له هه‌فته‌ی حه‌وته‌می خولی یانه‌كانی ئیسپانیا‌و له ئه‌نجامێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراودا، یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید پاڵه‌وانی وه‌رزی ڕابردووی خوله‌كه دووچاری یه‌كه‌م دۆڕان له‌م وه‌رزه‌ی لالیگا هات و به گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر به یانه‌ی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێسی میوانداری دۆڕا.
دوای تێپه‌ڕبوونی چوار خوله‌ك به‌سه‌ر فیكه‌ی ده‌ستپێكی یاری، به‌رگریكاری ئیسپانی، ڤیكتۆر لاگواردیا سوودی له لێدانێكی كۆرنه‌ر وه‌رگرت و گۆڵێكی بۆ ئالاڤێس به لێدانی سه‌ر تۆماركرد، پاشان یاریزانانی ئه‌تله‌تیكۆ ته‌واوی تواناكانیان بۆ یه‌كسان كردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی یاری خسته‌گه‌ڕو چه‌ندین هێرشیان كرده سه‌ر گۆڵی میوانداره‌كه‌یان، به‌ڵام سه‌رجه‌م هێرشه‌كانی ڕۆخی بلانكۆس بێ ئاكام بوون.
به‌م ئه‌نجامه‌ش ئالاڤێس دوای پێنج دۆڕانی له‌سه‌ریه‌ك، یه‌كه‌م یاری له‌م وه‌رزه‌ی خولی ئیسپانیا برده‌وه‌و یه‌كه‌م سێ خاڵی له خوله‌كه به‌ده‌ستهێنا، ئه‌تله‌تیكۆش به چوارده خاڵ له پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ند مایه‌وه .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.