی دیداری رافیدەین بۆ دیالۆگ کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، باسی لە چەند پرسێک کرد.

لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، فالح فەیاز رایگەیاند: "حەشدی شەعبی پابەندە بە رێکەوتنی واژووکراوی نێوان بەغدا و واشنتۆن لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق".

پێشتر بەغدا و واشنتۆن رێکەوتن لەسەر کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق تاوەکو 31ی کانوونی 2021.

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی حەشد هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق ناکاتە ئامانج.

ماوەیەکە لەلایەن کەسانی نەناسراو بەردەوام بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێنراو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق دەکرێنە ئامانج.

ئەمریکا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات کە چەندین جار هەڕەشەی کردنە ئامانجی هێزەکانی ئەمریکایان کردووە ئەگەر وڵاتەکە جێنەهێڵن.

فالح فەیاز سەرسوڕمانی خۆی لەو لێدوان و هەڵوێستانە نیشاندا کە گرووپەکانی حەشدی شەعبی بە "هێزی دەرەوەی دەوڵەت" وەسف دەکەن و رایگەیاند "حەشد بووە پارێزەی عێراق لە کەوتن لە کاتی شەڕی دژبە داعش".

حەشدی شەعبی ساڵی 20214 لە ژمارەیەک گرووپ و چەکداری خۆبەخش کە زۆرینەیان شیعەن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنرا و لە ئێستادا بەشێکە لە هێزە چەکدارەکان کە لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگریی عێراقدا رێکخراون.

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی گوتیشی: "پێویستە جیاوازیی لەنێوان گرووپەکانی حەشد و گرووپەکانی چەکدارەکانی دیکەدا بکرێت کە ئێمە لە دەستەی حەشد دەسەڵاتمان بەسەریاندا ناشکێت".

گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران وەک کەتیبەکانی حزبوڵڵا، عەسائیب ئەهلی حەق، بزووتنەوەی نوجەبا کە لە چوارچێوەی "گرووپەکانی بەرگریی"دا خۆیان رێکخستووە، سەرجەمیان بەشێکن لە حەشدی شەعبی.

فالح فەیاز ژمارەی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی ئاشکرا کرد و گوتی: "ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی 149 هەزارە کە 40 هەزاریان لە ناوچەکانی رۆژئاوان کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی سوننەن".

گرووپەکانی حەشدی شەعبی بە پێشێلکردنی مافەکانی سوننە تۆمەتبار دەکرێن بەتایبەت لە شەڕی دژبە داعش لەوانە کوشتنی بەکۆمەڵ وئەشکەنجەدان و شوێنبزرکردن، لە بەرامبەردا حەشدی شەعبی سەرجەم ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.