سوپای عێراق دەستگیرکردنی ھەشت تیرۆریستی داعشی لە پارێزگاکانی بەغدا و ئەنبار، راگەیاند.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسوڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی، ھێزەکانی دژەتیرۆر بەردەوامین لە تۆمارکردنی سەرکەوتن بەسەر پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، بە تایبەتیش کە دوێنێ مەفرەزەیەکی تیرۆریستانی داعشیان لە پارێزگای کەرکووک کوشت و ئەمڕۆیش پشت بە زانیاریە ھەواڵگرییەکان، ھەشت تیرۆریستیان لە ژمارەیەک ناوچەی پارێزگاکانی بەغدا و ئەنبار دەستگیرکردووە.
لیوا یەحیا رەسوڵ ئاماژەی بەوەداوە ھێزەکانی دژەتیرۆر لە میانی دوو ئۆپەراسیۆندا، چوار تیرۆریستیان لە قەزای تارمییە و ناحیەی رەزوانییەی سەربە پارێزگای بەغدا دەستگیرکردووە.
راشیگەیاندووە کە ھێزەکانی دژەتیرۆر، ھەروەھا لە میانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا، چوار تیرۆریستی داعشیان لە قەزاکانی فەللوجە، ھیت و گەرمە سەربە پارێزگای ئەنبار دەستگیرکردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.