به‌رپرسی میحوه‌ری كه‌ركووك-پردێی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئاشكرای كرد، به‌مزووانه دوو لیوای هاوبه‌ش بۆ ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم دروست ده‌كرێن و ئامر لیوای هه‌ردووكیشیان كورد ده‌بن.
نووری حه‌مه عه‌لی به‌رپرسی میحوه‌ری كه‌ركووك-پردێی هێزی پێشمه‌رگه به ماڵپه‌ڕی (kdp)ی ڕاگه‌یاند: دوو لیوای یه‌ك و دوو بۆ ناوچە کوردستانییەکان پێک دەهێنرێن و دەچنە ئەو شوێنانەی کە مەترسی ئەمنییان لەسەرە و كاری سه‌ره‌كییان دژایەتیکردنی تیرۆر و پارێزگاریکردنی خەڵكی ئه‌م ناوچانه ده‌بێت به‌بێ جیاوازی، بێگومان ئه‌ركی لیوایه‌كیان پاراستنی سنووری کەرکووکە تا خانەقین و ئەوەی تریشیان خازر تا بەنداوی مووسڵ ده‌بێت.
نووری حه‌مه عه‌لی ڕایگه‌یاند كه ئێستا هه‌ردوو لیواکه به‌ته‌واوی ئامادەن و چاوەڕێ فه‌رمانی دهستبهكاربوونن. هه‌روه‌ها گوتی: ئامر لیوای ھەردوو لیواكه‌ش کورد ده‌بن، دابەشکردنی فهوجهكانیش بریتی ده‌بن له چوار فەوجی کورد و چوار فه‌وجی عەرەب تێکەڵ دەکرێن و پێکەوە پارێزگاری له ناوچه‌كان ده‌كه‌ن.
به‌رپرسه باڵاكه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هه‌روه‌ها ڕایگه‌یند: لای ئێمە لە میحوەری پێنج و شەش، دوو فەوج لەوێ جێگیر ده‌كرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لەو ھێرش و مووشه‌كانه بکرێت كه له‌وێوه ئاراسته‌ی ھەرێمی کوردستان ده‌كرێن، ئومێدیشمان ئه‌وه‌یه به دانانی ئه‌و دوو فه‌وجه چیتر ھێرش نەکرێتە سەر کوردستان.
ئه‌مه له كاتێكدایه كه پێنجشه‌می ڕابردوو نوێنه‌ری هێزی پێشمه‌رگه له لیوا هاوبه‌شه‌كانی نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه به‌شێوه‌ی مه‌یدانی ئه‌و ناوچه و شوێنانه‌ی بهسهركربووهوه كه بڕیاره به‌مزووانه له سنووری شاری كه‌ركووك و خورماتوو سه‌نگه‌ری هاوبه‌شی نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراقی لێ جێگیر بكرێ.
عه‌مید شوان شه‌مێرانی فه‌رمانده‌ی لیوای 2ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له كاتی سه‌ردانه مه‌یدانییه‌كه ڕایگه‌یاند: بڕیاردراوه 2 لیوای هاوبه‌شی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق له كه‌ركووك و خورماتوو و ناوچه‌كانی تر دروست بكرێ و به‌مزووانه‌ش بڕیاره‌كه ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی ئه‌م سنووره فراوانه‌یه كه ماوه‌یه‌كه چه‌كدارانی داعش جموجۆڵیان تێیدا زیادی كردووه.
عه‌مید شوان شه‌مێرانی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: نه‌ك هه‌ر له كه‌ركووك و خورماتوو، بڕیاردراوه لیوای هاوبه‌ش له سه‌رجه‌م ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و ماده‌ی 140 دروست بكرێت، ئه‌مه‌ش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی و نه‌هێشتنی كاروچالاكییه‌كانی چه‌كدارانی داعش و پاراستن هاووڵاتییان و سه‌قامگیری ئه‌منی ئه‌و ناوچانه‌یه.
جێی باسه دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و نه‌مانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له سنووری شاری كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری و ناوچه كوردستانییه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، كاروچالاكییه‌كانی چه‌كدارانی داعش و تیرۆریستان له‌م ناوچانه زیادی كردووه و ماوه ماوه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی سوپای عێراق گورزی كوشنده‌یان لێ ده‌ده‌ن و هه‌ندێكجار هاووڵاتییانی ناوچه‌كه‌ش ده‌ڕفێنن یان ده‌كه‌نه قوربانی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه له ماوه‌ی ڕابردوودا له‌م ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منییان هه‌یه چه‌ند جارێك مووشه‌ك و فڕۆكه‌ی درۆن ئاراسته‌ی شاری هه‌ولێر و فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێری ناوده‌وڵه‌تی كرابوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.