Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 15:55

 هونه‌رمه‌ند"نه‌سرین مه‌رجان" یه‌که‌م ئافره‌تی کورد بووه‌ چۆته‌ کۆلێژی هونه‌ر له‌ به‌غدا

کوردستان TV
100%

له‌ كوردستان زۆرێك له‌بنه‌ماڵه‌كان، ده‌بنه‌ هاوكارێكی باشی نه‌وه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی به‌حه‌زو ئاره‌زووه‌كانیان بگه‌ن له‌پێناویشیان قوربانی زۆریان داوه‌، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكه‌م  به‌گشتی بنه‌ماڵه‌یه‌كی هونه‌ری دیاری،هه‌ولێر و كوردستانه‌، ئه‌ویش بنه‌ماڵه‌ی (مه‌رجان)-ه‌ وه‌ به‌تایبه‌تیش هونه‌رمه‌ند خاتوو (نه‌سرین مه‌رجان)-ه‌  ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی  وه‌كو یه‌كه‌م ئافره‌ت له‌ كوردستان به‌مه‌به‌ستی بره‌ودان به‌ هونه‌ره‌كه‌ی له‌ ساڵی 1970 ده‌چێته‌ شاری به‌غدا له‌ ئه‌كادیمای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا ده‌خوێنێت.

سه‌ره‌تا پێمان باش بوو كورته‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی (مه‌رجان) باس بكه‌ین، بابزانین نازناوی(مه‌رجان) چۆنه‌ بۆته‌پاشگری ناوه‌كه‌ی نه‌سرین خان؟ مه‌رجان كێ بوو؟

 (داپیره‌) ی هونه‌رمه‌ند نه‌سرین خان ناوی مه‌رجان بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئافره‌تێكی سه‌لار و خان مان و بوێر و ڕچه‌ شكێن و ئازابووه‌ له‌سه‌رده‌می خۆیدا، له‌به‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌جوانانه‌ی نه‌نكی نازناوی مه‌رجان یان بۆ خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌كه‌یان هه‌ڵبژاردووه‌ و تائێستا ناوێكی پرشنگداره‌ بۆ بنه‌ماڵه‌ی مه‌رجانه‌كان..

مام  خدر مه‌رجانی  باوكی  یه‌كێك بووه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ میللییه‌كانی شاری هه‌ولێر  (زوڕناژه‌ن ، شمشاڵژه‌ن و باڵه‌بانژه‌ن ) ێكی به‌ناوبانگ بووه‌،  بێگومان ئه‌و هونه‌ره‌ بێ خه‌وش و شادی به‌خشه‌ی باوكی كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند بووه‌و  له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كه‌ی باوكیدا ژیاوه‌ و هه‌نگاوی بۆ داهاتووی ناوه‌.

1

مام خدر مه‌رجانی باوكی نه‌سرین خان  له‌ زوڕناژه‌نین پیاوێكی مه‌علان و ماقووڵی مه‌جلیسی هه‌ولێرییان و خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بوو، له‌ناو شار و له‌ ده‌شتی قه‌راج و كه‌ندێناوه‌ و موركیه‌ و شه‌مامك و خۆشناوه‌تی تا ده‌گاته‌ دۆڵی ئاكۆیان و باڵه‌كایه‌تی به‌ناوبانگ و خۆشه‌ویست و له‌به‌ردڵان بوو، كه‌م شایی و زه‌ماوه‌ند و بۆنه‌ به‌بێ زوڕنایه‌كه‌ی مام خدر مه‌رجان تێده‌په‌ڕی، ئه‌و سه‌رده‌سته‌ی پیاوه‌ جوان و خواستراوه‌كه‌ی مه‌جلیسی پیاوماقوڵان و به‌گزادان بوو.

له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌كی ماڵدا كتێب بوونی هه‌بوو بێت واته‌ چرایه‌ك بۆ  هه‌میشه‌ داگیرساوه‌و ده‌دره‌وشێته‌وه‌، ئه‌م بۆچوونه‌ بۆ ئامێره‌كانی مۆسیقاو تابلۆی هونه‌ری هه‌روایه‌ ، كه‌واته‌ بوونی ئامێره‌ به‌جۆش و هه‌ست بزوێنه‌كانی وه‌ك ( زوڕنا و شمشماڵ و باڵه‌بان)  بوونی تابلۆی هونه‌ری له‌ناو خانه‌واده‌كه‌ی نه‌سرین مه‌رجان دا وه‌ك چرایه‌كی گه‌ش  بوون هه‌موو كات ڕۆشنی به‌دڵ و هه‌ستی نه‌سرینی منداڵ و مێرمنداڵ به‌خشیوه‌ .

هونه‌رمه‌ند نه‌سرین خدر مه‌رجان له‌ له‌ 10-6 1947 شاری هه‌ولێر له‌دایك بووه‌ قۆناغه‌كانی خوێندنی وسه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی وئاماده‌یی هه‌ر له‌م شاره‌ ته‌واو كردووه‌،به‌هاندان و پاڵپشتی بنه‌ماڵه‌كه‌یان به‌تایبه‌تی هه‌ردوو براكه‌ی هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان  و هونه‌رمه‌ند یه‌حیا مه‌رجان وه‌ك یه‌كه‌م ئافره‌تی كوردله‌ كوردستان به‌مه‌به‌ستی خوێندنی زانستی هونه‌ری له‌ ساڵی 1970 ده‌چێته‌ ئه‌كادیمیای هونه‌رجوانه‌كانی به‌غدا به‌شی شێوه‌كاری له‌ لقی نیگار وه‌رده‌گیرێت، چوارساڵی خوێندن به‌كارامه‌یی ته‌واو ده‌كات، له‌وماوه‌ی خوێندنی له‌ نێو ئه‌كادیمیا و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌كادیمیا به‌شداری چه‌ندین چالاكی هونه‌ری كردووه‌.

2

هونه‌رمه‌مه‌ند نه‌سرین مه‌رجان له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ری خۆی به‌شداری چه‌ندین پیشانگه‌ی شێوه‌كاری كردوه‌ یه‌كه‌م پیشانگه‌ی هاوبه‌شی له‌ شاری به‌غدا له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی كورد بووه‌ له‌ باره‌گای ئاژانسی ده‌نگ و باسی عێراق  له‌ژێر چاودێری سیاسه‌تمه‌داری كوردی كۆچكردوو سه‌یدا (ساڵح یوسفی ) بووه‌، هه‌ر له‌ساڵی 1973 وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداری چه‌ندین زنجیره‌ درامای  ته‌له‌فزیۆنی كردووه‌، له‌ بۆنه‌ نیشتمانییه‌كان  به‌شداری كارای هه‌بووه‌، به‌تایبه‌تیش یاده‌كانی نه‌ورۆز له‌شاری به‌غدا.

نه‌سرین خان وه‌كو پێشكه‌ش كارێكی لێهاتوو له‌ ساڵی 1973 به‌رنامه‌یه‌كی هونه‌ری به‌ناوی (جیهانی هونه‌ر) پێشكه‌ش ده‌كرد،كه‌به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌ ی ته‌له‌فزیۆنی بوو،له‌هه‌مان كاتدا بۆماوه‌یه‌ك وه‌كو بێژه‌ر له‌ رادیۆی كوردی به‌غدا كاری كردوه‌.

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌كادیمای هونه‌ره‌جوانه‌كان ته‌واو ده‌كات له‌ ساڵی 1976  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌،شاری هه‌ولێر یه‌كه‌م پیشانگه‌ی تایه‌به‌تی خۆی له‌قوتابخانه‌ی ئه‌یوبیه‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌پیشانگه‌یه‌كه‌دا (30) تابلۆی زیتی و ئاوی نمایش كرد،له‌ ساڵی 1982له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی له‌ هونه‌رمه‌ندان ، به‌شداری پیشانگه‌ی  پۆسته‌رات كردوه‌، هه‌روه‌ها به‌شداری چه‌ندین چالاكی هونه‌ری،له‌رێگه‌ی یه‌كێیه‌تی ئافره‌تانی كوردستان و سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان كردوه‌.

هونه‌رمه‌ند نه‌سیرین خان له‌ساڵی 1983 ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شاری دهۆك له‌وێش له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی دهۆك له‌ چالاكی هونه‌ری به‌رده‌وام بووه‌،له‌ساڵی 1983 له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كان به‌شداری پێشبركێ (پۆسته‌رات)ی پارێزگای كردوه‌،هه‌ر له‌شاری دهۆك له‌ ساڵی 2004 پیشانگه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی له‌ هۆڵی (شه‌هید سه‌لمان) كردۆته‌وه‌، 35 تابلۆی خۆی نمایش كرد.

1

  هونه‌رمه‌ند نه‌سرین خان بۆماوه‌ی 7ساڵ مامۆستا بووه‌ له‌ په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی دهۆك، ئه‌ندامی كارای سه‌ندیكاری هونه‌رمه‌ندانی كوردستانه‌، دوای خانه‌شین بوونی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شاری هه‌ولێر له‌ ئێستادا خۆی ئاماده‌ ده‌كات بۆ كردنه‌وه‌ی پیشانگایه‌كی تایبه‌ت.

شایانی باسه‌خاتوو نه‌سرین خان منداڵه‌كانیش هه‌مان رێچكه‌ی هونه‌ری ئه‌ویان گرتووه‌ ،دوو كوڕی هه‌یه‌ به‌ ناوی ( یونس) كه‌ده‌رچوی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌ولێره‌ به‌شی شێوه‌كاری وده‌رچووی كۆلێژی هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌شی سینه‌ما وه‌ (یوسف) ئه‌ویش ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌ولێره‌ به‌شی شێوه‌كاری.

بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ سوودم له‌ :

- واحید مه‌رجان ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی نیو سه‌ده‌ی ته‌مه‌نی به‌هونه‌ر به‌خشی   جه‌مال ده‌لاك.

-په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند هۆشیار مه‌رجان.

-په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ تابان خان.

ن- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

 

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.